120 ساڵ تەمەن.. بەتەمەنترین ژنی‌ عێراق لەكوردستان دەژی‌

کوردستان

14/10/2017‌ 2702 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
تەمەن ئەوەندە بواری‌ داوە، هیچ هاوڕێیەكی‌ لەژیاندا نەماوە، سەرەڕای‌ تێپەڕاندنی‌ زیاتر لەسەدەیەك، بەڵام بەتەندروستی‌و بیرێكی‌ باشەوە رۆژانەی‌ بەڕێدەكات.

سەلما عەبدولقادر، ناوی‌ ئەو ژنە كوردەیە كە تەمەنی‌ گەیشتووەتە 120 ساڵ‌و بەو هۆیەوە بووەتە بەتەمەنترین كەس لەعێراقدا، تەمەنەكەی‌ ئەوەندە باوەڕ پێنەكراوە، كە حكومەت لەبەڵگەنامە رەسمییەكاندا باوەڕی‌ بەوە نەبووە لەژیاندا مابێت‌و بەشە خۆراكی‌ مانگانەی‌ بڕیوە.

هەرچەندە هیچ ئامارێكی‌ فەرمی‌ سەرتاسەری‌ لەعێراقدا رانەگەیەندراوە كە بەتەمەنترین كەس دیاری‌ بكات، بەڵام مانگی‌ تەمموزی‌ رابردوو میدیاكانی‌ عێراق بڵاویانكردەوە كە بەتەمەنترین پیاو لەعێراقدا بەناوی‌ (جەرجیس حەمادە) لەتەمەنی‌ 119 ساڵیدا كۆچی‌ دوایی‌ كرد، گەر وابێت ئەوا سەلما ئێستا بەتەمەنترین كەسە لەهەموو عێراقدا.

لەسەر ناسنامەی‌ باری‌ شارستانی‌ سەلما، رۆژی‌ 1ی‌ تەمموزی‌ 1897 وەك رۆژی‌ لەدایكبوونی‌ نوسراوە، بەو جۆرەش ئێستا تەمەنی‌ (120) ساڵی‌ تێپەڕاندووە، هەرچەندە نەوەكانی‌ دەڵێن تەمەنی‌ لەوەش زیاترە.

سەلما ئێستا لەپێنج كوڕو سێ‌ كچ خاوەنی‌ (150) نەوەیە، بەجۆرێك كوڕی‌ كوڕی‌ كوڕو كچی‌ كچی‌ خۆی‌ بینیوە، 41 ساڵ لەمەوبەر هاوسەرەكەی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كردووەو سیان لەكوڕەكانیشی‌ بەهەمان شێوە لەژیاندا نەماون.

سەلـما خەڵكی‌ گوندی‌ (قەڵبەزە)یە لەناحیەی‌ وارماوای‌ سەر بەپارێزگای‌ هەڵەبجە، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا هیچ نەخۆشییەكی‌ درێژخایەنی‌ نییەو هەموو خواردنێك دەخوات‌و هەموو وردەكارییەكیشی‌ لەبیرە، تەنیا ئەوەندە نەبێت كەمێك گوێی‌ گران بووە.

فاروق رۆستەم كوڕەزای‌ ئەو ژنە بەتەمەنە بۆ "نیقاش" وتی‌ "داپیرەم رۆژانە لەناوماڵ‌و لەحەوشەو كۆڵانیش هاتوچۆ دەكات‌و تاكو ئێستاش توانای‌ جوڵەو هەڵسوكەوتی‌ ماوە‌و نوێژەكانی‌ بەتەواوی‌ دەكات، هەتا رەمەزانی‌ رابردووش توانای‌ رۆژو گرتنی‌ هەبووە".

رۆستەم وتی‌ "تەنیا قسەكردنی‌ كەم بوەتەوەو بەهۆی‌ زۆری‌ تەمەنیشیەوە گوێی‌ گران بووەو كەمتر شت دەبیستێت، بەڵام هیچ نەخۆشیەكی‌ نییە، پێش چەند مانگێك پشكنینمان بۆ كردووە لەرووی‌ تەندروستیەوە زۆر باشەو هیچ نەخۆشییەكی‌ درێژخایەنی‌ وەك زەخت‌و شەكرەی‌ نییە كە بەتەمەنەكان تووشی‌ دەبن".

وتیشی‌ "زۆر بەكەمی‌ بردومانەتە نەخۆشخانەو نەخۆش نەكەوتووە، بەڵام هەموو ساڵێك دوو بۆ سێجار توشی‌ هەڵامەت‌و كۆكە دەبێت، تەنیا خۆم حەپ‌و شروبی‌ بۆ دەهێنم‌و چاك دەبێتەوە، تاكو ئێستا یەك سەعات لەنەخۆشخانە نەماوەتەوە".

كوڕەزاكەی‌ سەلمە لەگەڵ باس لەوە دەكات كە داپیرەی‌ هەموو شتێكی‌ بیرماوەو لەتەمەنی‌ خۆیدا زۆر ئازیزی‌ لەدەست داوە، بەڵام هیچیان وەكو لەدەستدانی‌ یەكێك لەكوڕەكانی‌ نەبووە كە پێشمەرگە بووەو ئێستاش ئازاری‌ لەدەستدانی‌ بیر ناچێتەوە.

