سەدام حسێن لەگۆڕەكەی دێتە دەرەوە
عێراق لەململانێی‌ مەزهەبییەوە باز دەدات بۆ نەتەوەیی‌

عیراق

05/10/2017‌ 8074 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بۆیەكەمین جار لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا ململانێ لەعێراقدا لەململانێیەكی مەزهەبی نێوان سوننە‌و شیعەوە گۆڕا بۆ ململانێی نێوان عەرەب‌و كورد بەهۆی قەیرانی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانەوە.

"بەپەلە.. ئێوارەی ئەمڕۆ سەدام حسێن سەرۆك كۆماری عێراق وتارێكی نەتەوەیی سەبارەت بە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئاراستەی گەلی عێراق دەكات، بۆیە سەرنجی هەمووانی بۆ رادەكێشین". 

بەم دەستەواژە گاڵتەئامێزە كە خاڵی نییە لە پەیامێكی سیاسی، یەكێك لە پەیجەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی لە "فەیسبووك" ناونیشانی یەكێك لە پۆستەكانی لەگەڵ وێنەیەكی سەدام حسێندا هەڵبژاردبوو وەك كۆمێنتێك لەسەر بڕیاری ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان.

دوای چەند سەعاتێكی كەم لە سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە 25ی مانگی رابردوودا، زمانی ململانێی نەتەوەیی نێوان عەرەب‌و كورد هەڵكشانی بەخۆوە بینی كە ئەوەش یەكەم جارە دیاردەیەكی لەو جۆرە لەوڵاتێكدا بەدیدەكرێت كە بەدرێژایی ساڵانێك ململانێ مەزهەبی‌و ئایینیەكان لەبەریەكیان هەڵوەشاندووە.

ئەو ئەنجامانەی ریفراندۆم كە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان رایانگەیاندووە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن زیاتر لەچوار ملیۆن كورد بەشداریان كردووە‌و رێژەی ئەوانەش كە بە "بەڵێ" دەنگیان داوە گەیشتووەتە 92%، لەكاتێكدا رێژەی دەنگدان بە "نەخێر" 7% بووە، ریفراندۆمەكەش لە كەشێكی گرژی ناوخۆیی‌و هەرێمی‌و نێودەوڵەتیدا بەڕێوەچوو كە زۆربەی دەوڵەتان تەحەفوزیان لەبارەیەوە پیشان دا.

بێگومان دەنگدانەوەی رووداوەكە بەرفراوان بوو، چونكە لە كاتێكدا عێراقییەكان بەدرێژایی چەند مانگی رابردوو سەرقاڵی جەنگی دژ بە رێكخراوی "داعش" بوون، ریفراندۆم لە پلەی یەكەمی لیستی بایەخپێدانەكانیاندا بوو، تەنانەت ئەو شەڕەش كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی حەویجەی باشووری كەركوك بەڕێوەی دەبەن كە هاوكات بوو لەگەڵ ریفراندۆمدا، سەرنجی بۆ خۆی رانەكێشا بەبەراورد بە شەڕەكانی پێشوو لەموسڵ‌و فەلوجە‌و رومادی‌و تكریت.

گۆڕەپانی ململانێ نەتەوەییە نوێیەكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوو بەتایبەتیش "فەیسبووك" كە پڕجەماوەرترین سایتە لە نێو عێراقییەكاندا، پاڵەوانی بێ ركابەری ئەو ململانێیەش سەدام حسێنی سەرۆكی پێشوو بوو، چونكە رژێمی عێراق پێش ساڵی 2003 توندترینی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بوو لە دڵرەقی لەدژی كوردی باكووری وڵات.

تائێستاش تاوانی بۆردومانی شارۆچكەی هەڵەبجەی خۆرهەڵاتی‌ سلێمانی بە چەكی كیمیایی لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا كە بووە هۆی كوژرانی نزیكەی پێنج هەزار هاوڵاتی كورد‌و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ناسراو بە"ئەنفال" لەدژی كورد لەهەمان قۆناغدا، لە مێشكی زۆرێك لەو عێراقییانەدا ماوەتەوە كە لەو سەردەمەدا ژیاون، بەڵام سەیر لەوەدایە ئەوانەی لەم رۆژانەدا ستایشی سەدام حسێن دەكەن لەبەر هەڵوێستەكانی لەبەرامبەر كورد، ئەو هەرزەكارانەن كە لەو سەردەمەدا نەژیاون، بەڵكو زۆربەشیان رژێمی سەدام حسێنیان تاقی نەكردۆتەوە، چونكە لەدوای رووخانی لە ساڵی 2003دا لەدایكبوون.

