وەك ئاگری بن كا بڵاوبووەتەوە
تای تەحەدی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەعێراق داگیردەكات

کوردستان

06/10/2017‌ 1392 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
تای "تەحەدا"كردن لەفەیسبووك لەعێراقدا وەك ئاگری بن كا بڵاوبووەتەوە، چونكە بە تەحەداكردنی سیاسییەكان دەستیپێكردووە، بەڵام پەلی هاویشتووە بۆ بوارەكانی‌ تریش.

كچێكی كەنەدی دەرگای لەبەردەم گەنجانی جیهاندا كردەوە تا بۆ یەك رۆژ ئەوەی لە وڵاتەكانیاندا خەونی پێوەدەبینن بەدەستی بهێنن، ئەویش دوای ئەوەی لەڕێی نامەگۆڕینەوە لەتویتەر تەحەدای جەستن ترۆدۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدای كرد كە قبوڵی بكات هاوبەشی بكات لە پۆستەكەیدا، ئەویش رازی بوو.

دەستپێشخەرییەكەی ئەو كچە گەنجە كەنەدییە بووە ئیلهامبەخشی گەنجانێك لە سەرتاسەری جیهان بەتایبەتی لە عێراقدا بۆئەوەی هەمان هەنگاوی ئەو لە وڵاتێكدا بنێن كە جەنگ لە پەلوپۆی خستووە، بەڵام سوپرایزەكە لەوەدا بوو كە ئەو بابەتە بووە دیاردەیەك‌و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی لە عێراق گرتەوە‌و بەربەستی سیاسەتی تێپەڕاند‌و بایەخی بە بابەتی جیاجیای دیكە بەخشی.

مەسەلەكە لە عێراق بەوە دەستی پێكرد كە گەنجێك بەناوی ئەنمار خالید تەحەدای وەزیری لاوان‌و وەرزشی عێراقی كرد‌و لە كۆمێنتێكدا لە پەیجی رەسمی وەزیر نووسی "تەحەدای بەڕێز عەبدولحسێن عەبتان وەزیری لاوان‌و وەرزش دەكەم كە هاوبەشم بكات لە نووسینگەكەیدا بۆ ماوەی یەك هەفتە، چونكە یەكێك لە ئامانجەكانم ئەوەیە رۆژێك لە رۆژان ببمە وەزیری لاوان‌و وەرزش" هاوكات وەزیریش وەڵامی دایەوە‌و تەحەداكەی قبوڵ كرد.

ئەم بابەتە هانی كەسانی دیكەشی دا بۆ ئەوەی تەحەدای سیاسییە عێراقییەكان بكەن‌و لەو رووەوە محەمەد فالح حەسەن تەحەدای ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراقی كرد كە بۆ ماوەی یەك رۆژ "كورسی" وەزارەت بەڕێوەببات كە وەزیریش لەوەڵامدا قبوڵی كرد.

ئەم دیاردەیە گەنجانی عێراقی هاندا بۆ ئەوەی سەرنج بۆ لای  گرنگی گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتیان رابكێشن ئەویش دوای ئەوەی حزبە سیاسییەكانی عێراق بە مەبەست توانای گەنجانیان فەرامۆش كرد‌و بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت‌و حكومەتیان لە بەتەمەنەكان‌و پیرەمێردی حزبەكانیاندا چڕكردەوە.

حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراقیش تەحەدای گەنجێكی قبوڵ كرد كە داوایكردبوو بۆ ماوەی هەفتەیەك ببێتە وەزیر‌و هاوبەشی بكات لە نووسنگەی وەزارەت‌و هانی ئەو هەنگاوەشی دا‌و وتی: "لاوانی عێراق سەركردەی ئایندەن‌و ئەوانەیان ئاواتیان هەیە دەتوانن دەستكەوتی گەورە بەدەستبهێنن".

بەپێچەوانەی ئەوەی لەو شەپۆلی تەحەداكردنە پێشبینی دەكرێت كە لە ریزی پێشەوەی لیستی بایەخپێدانی عێراقییەكاندا هات لەم هەفتەیەی دواییدا، قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق پێشنیارێكی تەحەداكردنی رەتكردەوە‌و راگەیەندراوێكی رەسمی دەركرد‌و تێیدا دووپاتی كردەوە كە لەوەزارەتدا كاری خۆبەخشی نییە.

ئەوەش عێراقییەكانی توڕەكرد‌و دووپاتیان كردەوە كە وەزیر بەرگەی ئەوە ناگرێت بۆ یەك سەعاتیش دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا، هاوكات هەندێك كەسی دیكە پێیانوابوو ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی بەرپرسیارێتی ئەمنییە لەبەر هەستیاری وەزارەتەكە.

