پڕە لەیادو یادەوەری‌.. دێرینترین گەرماوی عوسمانی لەبەسرەیە

عیراق

21/10/2017‌ 1159 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دێرینترین گەرماوی‌ سەردەمی‌ عوسمانییەكان لەبەسرە ماوە، بەڵام هێندە لاچەپەك‌و كەم بازاڕە دوورنییە ماوەیەكی‌ تر بەتەواوی‌ نەمێنێت.

ئەو یەكێكە لەدوایین سێ گەرماوی گشتی كە لە بەسرەدا ماون‌و دێرینترینیشیانە، چونكە مێژووی دروستكردنی بۆ زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، گەرماوەكە لەبازاڕی عەششاری كۆن چەپەك‌و لەبیركراوە‌و بە دوكانی فرۆشیارانی بەهارات‌و دەرمانی گیایی‌و ئاپۆرای بازاڕكەران دەورەدراوە‌و شاردراوەتەوە.

بەڵام وەك ئەفسەری خانەنشین سەلمان هەززاع (65 ساڵ) دەڵێت لەنێو دوكانە پێكەوەلكاوەكانەوە رێگاكەی دەزانێت‌و هەفتانە دووجار سەردانی دەكات‌و بەژێر تابلۆ رەنگاورەنگەكەیدا تێپەڕ دەبێت، ناوی "گەرماوی حسێنی" هەڵگرتووە كە بێهودە دەیەوێت سەرنجی خەڵك رابكێشێت.

سەلمان بە قادرمەكاندا دادەبەزێت بۆ هۆڵێكی نزمی پان‌و بەرین كە سەقفێكی دێرینی گومەزی لەخشت دروستكراوی بەسەردا شۆڕبۆتەوە كە لەناوەڕاستیەوە چەند كونێكی تێدا بۆ هاتنەژوورەوەی تیشك. سڵاو لە عەلی بەعەبدولحسێن عەبادی خاوەنی گەرماوەكە دەكات.

ئەوان دوو هاوڕێن تەمەنیان لێكەوە نزیكە، وەك هەززاع دەڵێت، خۆشەویستی خۆشۆردن كۆیكردوونەتەوە، ئەو بەدەنگێكی تیژ وتی "با شتێكت پێ بڵێم، من ئالودەبووی خۆشۆردنم، گەرماوی هاوچەرخی ماڵەوە ئاسوودەم ناكات، رۆژێك پێشتر پەیوەندی بە پشتشێلەكەوە دەكەم تا لەسەر وادەیەك رێكبكەوین، لەم شوێنە‌و لەژێر دەستی پشتشێلەكەدا نەبێت پشوونادەم‌و ئاسوودە نابن".

خاوەنی گەرماوەكەش پشتیوانی قسەكانی دەكات‌و دەڵێت: "خۆشۆردن پشوو بەدەروون دەدات‌و مەزاج رێكدەكاتەوە‌و سوودی تەندروستیشی هەیە". ئەو ئاهێك هەڵدەكێشێت، چونكە خەڵك وەك جاران بەهای گەرماوە گشتییەكان نازانن، لەو بارەیەشەوە بۆ "نیقاش"ی روون كردەوە "كارەكەمان وەك دەیەكانی رابردوو باش نەماوە، رۆژانە تەنیا چوار پێنج كەسێك سەردانمان دەكەن، هەروەك زۆر كەسیش نازانن گەرماوەكە هەیە".

عەبادی دەڵێت دروستكردنی گەرماوی حسێنی دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەردەمی عوسمانی بەبەڵگەی بوونی نیشانە لەسەر خشتە كۆنەكان وەك مانگ‌و ئەستێرە‌و تاج و نیشانە‌و مێژووی دیكە كە بەهۆی سووتانی گەرماوەكە لە راپەڕینی 1991 و ئەو فەوزایەی ئەو كاتە دروست بوو، بەتەواوی سڕراونەتەوە.

هەروەها دەڵێت: "وەك بەڵگەنامە كۆنەكان باسی دەكەن یەكێك لە باپیرانی حاجی عەبدولڕەزاق سەبتی گەرماوەكەی دروست كردووە كە لە توركیا دەژیا‌و بیرۆكەكەی لە گەرماوە توركییەكانەوە وەرگرتوە‌و دواتر فرۆشراوە بە حاجی ساڵح هاشمی باپیرمان‌و لەویشەوە بۆ باوكمان‌و ئینجا بۆ من كە تائێستاش پارێزگاریم لێكردووە".

