رووداوەكانی‌ كەركوك.. سەودایەكی‌ ناڕۆشن گریانی‌ پێشمەرگەو ئاوارەبوونی‌ لێكەوتەوە

کوردستان

20/10/2017‌ 2664 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هەرچەندە ململانێ‌و رووبەرووبوونەوەی‌ سوپای‌ عێراق‌و پێشمەرگە لەكەركوك چاوەڕوانكراو بوو، بەڵام ئاڕاستەی‌ رووداوەكان لەدەرەوەی‌ هەموو پێشبینییەكانی‌ خەڵكەوە بوو.

نیوەشەوی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەر بەشی‌ زۆری‌ خەڵكی‌ كەركوك‌و هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان شەونخونیان كرد بەدیاری‌ شاشەكانی‌ تەلەفزیۆن‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، سات بەسات هەواڵی‌ نوێ‌ لەبارەی‌ كەركوكەوە دەهات، هەموو هەواڵەكان بەو شێوەیە بوون، كە پێشمەرگە لەشەڕێكی‌ قورسدایە لەگەڵ سوپای‌ عێراقی‌‌و حەشدی‌ شەعبیدا، بەڵام لەپڕ شتێكی‌ دیكە روویدا، پێشمەرگە خێرا خێرا هێڵەكانی‌ خۆی‌ جێدەهێڵێت‌و فەرمانی‌ دەستبەجێی‌ پێكراوە بەشداری‌ رووبەرووبوونەوەكان نەكات.

هێشتا ئەم هەواڵانە بۆ خەڵكی‌ كوردستان جێی‌ باوەڕنین، چونكە خەڵكی‌ دەیانپرسی‌، ئەو هەموو هێزەی‌ لەكەركوك كۆكراوەتەوە چۆن ئاوها بەخێرایی‌ سەنگەرەكانی‌ خۆیان چۆڵ دەكەن؟ ئەی‌ چۆن فەرماندە سەربازییەكان فەرمانی‌ كشانەوە دەردەكەن، لەكاتێكدا شەوی‌ پێشووتر رایاندەگەیاند "مەگەر بەسەر لاشەی‌ ئەواندا سوپاو حەشدی‌ شەعبی‌ بێنە ناو كەركوكەوە".

هێشتا وێنە لێڵەكە بەتەواوەتی‌ روون نەبووەتەوە، بەڵام هەموو لێكدانەوەكان بەو ئاڕاستەیە دەچن، كە رێكەوتنێكی‌ ژێر بەژێری‌ نێوان هەردوولایەنی‌ عێراقی‌‌و كوردی‌ هەبووە، بێ‌ ئەوەی‌ ئامانجەكەی‌ روون بێت.

چی‌ روویدا؟
لەدەوربەری‌ سەعات 1ی‌ پاش نیوەشەوی‌ 16ی‌ تشرینی‌ یەكەم، لەناوچەی‌ پیشەسازی‌ لەخوارووی‌ كەركوك، یەكەم رووبەرووبوونەوەی‌ چەكداری‌ لەنێوان هێزەكانی‌ خۆرهەڵاتی‌ دیجلەی‌ سوپای‌ عێراق‌و حەشدی‌ شەعبی‌ لەلایەك‌و هێزەكانی‌ كۆماندۆی‌ یەكەی‌ (70)ی‌ پێشمەرگەو لیوای‌ پشتیوانی‌ 2ی‌ پێشمەرگە لەلایەكی‌ دیكە روویدا، هێزە عێراقییەكە بەرەو فرۆكەخانەی‌ كەركوك پێشڕەویان دەكردو پێشمەرگەش رێی‌ لەپێشڕەوییەكانیان دەگرت.

لیوا رەسوڵ‌ كەركوكی‌ فەرماندەی‌ میحوەری‌ باشووری‌ كەركوكی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە بە"نیقاش"ی‌ وت "كاتێك بەرەو ناحیەی‌ تازە بەرێكەوتین تاكو رێگە نادەین حەشدی‌ شەعبی‌‌و  هێزەكانی‌ رۆژهەڵاتی دیجلەی سوپای عێراق بەرەو فرۆكەخانەی‌ كەركوك بێن، لەنزیك پردی‌ ناوچەی‌ پیشەسازی‌ رووبەرووی‌ یەك بوینەوەو شەرێكی‌ قورس رویدا، كە زۆینەی‌ شەڕەكە بەچەكی‌ قورس ئەنجامدرا".

