یاریزانێك لەكێشی‌ قورس.. بەرهەم ساڵح دەیەوێت گۆمی‌ سیاسی‌ كوردستان بشڵەقێنێت

کوردستان

06/10/2017‌ 10288 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
هێشتا پەتای‌ ریفراندۆم لەكوردستان هێورنەبووەتەوە، كە بابەتێكی‌ دیكە بەگەرموگوڕی‌ خۆی‌ خزاندە ناو باسەكانی‌ رۆژ، ئینجا نۆرەی‌ هەڵبژاردنەكانە، كە ئەمجارە یاریزانی‌ نوێی‌ تێدا دەردەكەوێت.

شەوی‌ دووشەممەی‌ رابردوو (2ی‌ ئۆكتۆبەر) بەرهەم ساڵح لەرێی‌ پەیامێكی‌ ڤیدیۆییەوە لیستێكی‌ نوێی‌ بۆ هەڵبژاردنەكانی‌ داهاتووی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان راگەیاند بەناوی‌ "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری"، ئەم هەنگاوەش رەنگە كەم تا زۆر گۆمی‌ مەنگی‌ سیاسی‌ كوردستان بشڵەقێنێت.

بەرهەم ساڵح ئەگەرچی‌ لەكوردستان دۆست‌و نەیاری‌ زۆرن، بەڵام هەردوو بەرەكە شایەدی‌ ئەوەی‌ بۆ دەدەن كەم سیاسەتمەدار هەبووە بەوێنەی‌ ئەو بتوانێت لەسەر ئاستی‌ جەماوەری‌‌و لەنێو حیزب‌و حكومەتیشدا یاریزانێكی‌ كاراو دیار بێت.

ئەو لەناو یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، كە یەكێكە لەحیزبە هەرە دیارەكان، ساڵانێكی‌ دوورو درێژە جێگری‌ جەلال تاڵەبانییە، تەنانەت دۆستەكانی‌ دەڵێن لەپاش تاڵەبانییەوە هیچ كەسێك نییە لەناو كورددا هێندەی‌ بەرهەم ساڵح تۆڕێكی‌ بەرفراوانی‌ پەیوەندی‌ دیبلۆماسی‌ عێراقی‌‌و جیهانی‌ هەبێت.

لەسەر ئاستی‌ حوكمڕانیش بۆ ماوەی‌ پێنج ساڵ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بووە، سێ‌ ساڵیان لەناوچەی‌ فەرمانڕەوایی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و دوو ساڵی‌ دیكەش لەحكومەتی‌ یەكگرتووی‌ كوردستان، لەبەغداش گەیشتووەتە بەرزترین ئەو پلانەی‌ بەكورد بڕاوە، سەردەمێكی‌ جێگری‌ نوری‌ مالیكی‌ سەرەك وەزیران‌و سەردەمێكی‌ دیكەش وەزیری‌ پلان دانان بووە.

پێدەچێت بەرهەم ساڵح باش لەهاوكێشەكان گەیشتبێت، چونكە لەكاتێكدا ئەو كارتە فڕێ‌ دەدات كە دەزانێ‌ لەزۆنەكەی‌ ئەو (زۆنی‌ سلێمانی‌) هیچ سەركردەیەكی‌ زۆر دیارو كاریگەر نەماوە، بەتایبەتی‌ كە جەلال تاڵەبانی‌ سەرەك كۆماری‌ پێشوو نەوشیروان مستەفای‌ رێكخەری‌ گۆڕانیش كۆچی‌ دواییان كردووەو بەوەش بۆشاییەكی‌ گەورەیان لەو زۆنەدا جێهێشتووە.