سەلما كاتێك قسەی‌ بۆ دەكەیت دەبێت دەنگ بەرز بكەیتەوەو هەندێ‌ لەوشەكان چەند جارێك بڵێیتەوە، بەو هۆیەوە پەیامنێری‌ "نیقاش" توانی‌ چەند پرسیارێكی‌ كەمی‌ لێ بكات.

ئەو لەبارەی‌ تەمەنی‌ خۆیەوە دەڵێت "خۆشم نازانم چۆن ماوم، ئەوەندە كەسی‌ ئازیزم لێ‌ رۆیشتوون، خەفەتی‌ دنیام خواردووە".

وتیشی‌ "رۆستەمی‌ كوڕم پێشمەرگە بوو، شەوێك لەساڵانی‌ هەشتاكان بەدزییەوە هاتە ماڵەوەو لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكی‌ رەفیقیدا خواردنم بۆ حازركردن، ئیتر رۆیشت بۆ شاخ‌و نەمبینییەوە تا هەواڵی‌ شەهیدبوونیان دامێ‌".

سەلما وتیشی‌ "وەڵا رۆڵە هەموو شتێكم لەبیرە‌و باشیش دەجوڵێم، لەمنداڵییەوە تائێستا بیرم نایەت نوێژێكم لەدەست چووبێت، هەموویانم كردووە".

هەرچەندە بەناسنامەكەیدا تەمەنی‌ 120 ساڵە، بەڵام نەوەكانی‌ دەڵێن وا مەزەندە دەكەن تەمەنی‌ دە ساڵێك لەوە زیاتر بێت‌و رەنگە 130 ساڵی‌ تێپەڕاندبێت.

فاروق رۆستەمی‌ كوڕەزای‌ وتی‌ "داپیرم دەڵێ‌ بیستوویەتی‌ كە تەمەنی‌ لەوە زیاترە، تەنانەت خۆی باش بیریەتی‌ كە بۆ یەكەمجار ناسنامەیان بۆ دەرهێناوەو ئەو كاتە لەناو منداڵاندا یاری‌ كردووە".

ئەم تەمەنە ئەوەندە باوەڕ پێنەكراوە كە لەلایەن وەزارەتی‌ بازرگانیەوە بەشە خۆراكی‌ مانگانەی‌ بڕدراوە، چونكە باوەڕیان نەكردووە كەسێك بەو تەمەنەوە مابێت - بەشە خۆراكی‌ مانگانە، بڕێكە لەپێداویستییە سەرەكییەكانی‌ خۆراك كە حكومەت لەرێی‌ فۆرمی‌ خۆراكەوە دەیدات بەهەموو هاوڵاتییەكی‌ عێراقی‌-.

سەلما كاتێك سەرگوزشتەی‌ ژیانی‌ بۆ نەوەكانی‌ دەگێڕێتەوە، زۆربەی‌ هەرە زۆری‌ رووداوە مێژووییەكانی‌ سەد ساڵی‌ رابردووی‌ لەبیرەو شاهیدە بەسەر هەدوو جەنگی‌ جیهانی‌ یەكەم‌و دووەم‌و ئەو شۆڕشانەی‌ لەكوردستان روویانداوە، وەك شۆڕشی‌ شێخ مەحمودی‌ حەفید كە لەساڵانی‌ بیستەكانی‌ سەدەی‌ رابردوو هەڵگیرساوە.

ئەوەندەی‌ نەوەكانی‌ سەلما سۆراغیان كردووە، لەهەموو عێراقدا كەسێكی‌ تری‌ بەو تەمەنە نییە، تەنانەت ئەوان لەوە زیاتر دەڕۆن‌و مەزەندە دەكەن لەجیهاندا هاوتەمەنی‌ ئەو نەبن.

لەمانگی‌ ئایاری‌ رابردوو میدیاكانی‌ جیهان باسیان لەوە كرد كە پیاوێكی‌ ئەندەنوسی‌ (سودیمیدیگۆ) لەتەمەنی‌ 146 ساڵیدا كۆچی‌ دوایی‌ كردووە، ئەو ژمارە پێوانەییەی‌ پێشتریش هەبووە بەناوی‌ ژنێكی‌ فەرەنسییەوە بووە (جین كامۆن) كە تەمەنی‌ 122 ساڵ بووە.

نەوەكانی‌ سەلما دەڵێن چەند جارێك هەوڵیان داوە، بەڵام دەستیان نەگەیشتووە بەدادوەرانی‌ كتێبی‌ گینیسی‌ پێوانەیی‌، چونكە ئەوان دڵنیان بەپشكنینی‌ پزیشكی‌‌و ساغكردنەوەی‌ بەڵگەنامە فەرمییەكان رەنگە تەمەنی‌ داپیرەیان ئەو 130 ساڵە بێت كە ئەوان مەزەندەی‌ دەكەن، بەوەش دەبێتە بەتەمەنترین كەس لەجیهاندا كە تائێستا لەژیاندا مابێت.