بۆ ئەوانەی كە دەڵێت ئەمەی كە ڕوویداوە پەیوەندی بە ڕیفراندۆمەوە نیە؟

مەلەفی تایبەت

21/10/2017‌ 4543 جار خوێندراوه‌ته‌وه

د. سەیران تەها: ٢١/ ١٠/ ٢٠١٧
ڕەنگە گەورەترین كارەساتی كورد وەك میللەتێك كە جیاواز بێت لە میللەتانی تری دنیا كە پەیوەندی بەسایكۆلۆجیەتی زۆربەی تاكی  كوردەوە هەیە. گەر بەلاپەرەكانی مێژووی كوردا بگەڕێیت بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو، باوەرناكەم میللەت هەبێت لە دنیادا وەك كورد ملكەچی ئەو هەموو خیانەت و زوڵم ماڵ وێرانیە بێت كە سەركردە سیاسیەكانی بەسەریدا هێنا بێت، هەرلە شەڕی ناوخۆ وجاشایەتی هەرێمایەتی و پەلكێش كردنی هێزی دا‌گیركەرانی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكیە ناوخۆییەكان، دەستدرێژی كردنە سەر ناموس وماڵی لایەنگرانی یەكتری و ئاوارە كردنیان، ئەوەی ئەم حیزبە كوردیانە بەهاوڵاتیانی خۆیانیان كردوە لەشەرە ناوخۆییەكاندا، دوژمنانی كوردیش هەرئەوەندە سوكایەتیان پێکردوون، ئەمە جگە لە شەڕی بەوەكالەت دژی پارچەكانی تری كوردستان، سەرەڕای هەموو ئەم نەهامەتیانە كەچی هەر بەسەركردە و قارەمانانی خۆیانیان دانابون. میللەت نیە لە دنیادا وەك كورد  ڕازی بووبێت  لاپەڕەی ڕەشی خیانەت بە سەروەری و دەستكەوت لە قەڵەم بدات، بێگومان خەڵكی كوردستان تا ڕادەیەكی زۆر تاوانبارن لە چاوپۆشی كردنیان لە تاوانی سەركردە وسیاسیەكانیان، وە لێنەپێچینەوە لەگەڵیاندا. كارەساتی گەلی كورد لەوەدایە كە بە ئاسانی برینەكانی ڕابردووی لەبیر دەكات، هەموو جارێك دوای شكست و ماڵوێرانیەكانیان دەستیان گرتون ودەنگیان پێداون، وە لەسەر شەڕە پەرۆی حیزبایەتی خۆیانیان بۆ بەكوشت داون، ئەمانەش هۆكاری سەرەكین بۆ لاساری و بێمنەتی سەركردە سیاسیەكانی لە حساب نەكردنیان  بۆ میللەت و زیاد كردنی نەهامەتیەكانی ژیانیان.


ئەوەی جێگای قسە لەسەر كردنە ، كاتێك کەسانی خوێنەوار لە كۆمەڵگای كوردیدا دوور لە هەموو لۆجیك و مەنتقی ئەقڵ بە سۆزی كوێرانەی حیزبایەتی، بە شەرم و شکاندنی شكۆی خۆی و خانەوادەكانیان دەزانن گەر دان بە ڕاستیەكاندا بنێن، لەبری هەڵگەڕانەوە و لێپرسینەوە لەو كەسانەی هۆكاری شكستن، دژی ڕاستیەكان دەوەستن و قبوڵیان ناكەن تا كۆتایی كوێرانە بەرگری لەسەركردەو سیاسیە دۆڕاوەكان دەكەن. وە دەبینین كە چۆن هەڵوێستی بەشێكی بەرچاو لە خوێندەوارەكانی ئەم كۆمەڵگایە وەك هەڵوێستی کەسانی كۆیلەی حیزب و تێنەگەیشوو بێئاگا لە دنیای دەرەوەو میدیا، خوێندنەوە بۆ ڕووداوەكان دەكەن، خەریكی پاساو هێنانەوەن، خۆیان كوێر وكەڕ دەكەن، وە بەرگری لە خیانەتی گەورەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی نا شەرعی كورد دەكەن، كە گوایە ئەمە هەڵەیەك بوو بێت، یان قۆناغێكەو تێدەپەڕێت، وەیان دەڵێن سەرۆك چواردەورەكەی زانیاری ڕاستیان پێ نەوتبێت، وەیان زۆر ساویلكانە بڕوا بەوە بهێنرێت كە بارزانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكرا بێت، وەیان بڕوا بە خۆیان دەهێنن ئەگەر ڕیفراندۆمیش نەكرایە ئەم ‌هێرش كردنانە هەر ڕوویان دەدا ؟ 