بەرهەم ساڵح، كە هەمیشە خۆی‌ وەك خوێندكاری‌ تاڵەبانی‌ دەناسێنێت، لەوە دەچێت ئێستا بیەوێت لەدەرەوەی‌ حیزبەكەی‌ شوێنی‌ تاڵەبانی‌ بگرێتەوە، بەڵام نەیارەكانی‌ دەڵێن دەستی‌ داوەتە بەردێكی‌ قورس كە ئاسان ناهاویژرێت، چونكە ساڵح نە هێندەی‌ تاڵەبانی‌ لەهاوكێشەكان گەیشتووە، نە بەقەد ئەویش بوێری‌ بڕیاردانی‌ هەیە.

هەرچۆنێك بێت لەناو ئەم گێرمەو كێشەو خوێندنەوە جیاوازانەدا، بەرهەم ساڵح بەپەیامەكەی‌ ئەوەی‌ لەژێر بەڕڕە بوو هێنایە سەر بەڕڕەو ئەوەی‌ یەكلایی‌ كردەوە كە لیستی‌ دەبێت بۆ هەڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان كە بڕیارە رۆژی‌ 1ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.

ئەوەی‌ لەڤیدیۆكەیدا وتی‌ پێدەچێت تەنیا لیستێك نەبێت، بەڵكو هاوپەیمانێتییەك بێت كە بیەوێت هەموو هێزەكانی‌ دەرەوەی‌ پارتی‌ دیموكرات‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ لەسایەیدا كۆببێتەوە، یەكەم هەنگاویشی‌ دیسان بەرەو رووی‌ ئەو دوو هێزەیە، چونكە بەروونی‌ وتی‌ دەیەوێت سیستەمی‌ حوكمڕانی‌ بگۆڕێت.

چەند هەفتەیەكە بەرهەم ساڵح وەك ئامادەكارییەك بۆ لیستەكەی‌ دەستی‌ لەپۆستی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان كێشاوەتەوە، سلێمان عەبدوڵا یونس بەرپرسی پەیوەندییەكان‌و ڕێگەپێدراوی‌ قەوارەكەی‌ بەرهەم ساڵح بە"نیقاش"ی‌ وت "دەمانەوێت كەس‌و لایەنە سیاسییەكان لەژێر چەترێكدا كۆبكەینەوە".

وتیشی‌ "بەرهەم ساڵح لەدوای‌ هاتنە دەرەوەی‌ لەیەكێتی‌ دەستی‌ بەدوو قۆناغ كردووە، كە قۆناغێكی‌ بۆ ئەگەری‌ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنە لەهەرێمی‌ كوردستان‌و قۆناغی‌ دووەمیش بۆ ئەگەری‌ ئەنجامنەدانی‌ هەڵبژاردنە".

لەبارەی‌ ئەگەری‌ یەكەمەوە دەڵێت "دەست بەگفتوگۆیەكی‌ چڕكراوە، بۆ ئەوەی‌ چەند حیزب‌و لایەن‌و كەسایەتییەك لەدەوری‌ هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری‌ كۆبكرێنەوە، تا وەك لیستێكی‌ گەورە بەشداری‌ هەڵبژاردنەكانی‌ داهاتوو بكەن".

سلێمانی‌ عەبدوڵڵا یونس باسی‌ قۆناغی‌ دووەمی‌ كاركردنی‌ بەرهەم ساڵحیشی‌ كرد، ئەوەش بۆ ئەگەری‌ ئەنجامنەدانی‌ هەڵبژاردن‌و ئاشكرایكرد، كە ئەگەر هاتوو هەڵبژاردن نەكرێت، ئەوە لەكاری‌ رێكخراوەیی خۆیان بەردەوامدەبن، بەو مانایەی‌ ئەگەر هەڵبژاردنیش نەكرێت حیزبێكی‌ سیاسی‌ دروست دەكات.