چەند سەعاتێكی‌ نەخایاند لەوكاتەی‌ پێشمەرگە لەشەڕدا بوون لەپڕ لەسەروو خۆیانەوە فەرمانیان بۆ هات، كە دەستبەجێ‌ ناوچەكە چۆڵ بكەن، ئیتر وردە وردە سوپای‌ عێراقی‌‌و حەشدی‌ شەعبی‌ بەبێ‌ بەرگری‌ بەرەو ئەو ناوچانە پێشڕەوییان كرد، كە دەیانویست.

ژمارەیەكی‌ زۆری‌ پێشمەرگە لەمیدیاكانەوە دەركەوتن، كە دەگریان‌و لەفەرماندەكانی‌ خۆیان توڕەبوون، هەموویان یەك قسەیان دەوتەوە، ئەویش ئەوە بوو دەیانوت "فرۆشراین"، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی‌ فەرماندەكانیان لەگەڵ سوپای‌ عێراقی‌‌و حەشدی‌ شەعبی‌ رێككەوتوون‌و رێیان نەداوە ئەوان بەرگری‌ بكەن.

پێشمەرگەیەك، كە خۆی‌ لەناو شەڕەكەدا بوو، بەو مەرجەی‌ ناوی‌ نەهێنرێت قسەی‌ بۆ "نیقاش" كردو وتی‌ "ئێمە لەشەڕەكەدا باڵادەست بووین‌و بەرگریمان دەكرد، كەچی‌ لەپڕ فەرماندەیەكی‌ سەربازی‌ پەیوەندی‌ كردو وتی‌ بكشێنەوە، ئەفسەرێكمان وتی‌ من ناكشێمەوەو ئەبێت لێرە شەهید بم، بەڵام فەرماندەكە پێی‌ وت ئەگەر نەكشێیتەوە خۆم دێم شەهیدت دەكەم، ئیتر كشاینەوە".

لەناوخۆی‌ كوردستان دەوترێت ئەوەی‌ روویداوە رێكەوتنێكی‌ هەردوو لایەنی‌ عێراقی‌‌و كوردی‌ بووە بەچاودێری‌ ئێرانییەكان، تەنانەت لەكۆبوونەوەی‌ لوتكەی‌ نێوان هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان) لەدوكان لەرۆژی‌ شەممەی‌ رابردوو، چەند سەعاتێك پێش شەڕەكان تاوتوێی‌ ئەو رێكەوتنە كراوە.

ئەو كۆبوونەوەیە، كە فوئاد مەعسومی‌ سەرۆك كۆماری‌ عێراق‌و مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ هەرێم سەرپەرشتیان دەكرد، هەندێ‌ لەسەرچاوەكان دەڵێن لایەنی‌ كوردی‌ لەژێر فشاری‌ ئێراندا بەو داواكارییە رازیبووە، هەرچەندە هەردوو لایەنی‌ یەكێتی‌‌و پارتی‌ ئەو رێكەوتنە رەتدەكەنەوە.

پێشمەرگەكان كە لەسەنگەردا بوون لۆمەی‌ فەرماندەكانیان دەكەن بەوەی‌ ئەگەر رێكەوتن هەبووە بۆچی‌ ئەوانیان خستووەتە شەڕەوەو چەند هاوڕێیەكیان لێ‌ كوژراوە، بەڵام فەرماندە سەربازییەكان دان بەشكستی‌ خۆیاندا دەنێن‌و دەڵێن ئەوەی‌ روویداوە كشانەوە بووە لەژێر فشاری‌ "شەڕێكی‌ نابەرابەردا" نەك رێكەوتن.

لیوا رەسوڵ‌ كەركوكی‌ فەرماندەی‌ میحوەری‌ باشوری‌ كەركوكی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە لەدرێژەی‌ لێدوانەكەیدا بۆ "نیقاش" وتی‌ "لەو كاتەی‌ ئێمە بەرگریمان دەكرد، حەشدی‌ شەعبی‌ لەگوندی‌ بەشیرەوە هێرشی‌ كردە سەر ناوچەكانی‌ ژێر دەسەڵاتی‌ پێشمەرگە لەوانە مەكتەب خالیدو تەللوەردو مەلا عەبدوڵا، بەو هۆیەوە لەتەواوی‌ سنوری‌ كەركوك كشاینەوە".