ئەو ڕاستیەی هەموومان دەیزانین، ئەم كارەساتەی ئەمڕۆ بەسەر كوردا هاتوە بەرهەمی ڕیفراندۆمە شكست پێهێنراوەكەی هەرێمە. كەس گومانی لەوە نیە كە ڕیفراندۆم مافێكی ڕەوای گەلی كوردە، بەڵام بەهۆی تەواونەبونی شەڕی داعش لە عێراق و نەگونجاندنی كاتەكەی، لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتوەكان بەگشتی وە ئەمەریكا بەتایبەتی داوا لە سەركردایەتی كورد كرا كە تەنها بۆ ماوەی ساڵێك دوابخرێت، بەپشتیوانی و نێوەندگیری و زەماناتی ئەوانەوە دەبێت. بێگومان سەركێشی بەناو سیاسیەكانی كورد لە دەست بردنیان بۆ كارتی ڕیفراندۆم و دۆڕاندنی پاشان كەوتنە پاڕانەوە لە سیستانی بۆ گفتۆگۆ كردن لەگەڵ بەغداد بەبێ هیچ مەرج و زەماناتێ، سەرەڕای پاشگەز بونەوەیان لە ڕیفراندۆم و تەسلیم بون بە بەغداد، كەوتنە  پێشبڕكێ لەگەڵ یەكتری بۆ ڕێكەوتنی نهێنی . ئەم هەڵە ستراتیجیانەی سەركردایەتی كوردی كە خەون و پرۆژەی دەوڵەتی كوردیان بۆ دەیان دەیەی تر لەناوبرد، كە نەك هەر كورد بۆی نەبێت باسی دەوڵەت بكات، بەڵكوهەر‌گیز ئەو فیدرالیە نیمچە سەربەخۆییەی دیفاكتۆیەی بەخۆیەوە نابینێتەوە كە لەسەر بنەمای جوگرافی و نەتەوەیی بوو، وە ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت بگۆڕێت بۆ فیدرالیەك لەسەر ئاستی پارێزگاكاندا دەسەڵاتێكی دیاری كراوی لەژێر ڕەحمەتی بەغداد هەبێت كەهیچی لە ئۆتۆنومی زیاتر نەبێت.        