دیاردەی تەحەداكردن تەنیا سیاسییەكانی نەگرتووەتەوە، بەڵكو بەمدواییانە بووەتە مۆدەی فەیسبووك لە بوارە هونەری‌و میدیاییە جیاجیاكاندا.

پێشكەشكارانی تەلەفزیۆنیش لەم دیاردەیە بەدەر نەبوون، بەشیر شۆ كە بەرنامەیەكی عێراقی تەنزئامێزە چاوەڕواندەكرێت بە روخسارێكی دیكەوە دەربكەوێت ئەویش دوای ئەوەی گەنجێكی عێراقی تەحەدای ئەحمەد بەشیری پێشكەشكاری كرد كە لەبری ئەو ئەڵقەیەكی تەواو پێشكەش بكات پێشكەشكارەكەش رازیبووە.

گەنجێكی عێراقی دیكە نووسیویەتی "دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا تەحەداكردنی قبوڵكرد‌و چەندین سیاسی عێراق تەحەداكردنیان قبوڵكرد، منیش هەمان هەنگاو دەنێم‌و تەحەدای (كەناڵی تەلەفزیۆنی شەرقیە‌و بەتایبەتیش سەعد بەزازی بەڕێوەبەری)دەكەم كە قبوڵم بكات بۆ كاركردن لەكارمەندانی كەناڵەكەدا، بەوپێیەی دەرچووی بەكالۆریۆسم‌و مرۆڤێكم خواستم هەیە‌و تائێستا لەهیچ لایەنێكەوە پێزانین‌و پشتیوانی نەكراوم".

هەروەها گەنجەكە لە بڵاوكراوەیەكەیدا لە فەیسبووك نووسیویەتی: "ئەمەش دەرفەتێكە بۆئەوەی شەرەفی كاركردنم لەنێو كادرە بەڕێزەكانتان‌و هەر شتێك پەیوەندی بە راگەیاندنەوە هەبێت، پێبدرێت".

چێشتخانە عێراقییەكانیش پشكی هەرە گەورەیان لەم شەپۆلە هەبووە، چونكە بەدەیان عێراقی تەحەدای چێشتخانە پڕجەماوەرەكانی بەغدای پایتەختی عێراقیان كردووە‌و داوای ژەمەخواردنی خۆڕاییان كردووە بۆ ماوەی سێ رۆژ.

لەبەرامبەردا چێشتخانەكان رازیبوون بەو تەحداكردنانە‌و تەنانەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش وەك جۆرێك لەریكلام وێنەی ئەو تەحەداكردنانەیان بڵاوكردووەتەوە.

ئەو بایەخە زۆرەی ئەم دیاردە گەرموگوڕەی فەیسبووك، دەرگای بۆ زۆر كەس كردووەتەوە تا لەڕووی ریكلامەوە بیقۆزنەوە، چونكە چەندین پەیج لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستیانكردووە بەبانگەشەكردن بۆ ئەم بابەتە.

لەلایەن خۆشیانەوە هۆتێلەكان تەحەداكردنیان قبوڵكردووە‌و خزمەتگوزارییەكانیان بۆ تەحەداكردنی نوێی دیكە خستووەتەڕوو، ئەمە جگە لە بەخشینی تایبەتمەندی نوێ بەو براوانەی بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دەستنیشان دەكرێن لە نێو ئەو كەسانەی كۆمێنت لەسەر ئەو پۆستانە دەنووسن كە لەپەیجی رەسمی هۆتێلەكەدا بڵاودەكرێتەوە‌و بەهەزاران كۆمێنت‌و لایك‌و تەنانەت شێریش بەدەستدەهێنێت، بەوپێیەش مەسەلەكە وەك بابەتێكی ریكلامی لێهاتووە كە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەنێو هەزاران كەسدا ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت.

تەحەداكردن بەردەوام لە بڵاوبوونەوەدا بوو لە دەرگای هەموو عێراقییەكانی دا تا گەیشتە كۆمپانیا عێراقییەكانی تایبەت بە گەشتوگوزار، چونكە بە سەدان گەنج تەحەدای ئەو كۆمپانیایانەیان كردووە كە بەخۆڕایی سەفەری دەرەوەی عێراقیان پێ بكەن، ئەمەش لەلایەن كۆمپانیاكانەوە پێشوازییەكی گەورەی لێكرا ‌و تەنانەت ئێستا كۆمپانیاكان تەحەدا دەكەن‌و هەلی گەشتكردن بۆ دەرەوەی عێراق دەخەنەبەردەم براوەیەك لە "تەحەدایەك"دا كە خۆیان دایدەهێنن.

