داوا دەكرێت كێشەكان چارەسەر بكرێن
پرسەكەی تاڵەبانی دوای دوو ساڵ بارزانی‌و گۆڕانی لە سلێمانی كۆكردەوە

کوردستان

07/10/2017‌ 5036 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شاپرێس:
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ جارێكی تر بارزانی دەستیخستە ناو دەستی بەرپرسانی گۆڕان ئەوەش لە پرسەكەی تاڵەبانی روویدا.

 

لەدوای مانگی 10ی ساڵی 2015 پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان گەیشتە خراپترین ئاست كە بە رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان‌و ناردنەوەی وەزیرەكانی ئەو حزبە كۆتایی پێهات.

 

ئەمڕۆ دوای دوو ساڵ‌و لە پرسەی جەلال تاڵەبانی لەشاری سلێمانی مەسعود بارزانی لەكاتی چوونی بۆ پرسەكە تەوقە لەگەڵ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاو عومەری سەید عەلی‌و بەرپرسانی تری گۆڕان كرد.

 

ئەوانەی لەم پرسەیەدا بوون بە گرنگییەوە لەم تەوقەكردنەی بارزانی‌و بەرپرسانی گۆڕانیان دەڕوانی‌و داوا دەكەن كە ئەم تەوقەكردنە بكرێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و دروستكردنی یەكڕیزی نێوان لایەنەكان بەتایبەت پارتی‌و گۆڕان.

 

هاوڵاتیانی  كوردستانیش دەڵێن پێویستە ئەم پرسەو بۆنە كۆمەڵایەتیانە بكرێنە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەناوخۆییەكان‌و داواش لە بارزانی دەكەن دەستپێشخەری بكات بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ لایەنەكاندا.

 

كەریم حەسەن هاوڵاتییەكی شاری سلێمانی لەپرسەكەی تاڵەبانیداو لەكاتی بینینی تەوقەكردنی بارزانی لەگەڵ رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ شارپرێس وتی" زۆر خۆشحاڵ بووم كاتێك بینیم پرسەكەی مامی گەورە بووە هۆی تەوقەكردنی دوو سەركردە كە دوو ساڵە ناكۆكن".

 

ئەو هاوڵاتییە ئاماژە بەوەش دەكات كە پێویستە كۆچی دوایی تاڵەبانی بكرێتە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان.

 

جەبار سەمەد كە هاوڵاتییەكی شاری هەولێرەو بۆ پرسەی تاڵەبانی سەردانی سلێمانی كردوە خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت بەوەی بارزانی چووەتە لای بەرپرسانی گۆڕان‌و تەوقەی لەگەڵ كردون.

 

ئەو هاوڵاتییە داواش لە بارزانی دەكات دەستپێشخەری بكات بۆ ئاشتكردنەوەی لایەنەكان‌و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵیاندا.

 

لەرۆژی گەڕانەوەی پرسەی تاڵەبانی لەفڕۆكەخانەی سلێمانی لەدوای دوو ساڵ یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ جعفەر ئیمنكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان تاجە گوڵینەیان لەسەر تارمی تاڵەبانی دانا، ئەوەش گرنگترین دیمەنی سیاسی بوو كە لەو پرسەیە بینرا.

هەر لەسەر پرسی یەكریزی لایەنەكان‌و مەحمود عوسمان سیاسەتمەدار‌و كەسێكی نزیك لە بارزانی بەشارپرێسی راگەیاند" پێویستە كۆچی دوایی مام جەلال بكرێتە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم‌و لەعەینی وەقتیشدا ببێتە هۆی ئاشتبوونەوەی لایەنەكان".

 

ئەو سیاسەتمەدارە هیواخوازە ئەم پرسەی تاڵەبانی ببێتە هۆی ئەوەی گرژییەكان لەنێوان پارتی‌و گۆڕان نەهێڵێت، پێشیوایە كاری پەسند ئەوەیە پرسەكان بقۆزرێنەوە بۆ گفتوگۆكردن‌و دانیشتن بەیەكەوە.

 

تاكو ئێستا چەندین جار داوا لەمەسعود بارزانی كراوە كە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان بكات‌و كۆتایی بە ناكۆكی‌و دووركەوتنەوەی ئەو دوو لایەنە بهێنێت، بەڵام تاكو ئێستا بارزانی ئەو پێشنیارو داواكاریانەی قبوڵ نەكردوە.

 

هەروەها لەكاتی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاش داوا لە بارزانی بكات كە بۆ پرسەكەی بچێتە لای بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام ئەو داواكارییەی رەتكردەوە.

 

لەلایەكی ترەوە عیرفان عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی بە شارپرێسی راگەیاند" پێویستە كۆچی دوایی مام جەلال بكرێتە هۆی ئاشتبوونەوەی سەرجەم لایەنەكان‌و چارەسەركردنی كێشەكان".

 

رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەر تاڵەبانی بمایە كێشەكانی هەرێم چارەسەر دەكران‌و لایەنەكانیشی بەیەكەوە دادەنیشاند، بۆیە داوا دەكات سود لەم پرسە وەربگیرێت بۆ رەواندنەوەی ناكۆكییەكانی ناوخۆی هەرێم.

 

لەمانگی 10ی ساڵی 2015وە تەنیا دوو كۆبوونەوە لەنێوان پارتی‌و گۆڕاندا كراون، بەڵام بەهۆی سووربوونی هەردوولا لەسەر هەڵوێستەكانیان نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك.

 

هەروەها كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو لایەنە سیاسیەی هەرێم كۆتایی پێ بهێنێت.

س.هـ