چەند رۆژێكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شەڕەقسەی توند بەخۆوە دەبینن، چونكە ئەو عێراقییانەی ریفراندۆم رەتدەكەنەوە پەنایان بۆ ئەو وتانەی سەدام حسێنی سەرۆكی پێشوو بردوو كە دژی سیاسییەكانی كوردن ئەویش لەڕێی ئەو گرتە ڤیدیۆییە ئەرشیفیانەی مێژووەكەیان بۆ چەند دەیەیەك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە بەرامبەریشدا كوردانی لایەنگری ریفراندۆدم پەنایان بۆ ئەو وتانە برد بۆ داكۆكیكردن لە هەڵوێستیان لەدژی سەدام حسێن كە بەدرێژایی چەندین ساڵ شەڕی لەدژیان دەكرد‌و بە بیانوویەك لەقەڵەمیان دان بۆ جیابوونەوەیان لە عێراق.

سەبارەت بە دیاردەی ململانێی نەتەوەیی نوێ، ئیرادە جبوری یاریدەدەری راگری كۆلیجی راگەیاندن لە زانكۆی بەغدا دەڵێت: "سەیر لەوەدایە ئەوانەی بەم دواییانە ستایش‌و سەرزەنشتی رژێمی سەدام حسێن دەكەن لەسەردەمی ئەو رژێمەدا نەژیاون، چونكە زۆرینەی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە توێژی ئەو گەنج‌و هەرزەكارانەن كە لەدوای ساڵی 2003 یان چەند ساڵێكی كەم پێش ئەوە لەدایك بوون، هۆكاری ئەوەش مەترسییەكانی ئایدیۆلۆجیا‌و بیروباوەڕی ئایینی پەیوەست بە هەست‌و سۆزەوەیە زیاتر لە بیركردنەوەی لۆجیكیانە".

جبوری لەمیانی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ "نیقاش" وتیشی: "سیاسییەكان یارمەتیدەرن لە وروژاندنی ئەو سۆزە تا هەستێكی نەرێنی بخولًقێنن لەڕێی قۆستنەوەی نەزانییەوە، چەند دەیەیەكە بیرۆكەیەك لە ئارادایە كە بنەماكەی دروستكردنی دوژمنێكی هەمیشەییە بۆ سەرقاڵكردنی هاووڵاتیان لە مەسەلە سەرەكییەكانی وەك دابینكردنی ئاسایش‌و خزمەتگوزاری‌و سنووردانان بۆ گەندەڵی".

جبوری ئاماژەش بۆ ئەو رۆڵە دەكات كە دیاردەی "سوپا ئەلیكترۆنییەكان" دەیگێڕێت كە بەدەیان پەیجی تۆڕی كۆمەڵایەتی بەڕێوەدەبەن لە رێی ئەو شارەزایانەوە كە دەزانن چۆن یاری بەڕای گشتی دەكەن بە بڵاوكردنەوەی وێنە‌و گرتەی ڤیدیۆیی دیاریكراو لە چەند كاتێكی دیاریكراودا، لە چەند رۆژی رابردووشدا تەركیز لەسەر ململانێی نەتەوەیی بوو، بۆیە بینیمان وێنە‌و وتەكانی سەدام بڵاوببوونەوە".

بۆ نموونە پەیجی "خەبرنی" لە "فەیسبووك" گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردووەتەوە كە مێژووەكەی بۆ حەفتاكانی سەدەی رابردوو دەگەرٍێتەوە‌و گفتوۆگۆیەكی سەدام حسێن لەخۆدەگرێت كە خواستی كورد بۆ سەربەخۆیی رەتدەكاتەوە، هاوكات پەیجی "مونبەتیحین" گفتوگۆیەكی دیكەی سەدام حسێنی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بڵاوكردووەتەوە كە تێیدا هێرش دەكاتە سەر سیاسەتمەدارانی كورد، پەیجێكی عێراقی دیكە بەناوی "ئەلمولتەقا لعیراقی لئوسترالی" گرتەیەكی ڤیدیۆیی یەكێك لە سەردانەكانی سەدام حسێنی بۆ هەرێمی كوردستان لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بڵاوكردووەتەوە.