ئەوەی ئەم جارە ڕوویدا، بۆ یەكەم جارە لە هەموو مێژووی كوردا بێ حورمەتی وا بەكورد كرا بێت، ئەم جارە لەناوبردن وشکاندنی شۆڕشی كورد نەبوو لەلایەن داگیركەرانی كوردستانەوە. كارەسات و نەگبەتی كورد لەوەدا بوو، كە دەگمەنە لە مێژوودا ڕووبدات، ئەم جارە دوژمن و داگیركەرانی كوردستان (توركیا وئێران كە دۆست و ئاغای سەركردە وسیاسیەكانی ئەم هەرێمەن) لە سەركردەكانی ئەم هەرێمە دڵسۆزتر بون وئامۆژگاری، پاشان هەڕەشەیان لێكردن كە ئەوكارە نەكەن، كە باجەكەی بە قورسی دەدەن و ئەوەی بنیادتان ناوە لە دەستكەوت لەدەستی دەدەن. بەڵام ئەوەی ڕوویدا لە ئەنجامی كورت بینی و كەلەڕەقی و خیانەتی سەركردە و سیاسیەكانی كورد بوو بە تایبەتی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم ( دەبێت ناویان لە لیستی ڕەشدا لە مێژووی كوردا تۆمار بكرێت، لەگەڵ هەموو ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە بەشدارییان كرد لە دەنگدان بۆ بەشەرعیەت پێدانیان بەرەو ڕووی دادگای گەل بكرێنەوە) كە سەركێشیان بە چارەنوسی خەلك و خاكەكەیەوە كرد، كە بوونە هۆی شكاندنی كەرامەت و شكۆی كورد، بوونە هۆی لە دەستدانی گەورەترین پشتیوانی نێودەوڵەتی، بونە هۆی نزیك كردنەوەو پتەو كردنی پەیوەندییەكانی دا‌گیركەرانی كوردستان، وە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ جێبەجێ كردنی پلانی دوژمنان و لەدەستدانی زیاتر لە  ٤٠% خاكەكەی و تەنازول كردن لە خوێنی زیاتر لە ٢٠٠٠ پێشمەرگە  كە بەخوێنیان ئەو ناوچەنەیان رزگار كردبوو ، وە تەسلیم كردن و كشانەوە لە كەركوك و خانەقین و دوز و بونە هۆی لەدەستدان وشەهید بوونی پێشمەرگە وئاوارە بوون و سوتاندنی ماڵی هاووڵاتیان ، وە ڕاكردن لە شە‌نگال و ڕەبیعە و زومار و مەخمور و گوێر و بامەڕنی وباشیك سەدی موسڵ وە ٤٤كێلگەی نەوت بەبێ بریندار بوون و تەنانەت یەك فیشەكیان  نەتەقاندن.              
ڕاستە بەرپرسی یەكەم لەم كارەساتەی بەسەر كوردا هاتوە غروری بارزانی  و هەڵخەڵەتاندنی لەلایەن چواردەور و موستەشارەكانی و گوێ نەگرتن و وەڵام نەدانەوەی ئەمەریكا و ئەوروپا،  وە پشت كردنە گەلەکەی بوو، وە لە بیرچوونەوەی ئەو  ڕاستیەی كە هەموو پشتیوانیە نێودەوڵەتیەكان و ئەو ڕێزی زۆرەی كە لێیدەنرا لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئەمەریكا وە ڕاخستنی فەرشی سور بۆ بەڕێزیان لەبەر حیكمەت و پێگەی ئەو نەبوو بەڵكو لەبەر دەنگدانەوەی قارەمانێتی و ئازایەتی پێشمەرگەكانی كوردستان لە بەرامبەر شەڕی داعشدا بوو. لە كاتێكدا كە لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی بارزانی لەناوخۆی هەرێمدا، جا بە داخستنی پەرلەمان و لەباربردنی پرۆسەی دیموكراسی و پارچە پارچە كردنی ناوماڵی كوردی وپەیڕەوكردنی سیاسەتی تاك ڕەوانە بوو بێت، وەیان هەرێم خستنە ژێرباری قەرزێكی زیاتر لە٢٠ملیار دۆلار، ڕاگەیاندنی كۆتایی هاتنی مادەی١٤٠، برسی كردن و بڕینی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمەكەی، ....هتد. ئەوانەی كە گەورەترین درۆی دەوڵەتیان بۆ كورد دەكرد، وە بێباكانە بەڵێنی درۆ سوێندی درۆ هەڕەشەی درۆیان لە عێراق و ووڵاتانی دراوسێ دەكرد ، هەر ئەوانە بون لە ٢٠٠٣ دژی خواستی خەڵکی كوردستان وەستانەوە. شانازییان بەسەرلەنوێ بەشداری كردن لە دروست كردنەوەی دەوڵەتی عێراقی عەرەبیان دەكرد، هەرئەوانە بوون كە سازشیان بەچارەنوسی خاكە دابڕێنراوەكان كرد و خستیانە چوارچێوەی دەستورەوە، لەبری هەوڵی جێ بەجێكردنی لە بەغداد خەریكی شەڕی پۆست و دەستكەوتی حیزبی بوون،  كارییان دەكرد بۆ دەر‌هێنانی عێراق لە بەندی حەوتی ئەنجومەنی ئاسایش وە گەڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق، كەچی ئێستا زۆر بە ئاسانی دوای دەرئەنجامی كارەساتەكان دەڵێت ئێمە هەڵە بوین. ئەوەی جێگەی پرسیار وهەڵوێست لەسەر وەرگرتنە، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە لەلایەن شەریكەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕیفراندۆمدا، كە چۆن شەرعیەتیاندا بە سەرۆكایەتی و سیاسەتەكانی بارزانیدا، پشتیان كردە گەل و كەوتنە شوێن بەرژەوەندی تاكەكەسی و حیزبایەتی وهەركەس بۆخۆی. ئەوەی جێگەی داخە كە چۆن قوربانیدرا بە مێژووی خەباتی شاخ و شاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و خرایە ژێر پێی بارزانی سەرەڕای جیاوازی ئایدیۆلۆجیا و مێژووی قوربانیدانی ئەم حیزبە، چۆن  لە حیزبی شەهیدانەوە بوون بە پشتیوان و دەستەڕاستی سیاسەتی بارزانی لە پێناوی دەستكەوتی بەشە نەوت وپۆستی سیاسی بۆ خۆیان و نەوەكانیان. بەهەمان شێوە هەریەكە لە یەكگرتوی ئیسلامی  كوردستان و حیزبی سۆشیالیست و حیزبی شیوعی بەرپرسیاری سەرەكین و تاوانبارن، گەر تەنها بۆ یەكجار خاوەنی هەڵوێست و ئەركی نیشتمانی بوونایە و پشتگیری و پشتیوانی هەنگاوەكانی بارزانی نەبونایە دەتوانرا هاوكێشەی سیاسی لە هەرێمدا گەورەترین گۆڕانكاری بەسەردا بهاتایە، سنورێك بۆ سیاسەتی چەوتی دابنرێت. بەدڵنیایی ئەو كاتە ڕێگری دەكرا لە ڕوودانی كارەساتی لەم چەشنە، بێ حورمەتی و شەرمەزارییان بەسەر گەل و خاكی كوردا نەدەهێنا، بەجۆرێك كوردیان بە دۆڕاندندا كە بگەڕێنرێتەوە بۆ هێڵی ٣٦، دەبێت هەموو ئەو حیزبانە بچنە ژێرباری بەرپرسیارێتی تەواوەتی لەبەرامبەر مێژوو و میللەتەكەیاندا، وە بەهێندەی پشتگیری كردنیان لەو كەسەی كە هەموو بنەماكانی دەوڵەتی هەڵتەكان، ئەوەندەش خاوەنی دەستكەوت و پشكی شێر بن لە خیانەتی نیشتمانی كە چۆن بوونە داردەستی بارزانی.