وتیشی‌ "ئێمە شەڕی‌ سێ‌ وڵاتی‌ گەورەمان كرد، كە رێكەوتبوون كەركوك بگەڕێتەوە بۆ پێش شەڕی‌ داعش بۆیە توانای بەرگریمان هەر ئەوەندە بوو". وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی‌ عێراق‌و ئێران‌و توركیا لەسەر ئەو هێرشە رێككەوتوون.

تەنانەت هەر رۆژی‌ هێرشەكان فەرماندەیی‌ گشتی‌ هێزی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان بەیاننامەیەكی‌ دەركردو بۆ یەكەمجار بەروونی‌ رەوانی‌ ناوی‌ لایەنی‌ ئێرانی‌ هێنا كاتێك نوسیبووی‌ "حەشدی‌ شەعبی‌ سەر بەسوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانی‌ بەفەرماندەیی‌ ئیقبالپور‌و بەهاوكاری‌ هێزەكانی‌ عێراق" هێرشەكەیان ئەنجامداوەو هەندێ‌ بەرپرسی‌ پێشمەرگەشی‌ تۆمەتباركرد بەوەی‌ "خیانەت"یان كردووە.

ئێوارەی‌ هەمان رۆژ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی‌ هێزەكانی‌ (70)ی‌ پێشمەرگە رایگەیاند كشانەوەی‌ پێشمەرگە بەفەرمانی‌ راستەوخۆی‌ ئەو بووە وتی‌ "بۆ ئەوەی‌ گیانی‌ پێشمەرگەكان بپارێزم ئەو كارەم كردووەو هەموو بەرپرسیارێتییەكیش لەئەستۆ دەگرم".

تا پاشنیوەڕۆی‌ هەمان رۆژ بەبێ‌ هیچ زەحمەتییەك سوپاو حەشدی‌ شەعبی‌ هەموو كەركوكیان گرتە دەست‌و ئاماری‌ زیانەكانی‌ پێشمەرگەش بەم شێوەیە بڵاوكرایەوە "32 شەهیدو 100 بریندارو 17 بێسەروشوێن لەبەرامبەر كوژرانی‌ 11 چەكداری‌ حەشدو برینداربوونی‌ 29 چەكداری‌ دیكەیان".

لەو هێرشەدا جگە لەگرتنە دەستی‌ هەموو كەركوك، سوپا فرۆكەخانەو سەربازگەكان‌و هەموو ئەو كێڵگە نەوتیانەی‌ گرتەوە دەست كە بەدەست پێشمەرگەوە بوون.

كەركوك لەبەردەم ترسی‌ ناكۆكی‌ نەتەوەییدا
لەگەڵ كشانەوەی‌ پێشمەرگە، خەڵكە كوردەكەی‌ شارەكە بەشی‌ هەرە زۆریان بەرەو شارەكانی‌ هەولێرو سلێمانی‌ كەوتنە رێ، كە ئەمەش گەورەترین شەپۆلی‌ ئاوارەبوونی‌ خەڵكی‌ شارەكەیە لەدوای‌ كۆڕەوی‌ ساڵی‌ 1991ەوە.

رێگەی‌ نێوان كەركوك هەولێر، كەركوك سلێمانی‌، بەئۆتۆمبیل تەنیا یەك كاتژمێرە، بەڵام ئەو رۆژە بەهۆی‌ قەرەباڵغییەوە خەڵكی‌ بەنزكەی‌ نۆ كاتژمێر لەكەركوكەوە دەگەیشتنە ئەو دوو شارە.

ئازاد حەمەدەمین (37 ساڵ) هاوڵاتیەكی‌ شاری‌ كەركوكەو دوكانی‌ جوانكاری‌ ئۆتۆمبێلی‌ هەیە لەشارەكەدا‌و یەكێك بوو لەو كەسانەی‌ كەركوكی‌ جێهێشت بە"نیقاش"ی‌ وت "لەكاتی‌ هاتنی‌ داعش هەرچەندە ترس لەسەر شارەكە هەبوو، بەڵام بەردەوام هەنگاوی‌ روونی‌ كوردمان دەبینی‌ كە بەرەو ئایندەیەكی‌ گەش هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەمجارە كە پێشمەرگە شكاو بەرپرسەكانی‌ شارەكە شكستی‌ خۆیان راگەیاندو كەركوكیان بەجێ هێشت ئێمەش شارەكەمان چۆڵكرد".

ئازاد وتیشی‌ "ناتوانین بگەرێنەوە بۆ شارەكەی‌ خۆمان، چونكە دەنگۆی‌ ئەوە هەیە ئەوانەی‌ دەنگیان بۆ بەڵێی‌ راپرسی‌ داوە لەگەڵ ئەوانەی‌ سەر بەدەزگا ئەمنییەكان بوون سزا دەدرێن‌و سوكایەتیان پێدەكرێت".