زۆرێك لە گەرماوە گشتییەكان لە بەسرە لەناوچوون كە هەندێكیان بۆ سەردەمی عەباسی دەگەڕێنەوە، لە نەوەدەكانیشدا خاوەندارێتی گەرماوی حسێنی گواسترایەوە بۆ شارەوانی بەسرە بۆ ئەوەی ناوچەكەی بخرێتە سەر دورگەی دۆكاردی بەرامبەری‌و بكرێتە ناوچەیەكی گەشتیاری، بەڵام بیرۆكەكە جێبەجێ نەكرا‌و لەو كاتەدا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار دركی پێكرد‌و داوایكرد وەك شوێنەوارێكی تەلارسازی بهێڵرێتەوە، بەڵام وەك عەبادی دەڵێت رۆژێك دێت بوونی نامێنێت.

سەبارەت بە رۆڵی گەرماوەكان لە بەسرە لە رابردوودا، عەبادی دەڵێت: "گەرماوەكان رۆڵێكی كۆمەڵایەتی نایابیان گێڕاوە، چونكە خانووەكان گەرماو‌و ئاوگەرمكەری كارەبایی هاوچەرخیان نەبووە، لەبەر نەبوونی كارەباش لەو كاتەدا هەواكێش‌و پاشماوەی گەنم بۆ ئاگركردنەوە بەكار دەهات".

وتیشی: "لە شەستەكانیشدا لەكاتی جەژن‌و بۆنەكانی دیكە‌و رۆژانی هەینیدا خۆمان ئامادە دەكرد‌و پشتشێلی دیكەمان دەهێنا بۆ یارمەتیدانمان،  چونكە گەرمەی كارەكەمان لە سەعات پێنجی بەیانی دەستی پێدەكرد بۆ پێشوازیكردن لەو كەسانەی خۆیان دەشۆن. رۆژانە 10 بەرمیل نەوتمان بەكاردەهێنا، كارەكەشمان لە كاتی جەنگی عێراق ئێران لە هەشتاكاندا گەشەی كرد، چونكە سەربازەكان پێویستیان بە خۆشۆردن بوو".

ئەفسەری خانەنشین سەلمان هەززاع باسی ئەو رۆژە دەكات كە كەوتووەتە داوی خۆشەویستی گەرماو‌و دەڵێت: "لە هەشتاكاندا سەدام حسێن پابەندی كردبووین بە لەشجوانی‌و كەمكردنەوەی كێش‌و بوونی لەشولارێكی وەرزشی رێكوپێك، قەڵەویش ببووە رێگر لەبەردەم بەرزبوونەوەی پلەی سەربازی".

هەروەها دەڵێت: "خۆمان زۆر برسی دەكرد، پاشان یاوەری هەندێك لە هاوكارانم كرد بۆ گەرماوی حسێنی‌و مەشقی راكردنمان دەكرد‌و لە گەرماودا ئارەقەمان دەكردەوە‌و بەدرێژایی چەند رۆژێك بۆ پشتشێلان دەچووینە بەردەستی پشتشێلە بەهێزەكان تا هەندێك كێش دابەزێنین، لەو كاتەشەوە واملێهاتووە ناتوانم دەستبەرداری گەرماو ببم".

هەززاع بەدوای خەششان نەجم عەبدوڵڵای پشتشێلدا دەگەرێت كە دێرینترینە، ئەو كەسێكی لاوازە‌و لە حەفتاكانی تەمەنیدایە، بەڵام هێشتا توندوتوڵییەكەی ماوە، ئەو دەڵێت: "كاری پشتشێل بریتییە لەپاككردنەوەی ئەو كەسەی خۆی دەشوات‌و چارەسەركردنی گرژبوونی ماسولكەكان‌و ئازاری پشت‌و دەماری سك ئەگەر پێویست بكات".

خەششان لە نەوەی پشتشێلە دێرینەكانە، ئەو لەبارەی پابەندبوونی بە كارەكەیەوە كە ئێستا پارەیەكی ئەوتۆی لێ دەستناكەوێت، بە "نیقاش"ی وت: "حەزم لە تەمەڵی نییە لە ماڵەوە، چونكە دەبێتە هۆی نەخۆشی، بۆیە دێم بۆ كاركردن لە گەرماوەكە‌و هاوڕێكانیشم دەبینم، لە باشترین باریشدا لە سێ كەس زیاترم دەستناكەوێت".

هەروەها سروشتی كارەكەی رووندەكاتەوە‌و دەڵێت: "چەندە پشتشێلەكە بەهێز بێت نەرمونیانیشی تێدایە، بۆ نموونە، دەبێت بزانێت چۆن لفكە بۆ پاككردنەوە بەكاردێت، بەبێ ئەوەی هێزێكی لەڕادەبەدەر بەكاربهێنێت‌و جەستەی كەسەكە بریندار بكات كە خۆی دەشوات، نابێت ئەوەندەش نەرمونیان بێت هیچ سوودێكی نەبێت، هەروەك خەنەی تێكەڵكراو بە خەلی خورما بەكاردەهێنین بۆ ئەو كەسانەی سەرئێشەیان هەیە ئەویش بەدانانی لەسەر سەریان بۆ ماوەی دوو سەعات، لەگەڵ چەند رێگایەكی دیكەی چارەسەری كۆن".