 ئێستا هەرچی بووترێت سوودی نیە قەرەبوی ئەو زیانە بێشومار و ووڵات فرۆشتنە ناكاتەوە، ئەو تاوانانەی كە ئێستا حەشدی شەعبی بەرامبەر بەكورد دەیكات تاوانەكەی لە ئەستۆی ئەو ئەندام پەرلەمانە كوردانەی سەرجەم فراكسیۆنەكانن لە بەغداد كە دەنگیان بە شەرعیەتی حشدی شەعبیدا. هەرچۆنێك بێت، میللەتێك ئێستا باجی بێدەنگ بوون و ڕازی بونی دەدات بەو حیزبانەی كە ٢٦ساڵە بەردەوامن لە ئیدارەدانی خراپ و تاڵانی دەكەن، كەچی دەنگیان بە بەڵی دا. پێویستە ئەوانەی میللەتیان بەم ڕۆژە گەیاند باجی تاوانەكانیان بدەن ڕێگەیان پێنەدرێت نە خۆیان و نەوەكانیان جارێكی تر حاكم و بڕیار بەدەست بن و دانوستان و ڕێكەوتن  لەسەر چارەنوس و نەهامەتیەكانی كورد لەگەڵ بەغداد و ووڵاتانی دراوسێ یان كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بكەن، جارێكی تر ڕێگە نەدرێت مافیاكانی نەوت قاچاخچێتی بە نەوت سامانی ئەم میللەتەوە بكەن. دەبێت داوای یارمەتی لە عێراق و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكرێت لە ئاشكرا كردن و گەڕانەوەو دەست بەسەراگرتنی پارەی نەوتی دزراو سامانی بەرپرسەكان بكرێت لە ناوەوەی عێراق و بانكەكانی جیهان، لێكۆڵینەوە لە مەلەفی قەرزەكانی هەرێم بكرێت، جگە لە هەڵدانەوەی سەرجەم مەلەفەكانی تری گەندەڵی، لەوانەش ئەوانەی بازرگانیان بەخوێنی شەهیدانەوە دەكرد و لەگەڵ داعش لە بازرگانی نەوت تێوەگلابون. گەر ڕۆژێك دەستور بۆ ئەم هەرێمە دانرا، دەبێت لە یەكەم مادەیدا پێناسەی خیانەتی نیشتمانیمان بۆ بكات بە هەمان شێوەی دەستوری عێراقی لە ڕێگەپێنەدان بە حیزبی بەعس لە بەشداری سیاسی، جارێكی تر لەم هەرێمە ڕێگە نەدرێت ئەم حیزبانە هیچ ڕۆڵێكیان لەژیانی سیاسیدا هەبێت