بۆ رۆژی‌ دواتر بەشێك لەخەڵكی‌ شارەكە وردە وردە گەڕانەوە سەر ماڵی‌ خۆیان‌و هەندێ‌ لەوانەی‌ كە گەڕانەوە دەڵێن هیچ كردەوەیەكی‌ خراپیان لەسوپاو حەشدی‌ شەعبی‌ نەبینیوەو رێزی‌ خەڵكی‌ شارەكەیان گرتووە، بەڵام ئەوانەی‌ مابوونەوە تیایاندایە دەڵێ‌ چەكدارانی‌ حەشدو سوپا سوكایەتیان بەخەڵك كردووە.

ئێوارەی‌ رۆژی‌ چوارشەممەش دیسانەوە خەڵكێكی‌ زۆر شارەكەیان جێهێشتەوە پاش ئەوەی‌ دەنگۆی‌ ئەوە بڵاوبووەوە كە حەشدی‌ شەعبی‌ هەڵدەكوتێتە سەر ماڵی‌ هاوڵاتیان‌و ئازاریان دەدات.

لە20ی‌ ئازاری‌ ئەمساڵ كاتێك ئەنجومەنی‌ پارێزگاو پارێزگاری‌ كەركوك بڕیاریاندا ئاڵای‌ كوردستان لەسەر دام‌و دەزگاكان هەڵبكەن، زۆربەی‌ خەڵكە عەرەب‌و توركمانەكەی‌ شارەكەیان توڕەكرد، كە 25ی‌ ئەیلولی‌ ئەمساڵیش پرۆسەی‌ ریفراندۆم لەكەركوكدا بەڕێوەچوو، هێندەی‌ تر نیگەرانیان دەربڕی‌، بۆیە مەزەندە دەكرا لەگەڵ هاتنی‌ سوپاو حەشد ئەوانیش كاردانەوەیان دەبێت.

دوای‌ ئەوەی‌ سوپاو حەشد شارەكەیان كۆنترۆڵكرد، ژمارەیەكی‌ بەرچاو لەعەرەب‌و توركمانەكانی‌ شارەكە كەوتنە ئاهەنگ گێڕان‌و دڵخۆشی‌ خۆیان دەربڕی‌‌و سوپاو بەشێك لەخەڵكی‌ شارەكە ئاڵای‌ كوردستانیان لەناو دام‌و دەزگاكان‌و شەقامە گشتییەكان هێنایە خوارەوە.

ڤیدیۆی‌ هێنانە خوارەوەی‌ ئاڵای‌ كوردستان لەناو ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك

ئەرشەد ساڵحی‌ سەرۆكی‌ بەرەی‌ توركمانی‌ عێراق لەمڕووەوە بە"نیقاش"ی‌ وت "هاوڵاتیانی‌ توركمان‌و عەرەب مافی‌ خۆیانە ئاهەنگ بگێرن، چونكە دەسەڵاتی‌ ئیداری‌‌و ئەمنی‌ بەشێوەی‌ تاكڕەوی‌ لەلایەن بەرپرسە كوردەكان بەرێوەدەچوو، ئەمە جگە لەوەی‌ ژیانی‌ سەركردەكانی‌ ئێمە پارێزراو نەبوو چەندین سەركردەمان لەدوای‌ شەڕی‌ داعش تیرۆری‌ سیاسی‌ كران".

بەڵام ساڵحی‌ دژی‌ ئەوە بوو هیچ سزایەكی‌ هاوڵاتیانی‌ كورد بدرێت ‌وتی‌ "دژی‌ هەر كاردانەوەیەكین كە بەرامبەر كورد ئەنجام بدرێت".

بەهەمان شێوە ئەو هێزە نوێیانەش كە هاتبوونە ناو شارەكە گەرەنتی‌ سەلامەتی‌ گیانی‌ خەڵكیان دەداو داوای‌ گەڕانەوەیان لێدەكردن.

لیوا عەلی فازڵ، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرهەڵاتی دیجلە بە"نیقاش"ی‌ وت "لەیەكەم رۆژی‌ ئەنجامدانی‌ ئۆپەراسیۆنەكەمان تەنیا هاتبووین فەرمانی‌ فەرماندەی‌ هێزە چەكدارەكانی‌ عێراق جێبەجێ‌ بكەین كە ئەویش گەڕانەوەی‌ دەسەڵاتی‌ ناوەندی‌‌و جێگیربوونی‌ هێزەكانمان لەچەند شوێنێكی‌ دیاریكراو نەك ئەوەی‌ كە باسی‌ دەكرێت بۆ كوشتن‌و ئەشكەنجەدانی‌ هاوڵاتیانی‌ كورد هاتبین".