لەبەرامبەریشدا چەند پەیجێكی كوردی لە "فەیسبووك" وێنەی ئاوارەكانی كوردیان بڵاوكردەوە كە مێژووەكەی بۆ نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە كاتێك لە ترسی ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی رژێمی سەدام حسێن بەرێوەی دەبردن بەرەو چیاكان هەڵاتبوون، هەروەها چەندین پۆست بڵاوبوونەوە كە دەڵێن حكومەتی ئێستای عێراق زۆر لە رژێمی سەدام حسێنی سەرۆكی پێشوو جیاواز نییە.

ئەمەش ئەحۆل: ئەحۆل نووسیویەتی، ئەمە چی یە ئەم نە گبەتیە رووی تێ كردوین؟ هێشتا خەمی كاك نەوشیروان لە دڵماندا دەرنەچووە، ئەوە خەمی مام جەلالیشی هاتە سەر، بەخوا مەگەر بە مردنی كاك مەسعود كەمێك سەبوریمان بێت

ئەوەی لەم دیاردە نوێیەدا مایەی سەرنجە ئەو كارلێكە زۆرەیە كە ئەم بڵاوكراوانە بەدەستیانهێناوە لەڕێی هەزاران كۆمێنت كە شەڕەقسەیەكیان تێدایە خاڵی نییە لە جنێوبەیەكتردان لەنێوان لایەنگران‌و بەرهەڵستانی ریفراندۆمدا، ئامرازەكانی ئەم جەنگەش وێنە‌و وتەو بڵاوكراوەكانی سەدام حسێن بوون.

سەرەڕای ئەوەش كە سایتی "تویتەر" جەماوەری كەمترە لەنێو عێراقییەكاندا، بەڵام ئەویش خاڵی نەبوو لەو شەڕەقسەیە، چونكە زۆرێك لە بەكارهێنەرانی ئەو تۆڕە هاشتاگێكیان بە ناوی سەدام حسێنەوە دەستپێكرد بۆ گوزارشتكردن لە رەتكردنەوەی ریفراندۆم، بەڵام تەنیا ناوهێنانی سەدام حسێن شەڕەقسە‌و گوتارێكی كینەئامێز دەكاتەوە كە كۆتایی نایەت.

هەر لەو بارەیەوە سەمیر شێخلی توێژەری كۆمەڵایەتی بە "نیقاش"ی وت: "تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە فاكتەرێك بۆ هێنانەئارای رق‌و كینە لەنێوان عێراقییەكاندا بەهۆی نەزانییانەوە، چونكە ئەو وێنە‌و هەواڵە درۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەبنەوە چاودێری رەسمییان لەسەر نییە، هەروەك هاووڵاتیانیش رۆشنبیرییەكی تەواویان نییە یارمەتیدەریان بێت بۆ ئەوەی لەراستییەكەیان دلًنیاببنەوە، چونكە ئەو كەسانە ئامانجیان راستی نییە، بەڵكو بەدوای هەر شتێكدا دەگەڕێن پشتیوانی بۆچوونەكەیان بكات لە مەسەلە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكاندا".

هەروەها شێخلی وتیشی: "چەند ساڵێك لەمەوبەر ململانێكە مەزهەبی بو‌و، سوننە‌و شیعە یەكتریان تۆمەتبار دەكرد، بەڵام ئەو سەركەوتنانەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەسەر توندڕەواندا بەدەستیانهێنا یارمەتیدەر بوون لە سووككردنی ئەو ململانێیە، تا ململانێیەكی نوێ سەری هەڵدا، بەڵام ئەم جارە نەتەوەیی بوو، ئەویش رەنگدانەوەی واقیعی سیاسییە، چونكە ئەمجارە سیاسییە سوننە‌و شیعەكان یەكگرتوون لەدژی مەسەلەی ریفراندۆم، لە كاتێكدا لە رابردوودا هاوپەیمانییەك لەنێوان سیاسییە شیعە‌و كوردەكاندا هەبوو لەدژی سیاسییە سوننەكان".