لەنێو هۆڵی بازنەیی خۆشۆردندا كە سەحنەیەكی خڕی گەرمی لەناوەڕاستدایە‌و چاڵی كەوانەیی كۆنی تێدایە بۆ خۆشۆردن‌و دانیشتن. بەدر عەبدوڵڵا (50 ساڵ) كە دارتاشی دەكات، گەرماوەكانی ساڵانی هەشتاكان بەبیر دێنێتەوەو دەڵێت: "رێژەی هەڵمەكە كەم بوو، بەڵام بەس بوو".

لەو بارەیەشەوە بە "نیقاش"ی وت: "لە تاو گەرما نەماندەتوانی لەسەر زەوییەكە راوەستین بەبێ لەپێكردنی قابقاب، لەدوای تەوابوون لە خۆشۆردن‌و لە كاتی پشوودانیشدا شەربەتی دارچینی دەخورایەوە، پارچە دارچینی ئەسڵییان بەكاردەهێنا‌و خواردنەوەیەكی گەرمیان تێدەكرد بۆ بەرگریكردن لە سەرما".

ئەو رووداوێك بە بیردەهێنێتەوە كە شەوی ژنهێنانی رووی داوە‌و دەڵێت: "وا باوبوو زاواكان شەوێك پێش شەوی یەكەمی ژنهێنان واتە لە شەوی خەنەبەنداندا بە یاوەری كەسوكار‌و هاوڕێیانیان دەهاتن بۆ خۆشۆردن‌و خۆئامادەكردن بۆ ئاهەنگگێڕان، كەباب‌و میوەیان لەگەڵ خۆیان دەهێنا تا لە كاتی پشووداندا بیخۆن".

دەشڵێت: "لە رۆژی ژنهێنانەكەمدا ویستم مووی سەر لەشم لابەرم‌و شارەزاییم نەبوو، بۆیە موولابەرەكەم هێنا‌و وەكو شلەیەكی توندم لێكرد‌و شوێنە هەستیارەكانی جەستەم پێ چەوركرد، كە دەبووایە لە شوێنە وشكەكانی جەستە بدرێت".

هەروەها دەڵێت: "نەمدەزانی ماددەكە تێكەڵاوی زەرنیخ كراوە، خاوەخاوم كرد لە لێكردنەوەی، پاش چەند دەقیقەیەك بە ئاوی گەرم خۆم شۆرد، ئیتر دەستبەجێ هەستم كرد ئاگرێك جەستەم دەخوات، ئەوەندە ئازاری هەبوو تا ئەو رادەیەی لەترسا دەستمكرد بە هاوار‌و بە رووتی بە گەرماوەكەدا رامدەكرد، ئەو رووداوە دوو هەفتە ژنهێنانەكەمی دواخست".

عەبادی ئەو رووداوەی دەكەوێتەوە یاد‌و دەست دەكات بە پێكەنین‌و دەڵێت: "بەدر گەنج بوو دیمەنەكەی تۆقاندینی كە بە رووتی هەر هەڵدەبەزیەوە‌و دواتر چیرۆكەكەمان زانی، باوكم خێرا لەلای عەتارەكان گیراوەی قوڕی هێنا‌و كردیە هەویر‌و جەستەی پێ داپۆشی‌و بردمان لە شوێنێكی سارددا پاڵكەوێت".

لە حەفتاكانیشدا هەندێك لە پارێزگارەكانی بەسرە روویان لە گەرماوی حسێنی كردووە بۆ خۆشۆردن وەكو محەمەد مەحجوب، هەروەك پێشوازیشی لە وەرزشكاران‌و یاریزانیانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی نیشتمانی‌و لەشجوانی كردووە.

تا ئێستاش توونی ئاگردانە گەورەكان لەشوێنی خۆیدا لە ژێر هۆڵی خۆشۆردنەكە بەجێهێڵدراوە‌و ئاوی ژێرزەوی دایپۆشیوە. عەبادی دەشڵێت كە هیچ پیشەیەكی تر نازانێت جگە لەم پیشەیە، ئەویش بەرەو نەمان دەچێت، لەكۆتاییشدا بەزەردەخەنەوە وتی: "باوكم پەندێكی دووبارە دەكردەوە كە دەڵێت: لە گەرماو لەشساغی وەربگرە‌و لە توریش گەڵاكەی".