وتیشی‌ "ئێمە لەناوشار نامێنینەوەو تەواوی‌ ناوشاری‌ كەركوك رادەستی‌ پۆلیسی‌ پارێزگاكە دەكرێت".

هەرچەندە لەناو كەركوكدا چەند كردارێكی‌ ئازاردانی‌ خەڵك لەلایەن حەشدی‌ شەعبییەوە بەڕێوەچوون‌و هەندێ‌ لەدانیشتوانی‌ شارەكەش لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەبڵاوكردنەوەی‌ وێنەو ڤیدیۆ ئیستیفزازی‌ دانیشتوانە كوردەكەیان دەكرد، بەڵام ئەوەی‌ هەستی‌ پێدەكرێت ئەم رەفتارانە ناكۆكی‌ لەناو كوردو عەرەب‌و توركمانی‌ شارەكەدا دروست نەكردووە، ئەو كاتەی‌ خەڵكە كوردەكە ئاوارە بوون چەندین كەس لەدراوسێ‌ عەرەب‌و توركمانەكانیان بەتەلەفۆن پەیوەندییان پێوە كردبوون‌و لەئەحواڵیان پرسیبوون‌و پێیان راگەیاندبوون كە خەمیان نەبێت ئەوان ئاگایان لەماڵ‌و حاڵەكەیان دەبێت، تەنانەت لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەندین هەڵمەت راگەیەندراوە بۆ یەكگرتووی‌ خەڵكی‌ شارەكە.

یەكێك لەو وێنانەی‌ زۆرترین دەنگدانەوەی‌ هەبوو، وێنەی‌ هاوڵاتییەكی‌ عەرەب بوو كە لەسەر دەرگای‌ ماڵێكی‌ كورد دەنوسێت "هاتنە ژوورەوە بۆ ماڵی‌ برا كوردەكەم قەدەغەیە، بەفەرمانی‌ برا ئاوارەكەی‌.. كوڕی‌ حەویجە".

قوڵبوونەوەی‌ ناكۆكی‌ هێزە كوردییەكان
دوو هێزە سەرەكییەكانی‌ كوردستان (پارتی‌ دیموكرات‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌) كە هەردوولا خاوەنی‌ هێزی‌ چەكدارن‌و بەهاوبەشی‌ ئەمنییەتی‌ كەركوكیان بەڕێوەدەبرد، ئەم رووداوەیان بەردەرفەت زانی‌ بۆ ئەوەی‌ خەتای‌ چۆڵكردنی‌ كەركوك بخەنە ئەستۆی‌ یەكتری‌.

هەر لەبەرەبەیانی‌ ئەو رۆژەوە هەردوولا ماشێنی‌ میدیاییان خستە كار دژی‌ یەك‌و لایەنگرانیشیان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دژی‌ یەكتر پەیامیان بڵاودەكردەوە.

كەناڵەكانی‌ سەر بەپارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان (رووداو – كوردستان 24) بەئاشكرا رایانگەیاند كە یەكێتی‌ لەگەڵ ئێران رێككەوتووەو كەركوكی‌ چۆڵكردووەو (پاڤێڵ)ی‌ كوڕی‌ جەلال تاڵەبانیان تۆمەتبار كرد بەوەی‌ رێكەوتنی‌ لەگەڵ‌ قاسم سلێمانی‌ فەرماندەی‌ فەیلەقی‌ قودسی‌ سوپای‌ پاسداران ئەنجامداوە.

لەبەرامبەردا كەناڵی‌ (كوردسات)ی‌ سەر بەیەكێتی‌ نیشتیمانی‌ هێرشی‌ توندی‌ كردە سەر پارتی‌‌و رایگەیاند "ئەگەر كەركوك بەڕێكەوتن چۆڵكراوە، ئەی‌ بۆچی‌ پارتی‌ شنگال‌و مەخموری‌ بێ‌ تەقە داوەتە دەست حەشدی‌ شەعبی‌؟" تەنانەت چەند بەرپرسێكی‌ یەكێتی‌ لەو كەناڵەوە بەئاشكرا داوای‌ دەست لەكاركێشانەوەی‌ بارزانیان كرد.