گفتوگۆ لەگەڵ كەسایەتی‌‌و لایەنەكان
بەپێی‌ ئەو زانیارییانەی‌ لەچەند سەرچاوەیەكی‌ ئاگادارو نزیك لەبەرهەم ساڵح دەست "نیقاش" كەوتوون، ناوبراو راستەوخۆ كەوتووە گفتوگۆ لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی‌ دیاری‌ عیلمانی‌‌و ئیسلامی‌ لەكوردستان‌و هەندێك لەوانەش رازی‌ بوون كاری‌ لەگەڵ بكەن، لەنموونەی‌ محەمەد رەئوف ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌، ئارام قادر كە ئەویش پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی بووە.

لەو بارەوە محەمەد رەئوف زانیارییەكانی‌ بۆ "نیقاش" پشتراستكردەوەو وتی‌ "چەند گفتوگۆیەك كراوەو گفتوگۆكانیش بەردەوامی‌ هەیە بۆ دروستكردنی‌ هاوپەیمانییەكی‌ گەورەیە".

محەمەد رەئوف وتیشی‌ "لەڕووی‌ سیاسی‌‌و ئابووری‌‌و چاكسازی‌‌و دادپەروەری‌ كۆمەڵایەتی‌ كاردەكەین، نەك تەنیا كاركردن بۆ دروستكردنی‌ حیزب، یان لیستێكی‌ دیاریكراو".

لەوەش بترازێت، بەرهەم ساڵح دەیەوێت بزوتنەوەی‌ گۆڕان‌و یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بەوە رازی‌ بكات پێكەوە لەیەك هاوپەیمانێتدا كاربكەن، بۆ ئەوەش گفتوگۆی‌ لەگەڵ هەرسێ‌ لایەنەكە كردووە، ئەمە جگە لەوەی‌ پارتی‌ كرێكارانیش كە لەكوردستان هەندێ‌ جموجۆڵیان هەیە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە بەئامانج گیراون.

شەماڵ عەبدولوەفا هەڵسوڕاوی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان زانیارییەكانی‌ بۆ "نیقاش" پشتراستكردەوەو وتی‌ "نیازی‌ هاوپەیمانێتی‌ هەیەو گفتوگۆ كراوەو بەردەوامیشی‌ هەیە".

شەمال عەبدولوەفا، كە كەسێكی‌ نێوانگیرە، لەنێوان بەرهەم ساڵح‌و بزووتنەوەی‌ گۆڕان راشیگەیاند، "هەنگاوی‌ باش نراوەو لێكتێگەیشتنی‌ باشیش هەیە"، بەڵام ئامادەنەبوو وردەكاری‌ زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.

لەدەرەوەی‌ حیزبەكانیش بەرهەم ساڵح لەگەڵ چەند هەڵسوڕاوێكی‌ رێكخراوەكانی‌ كۆمەڵی‌ مەدەنی‌ كەوتووەتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی‌ تۆڕەكەی‌ فراوان بكات.

خانم رەحیم، كە چالاكوانێكی‌ بواری‌ ژنانەو سەرۆكی‌ رێكخراوێكەو بڕیاریداوە لەگەڵ بەرهەم ساڵح كاربكات بە"نیقاش"ی‌ وت "كۆمەلێك كۆبوونەوەی فراوانمان لەشارو شارۆچكەكان كردووە بۆ ئەوەی كۆدەنگی دروستبكەین لەسەر بڕیاردان لەپشتیوانی ئەو لیست‌و لایەنانە".

گرەو لەسەر نەخشەی‌ سیاسی‌ هەرێم
نەخشەی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئێستا دابەشبووە بەسەر پێنج حیزبی‌ سەرەكی‌ "پارتی‌ دیموكرات، یەكێتی‌ نیشتمانی‌، گۆڕان‌و یەكگرتوو كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌" كە زۆرینەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانیان بەدەستەوەیە.

لەپەیامە ڤیدیۆییەكەیدا بەرهەم ساڵح وتی‌ مەبەستێكی‌ سەرەكییان تێكۆشانە بۆ چەسپاندنی "حكم الرشید"و دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەڕێگەی هەڵبژاردنی پاكو بێگەردەوە.