كۆمپانیای بانیاس بۆ گەشتوگوزار كە كار بۆ دابینكردنی سەفەری گەشتیاری دەكات لە پەیجی خۆی لەفەیسبووك نووسیویەتی: "گۆمپانیا چەند خەڵاتێك رادەگەیەنێت كە 10 گەشت لەخۆدەگرن بۆ 10 كەسی تەحەداكەر، تكایە زانیارییە داواكراوەكان تەنیا بە ئیمەیلی ئەلیكترۆنی بنێرن".

روونیشی كردووەتەوە كە تەحەداكە لەوەدایە كە تەحەداكەر دەبێتە بەرپرسی بەڕێوەبردن‌و رێكخستنی گەشتەكە‌و سەفەركردن لەگەڵ گرووپێكی گەشتیاری بۆ یەكێك لەو شوێنانەی لەلایەن كۆمپانیاكەوە هەڵبژێردراون، لەوبارەیەشەوە كۆمپانیاكە دەڵێت: "ئەم تەحەدایە لەسەر بنەمای سكاڵا پێشكەشكراوەكان لەلایەن گەشتیارانەوە بنیات نراوە‌و بەو پێیەش كۆمپانیاكە دەیەوێت بیسەلمێنێت ئەو ئەركەی خراوەتە ئەستۆی چەند قورسە".

ئەم تەحەداكردنە بەپیرەوەچوونێكی زۆری لەلایەن لاوانەوە هەیە، بۆیە یەكێكیان نووسیویەتی "تەحەدای كۆمپانیاكە دەكەم كە بەیاوەری مێردەكەم سەفەرم پێبكات بۆ توركیا‌و ئازەربایجان یاخود میسر"، لە كاتێكدا یەكێكی دیكە نووسیویەتی "تەحەدای كۆمپانیاكە دەكەم كە سەفەرێك بۆ خۆم‌و كچە هاوڕێكەم رێكبخات" هەروەها چەند كۆمێنتێكی دیكە.

دوكانەكانی خشڵیش پشكیان لە تەحەداكردن هەبوو، چونكە هەندێكیان داشكاندنیان بەڕێژەی 30%ی هەقدەست راگەیاندووە بۆ ئەوانەی لەماوەی تەحەداكەدا لە خشڵە پیشاندراوەكانیان بكڕێت، هاوكات چەند دوكانێكی دیكە تەحەدای كڕیارەكانیان كردووە لەسەر جوانترین پارچە كە لە هەمان دوكان كردرابێت‌و دیاری زێڕیشیان بۆ تەرخانكردوون.

"زێڕینگەر‌و خشڵی غەنی" تەحەدای كڕیارەكانی كردووە لەڕێی پەیجەكەی خۆیەوە لە فەیسبووك وێنەی جوانترین پارچە زێڕ بڵاوبكەنەوە كە لە دوكانەكە كڕدرابێت، بۆ براوەی ئەوەش خەڵاتێكی زێڕینی دابینكردووە كە وێنەی پارچە زێڕەكەی زۆرترین كۆمێنت‌و لایك بەدەست بهێنێت.

دیاردەكە لەو شەپۆلە تەنزئامێز‌و كۆمیدییە رزگاری نەبووە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەدژی بەرپاكراوە، چونكە چەند گەنجێكی عێراقی دەستیان كردووە بە نووسینی تەحەداكردنی بەشێوەیەكی زیادەڕەوانە، هەیانە پۆستێكی نووسیوە كە تێیدا تەحەدای حكومەتی عێراق دەكات كە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق‌و چەند وەزارەتێكی گەورەی دیكە دایبمەزرێنێت كە ئەمەش بەڵگەیە بۆ زۆری كەمتەرخەمی  لەنێو عێراقییەكاندا.

چەند كچێكی دیكەش تەحەدای سەنتەرەكانی جوانكارییان كردووە (ساڵۆنەكان)، لەنێوان ئەمانە‌و ئەوانەشدا كەسانێكی دیكە تەحەدایان كردووە بۆ ئامادەكردنی ژەمەخواردنی میللی "قیمە" كە لەمانگە ئایینیەكاندا لە عێراق زۆرە.

تەنانەت پەیجەكانی تایبەتیش بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان بەبێدەنگی دانەنیشتوون‌و چاودێریان كردووە‌و ئەوانیش دەستیان كردووە بە خستنەڕووی بەرهەمەكانیان‌و كردنەوەی تەحەداكردن بۆ بەدەستهێنانیان.