سێشەممەی‌ رابردووش مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ هەرێم لەیەكەم كاردانەوەیدا لەبەیاننامەیەكدا دیسان بەناڕاستەوخۆ خەتاكەی‌ خستە ئەستۆی‌ بەرپرسانی‌ یەكێتی‌‌و تیایدا هاتبوو "ئەوەی‌ لەكەركوك روویدا بڕیاری‌ تاكلایەنەی‌ چەند كەسێك بوو لەنێو حیزبێكی‌ دیاریكراودا" بێ‌ ئەوەی‌ ناویان بهێنێت.

لەبەرامبەریشدا چەند فەرماندەیەكی‌ سەربازی‌ یەكێتی‌ رایانگەیاند فەرمانی‌ كشانەوە بارزانی‌ خۆی‌ دەریكردووەو ئێستا خۆی‌ لێ بێبەری‌ دەكات.

هەرچی‌ خەڵكی‌ كوردستانیشە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە نیگەرانییەكی‌ قوڵ دەردەبڕێ‌ دژی‌ هەردوو هێزە سیاسییەكەی‌ كوردستان‌و ئەوانەی‌ "بێ‌ بیركردنەوە بڕیاری‌ ریفراندۆمیان داوە"، ژمارەیەك چالاكوانیش لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكی‌ بەرفراوانیان راگەیاندووە بەناوی‌ بەسە (#BASA)و تیایدا داوا دەكەن بەرپرسانی‌ كوردستان دەست لەكار بكێشنەوە.

ئەوانەشی‌ كوڕەكانیان لەو شەڕەدا كوژراوە ئێجگار توڕەن، دایكی‌ یەكێك لەكوژراوەكان لەپرسەی‌ كوڕەكەیدا دەگریاو دەیوت "ئەگەر رێككەوتوون بۆچی‌ جەرگی‌ ئێمەتان سوتاند؟".

ئێستا چی‌؟
ئەوەی‌ روونە جارێكی‌ تر كەركوك ناگەڕێتەوە دۆخی‌ جارانی‌، ئێستا باس لەوە دەكرێت كە كەركوك لەبەردەم سێ‌ بژاردەدایە، یان ئەوەتا بەتەواوی‌ دەكەوێتە دەست بەغدا، یاخود پێشمەرگە بەزەبری‌ هێز وەریدەگرێتەوە، كە ئەمەیان زەحمەتە، یاخود بەچاودێرییەكی‌ نێودەوڵەتی‌ هەردوو لایەنی‌ كوردی‌‌و عێراقی‌ لەسەر ئیدارەیەكی‌ هاوبەش رێكدەكەون كە ئەم بژاردەیە لەوانی‌ تر بەهێزترە.

ئەم چەند رۆژە كەركوك لەبارێكی‌ كشومتدایەو هەموو خەڵكەكەی‌ چاوەڕێ‌ دەكەن بزانن چی‌ دەگوزەرێ‌، بێ‌ ئەوەی‌ بەرچاویان روون بێت. قسە لەسەر ئەوەیە كە رێكەوتن كراوە بۆ ئەوەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌‌و سوپا بچنە دەرەوەی‌ شارەكە، بڵاوبوونەوەی‌ ئەم هەواڵەش بۆ خەڵكی‌ شارەكە دڵخۆشكەش بوو، بووە هۆی‌ ئەوەی‌ شەوی‌ رابردوو ئاهەنگ گێڕان لەناوچە كوردییەكان دەست پێبكات.

ئەوەی‌ روویدا هەرچییەك بووبێت ئەگەر بەرێكەوتن بێت یاخود بەشەڕ، سەرەنجام قوربانییەكانی‌ ئەوانە بوون كە ئاگاداری‌ سەودا ژێر بەژێرەكە نەبوون.

عەمید عەزیز عەبدوڵا فەرماندەی‌ فەوجی‌ چواری‌ لیوای‌ 102ی‌ پێشمەرگە كە رۆژی‌ هەینی‌ رابردوو قسەی‌ بۆ "نیقاش" كردو نیگەرانی‌ خۆی‌ دەربڕی‌ لەسوتاندنی‌ ئاڵای‌ كوردستان، یەكێك بوو لەو كەسانەی‌ لەشەڕەكەی‌ كەركوكدا شەهیدبوو، رەنگە عەبدوڵا تا ساتی‌ شەهیدبوونی‌ نەیزانیبێت چیرۆكە راستەقینەكە چییە.