كەسە نزیكەكانی‌، بەرهەم ساڵح بۆ "نیقاش" ئاشكرایان كرد كە دەیەوێت بەپێكهێنانی‌ بەرەیەكی‌ فراوان‌و هاوپەیمانییەكەی‌ لەبەرانبەر پارتی‌ دیموكرات‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ هاوكێشەی‌ سیاسی‌ بگۆڕت، لەو رێگەیەشەوە زۆرینەیەكی‌ پەرلەمانی‌ دروستبكات‌و بتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست، بەو مەبەستەش پەیامەكەی‌ لەهەولێرەوە راگەیاندووە.

سلێمان عەبدوڵڵا یونس هەرچەندە رەتیدەكاتەوە، ئەوان بۆ دژایەتی‌ هیچ حیزبێكی‌ دیاریكراو كاربكەن، بەڵام نایشارێتەوە لەئێستا كار بۆ ئەوە دەكەن، بەپێكهێنانی‌ بەرەیەكی‌ فراوان دەسەڵاتی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەتەواوی‌ بگرنە دەست.

ئەزموونی‌ دروستكردنی‌ هاوپەیمانی‌ فراوان، بەتایبەتی‌ لەپێش هەڵبژكردن لەكوردستان، جگە لەئەزموونەكانی‌ پارتی‌‌و یەكێتی‌ هیچ ئەزموونێكی‌ تر نییە، یان ئەگەر هەشبێت سەركەوتوو نەبووەو بۆ ماوەیەكی‌ درێژ بەردەوام نەبووە، نازانرێ‌ ئاخۆ بەرهەم ساڵح ئەمەی‌ پێدەكرێت، بەتایبەتی‌ كە هێشتا حیزبەكان وەڵامێكی‌ یەكلاكەرەوەیان نەداوەتەوە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، لەو بارەوە بۆ "نیقاش" وتی‌ "ئەو هەنگاوەی‌ دەستپێكراوە هەنگاوێكی‌ باشە بۆ گۆڕانكاری‌ لەنەخشەی‌ سیاسی‌ هەرێم، وەك یەكگرتوو لەو بارەوە گفتوگۆمان كردووەو گفتوگۆكانیش بەردەوامی‌ هەیە، ئەنجامەكانیشی‌ ماوەتە سەر ئەوەی‌ هەڵبژاردن دەكرێت یان نا".

هاوكات عەدنان عوسمان، هەڵسوڕاوی‌ دیاری‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان دەڵێت "دەرگامان بەرووی‌ هیچ لایەنێكدا دانەخستووە بۆ دروستكردنی‌ هاوپەیمانێتی‌ پێش هەڵبژاردن‌و دوای‌ هەڵبژاردنیش، لەو پێناوەدا دەبێت كار بكرێت‌و هاوكاری‌ ئەو هەنگاوەش بكرێت، بۆ ئەوەی‌ هاوپەیمانییەكی‌ گەورە دروستبكرێت، تا لەبەرانبەر پارتی‌ بوەستێتەوەو دەسەڵاتی‌ لێوەربگرێت".

ئەو چاودێرانەی‌ گەشبینن بەوەی‌ بەرهەم ساڵح گۆڕانكاریی‌ پێبكرێت، گەشبینییەكەیان لەوەوە سەرچاوەی‌ گرتووە كە "ئەزموونێكی‌ جیاواز"ی‌ خستووەتە روو.

كەمال رەئوف نووسەرو رۆژنامەنووس، كە لەنزیكەوە ئاگاداری‌ جموجۆڵی‌ هاوپەیمانێتیەكەی‌ بەرهەم ساڵحە بە"نیقاش"ی‌ وت "هەرێمی‌ كوردستان جگە لەگۆڕانكاری‌ لەنەخشەی‌ سیاسییەكەی‌ توانای‌ دەربازبوونی‌ لەم دۆخەی‌ ئێستای‌ نییە‌و ئەم بارودۆخە چەقبەستووە پڕ لەكێشەیە چارەسەرەكەی‌ بەتاكە حیزبێك ناكرێت‌و هاوپەیمانێتی‌ دەوێت".

پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم.. هەنگاوە قورسەكە
گەورەترین رەخنە كە نەیارەكانی‌ بەرهەم ساڵح لێی‌ دەگرن ئەوەیە كە لەرووی‌ سیاسییەوە كاراكتەرێكی‌ بوێر نییەو لەزۆربەی‌ كێشەكاندا بۆ خۆدەربازكردن ناوەڕاست هەڵدەبژێرێت، بەڵام نازانرێت ئاخۆ ئەمجارە خۆی‌ لەقەرەی‌ پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم دەدات كە بڕیارە بەهەمان شێوە لەمانگی‌ تشرینی‌ دووەمدا هەڵبژاردنی‌ بۆ بكرێت؟
 
هەندێ‌ سەرچاوە دەیانوت رەنگە بەرهەم ساڵح‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕان كاندیدی‌ هاوبەشیان هەبێت، بەڵام ئەمەشیان ئەگەرێكە زۆر رێی‌ تێناچێت، چونكە ئێستا گۆڕان بەجیا كاندیدی‌ خۆی‌ بۆ ئەو پۆستە هەیە.

زمناكۆ جەلال رێكخەری‌ ژووری‌ هەڵبژاردنەكانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان بۆ "نیقاش" ئاشكرایكرد لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆ كراوە، بۆ ئەوەی‌ كەسێكی‌ بەهێز دیاریبكەن وەك كاندید بۆ پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم، بۆ ئەوەی‌ بتوانێت ركابەری‌ كاندیدەكانی‌ تر بكات.

لەدوای‌ بڵاوبوونەوەی‌ پەیامەكەی‌ بەرهەم ساڵحیشەوە، دیسانەوە مقۆمقۆی‌ ئەوە گەرم بووەتەوە، ئایا بەرهەم ساڵح هەنگاو بەئاراستەی‌ پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم دەنێت، بەڵام نە خۆی‌‌و نە كەسە نزیكەكانی‌ وەڵامەكەیان نەخستووەتە روو.

ئەوانەی‌ گەشبینن بەهەنگاوەكەی‌ بەرهەم ساڵح پێیان وایە كاری‌ باشی‌ پێدەكرێت، یەك لەوانە لەتیف فاتیح فەرەج، نوسەرو چاودێری‌ سیاسییە كە بە"نیقاش"ی‌ وت "بەرهەم ساڵح چەند ئەزموونێكی‌ كاری‌ لەناو هەرێمی‌ كوردستان‌و لەدەرەوەی‌ هەرێمیش هەیە، كە ئەگەر سەیری‌ ئەزموونەكانی‌ بكرێت، بەدڵنیایی بەشێكی‌ زۆر لەكارەكانی‌ سەركەوتوو بووە، بەتایبەتی‌ لەبواری‌ ئیدارەدان، بەڵام مەرجی‌ سەرەكی‌ بۆ سەركەوتنی‌ لەم كارە نوێیەی‌ ئەوەیە، ئیش لەسەر هەولێرو دهۆك بكات‌و تەنیا بەسلێمانییەوە نەوەستێ‌.

لەبەرانبەردا ئەوانەشی‌ بڕوایان بەم هەنگاوەی‌ نییە، باس لەوە دەكەن بەرهەم ساڵح لەژێر عەباكەی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستاندا گەورە بووەو ساڵانێكیش كەسێكی‌ قسە رۆیشتوو بووەو پشكی‌ گەورەی‌ لەناڕێكییەكاندا بەردەكەوێ‌، بۆیە ئێستاش ناتوانێ‌ كارێكی‌ جیاواز بكات.