لەریفراندۆم‌و فرۆشتنی‌ نەوتدا سەركەوتوو نەبووین
سەعدی‌ ئەحمەد: عێراق‌و ئێران‌و توركیا بەئاگاداری‌ ئەمەریكا دژی‌ كورد جموجۆڵیان كرد

کوردستان

26/10/2017‌ 3490 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان رایگەیاند، عێراق‌و ئێران‌و توركیا بەئاگاداری‌ ئەمەریكا دژی‌ كورد جموجۆڵیان كردووە، بۆیە پرۆسەی‌ ریفراندۆم نەگەیشتووەتە ئەنجام.

سەعدی‌ ئەحمەد پیرە، كە هاوكات ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌‌و ئەندامی‌ لیژنەی‌ باڵای‌ ریفراندۆم بوو، لەچاوپێكەوتنێكی‌ "نیقاش"دا ئومێد دەكات هەموو كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا بەگفتوگۆ چارەسەربكەن، باس لەوەش دەكات سڕكردنی‌ ریفراندۆم مانای‌ ئەوە نییە ئەو پرۆسەیە بەیەكجاری‌ كۆتایی‌ هاتووە، چونكە ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەنە ئەنجام ئەوا زیندوو دەكرێتەوە.

كاتێك رۆژی‌ 16ی‌ ئەم مانگە سوپای‌ عێراق‌و حەشدی‌ شەعبی‌ بەزەبری‌ هێز دەستیان گرتەوە بەسەر كەركوك‌و ناوچە كێشە لەسەرەكانی‌ تر، بەشێك لەسەركردەكانی‌ حزبەكەی‌ سەعدی‌ پیرە تۆمەتباركران بەوەی‌ دەستیان لەگەڵ حەشدی‌ شەعبی‌ تێكەڵكردووەو شاری‌ كەركوك كە جێنفوزی‌ یەكێتییە، بێ‌ بەرگری‌ رادەستی‌ حەشدی شەعبییان كردووە، سەعدی‌ پیرە لەچاوپێكەوتنەكەدا وەڵامی‌ بۆ ئەو قسانەو بابەتی‌ فرۆشتنی‌ نەوت بەسەربەخۆ هەیە.

نیقاش: حكومەتی‌ هەرێم لەدرەنگانێكی‌ چوارشەممە بڕیاری‌ سڕكردنی‌ ریفراندۆمیدا، بۆچی‌ ئەم بڕیارە درا؟

سەعدی‌ پیرە: بۆ كردنەوەی‌ دەرگای‌ گفتوگۆ بوو لەگەڵ بەغدا، ئەمەش لەسەر داوای‌ دۆستەكانی‌ كوردستان كە ناتوانین قسەكانیان رەت بكەینەوە، بەڵام ریفراندۆم سڕبكەین یاخود نا ئەم ژمارەیە لەزهنیەتی‌ خەڵك جێگیربووەو ئەم ژمارەیە رەش نابێتەوە.

نیقاش: بەڵام هەفتەی‌ پێشوو كە لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوە سووربوون لەسەر ئەوەی‌ ریفراندۆم دەبێ‌ ئەنجامەكانی‌ وەك خۆی‌ بمێنێت‌و كاری‌ پێبكرێ‌، چی‌ گۆڕا وا ئەو بڕیارەتاندا؟

سەعدی‌ پیرە: ریفراندۆم لەكاتی‌ گفتوگۆ لەگەڵ عێَراق كاری‌ پێناكرێت، بەڵام ئەگەر نەگەیشتینە ئەنجام ریفراندۆم هەیەو كاری‌ پێدەكرێت.

نیقاش: 92% خەڵكی‌ كوردستان داوای‌ جیابوونەوەیان كردووە لەعێراق ئێستا چی‌ وەڵامی‌ ئەوان دەدرێتەوە؟

سەعدی‌ پیرە: ئەگەر كۆمەڵگای‌ نێونەتەوەیی‌‌و بارودۆخەكە لەبار نەبێت خەڵك باجی‌ زیاتر بدات‌و بەرەو چارەنووسی‌ زیاتر ببرێت هەڵەیە.

نیقاش: ئەم بڕیارە چی‌ لەبارودۆخەكە دەگۆڕێ‌ هەم لەناو كوردستان‌و هەم بۆ پەیوەندیتان لەگەڵ عێراق؟

سەعدی‌ پیرە: خۆشەویستی‌ خەڵكی‌ كوردستان پیشان دەدات بۆ ئاشتی‌‌و دیالۆگ‌و ئەوەی‌ لەناوچە كێشە لەسەرەكان كرا دژ بەدەستوری‌ عێراق بوو كە نابێت سوپا بۆ یەكلای‌ كردنەوەی‌ ململانێی‌ سیاسی‌ بەكار بهینرێت.

نیقاش: سڕكردنی‌ ریفراندۆم بەمانای‌ ئەوە دێت تەواو ئەو پرۆسەیە كۆتایی‌ هات یان ئەشێ‌ لەسەردەمێكی‌ تردا سەرهەڵبداتەوە؟

سەعدی‌ پیرە: سڕكردن یەكجاریی‌ نییەو هەروەها بڕیارێكی‌ ئیداری‌ نییە، بەڵكو ئیدی‌ سەركردایەتی‌ سیاسیی‌ كوردستان راسپێردراوە كە گفتوگۆ بكات‌و نەوتراوە ئەمڕۆ یا سبەی‌ سەربەخۆی‌ رابگەیەنرێت، بۆیە گفتوگۆ بەردەوام دەبێت‌و لەئەگەری‌ رێكنەكەوتن ریفراندۆم هەیە.

نیقاش: كە ئەگەری‌ سڕكردنی‌ ریفراندۆم لەئارادابوو بۆچی‌ بەدیلی‌ وڵاتانی‌ جیهان پێش پرۆسەكە قبوڵنەكرا؟

سەعدی‌ پیرە: نامەیەك لەوەزیری‌ دەرەوەی‌ ئەمریكا هاتبوو دەڵێ واز لەریفراندۆم بێنن‌و ئێمە پشتیوانتانین، ئەگەر متمانەتان نییە ئێمە قسە لەگەڵ بەغدا دەكەین كە گفتوگۆكان سەربكەون‌و رێكەوتن بكرێت‌و جێبەجێبكرێت، ئەگەر قبوڵنەكرا، بەڵێنی‌ دەبوو بیر لەبەدیلی‌ تر بكەینەوە، ئێمە لەرووی‌ یاسایی‌ مافی‌ خۆمانە، بەڵام لەرووی‌ سیاسی‌‌و جوگرافی‌ كێشەمان هەبوو، ئەگەر سنورمان لەگەڵ ئێران‌و توركیا نەبوایە سنوری‌ دەریاییمان هەبوایە بارودۆخمان باشتر دەبوو.

نیقاش: كەسانێك هەن ئێوە وەك لیژنەی‌ باڵای‌ ریفراندۆم تۆمەتبار دەكەن، ئێوە خۆتان بەهەڵە دەزانن یان نا؟

سەعدی‌ پیرە: ئێمە دەبێت ئەو رەخنەیە قبوڵ بكەین‌و دەبێت بەخەڵك بڵیین كە پێشبینیمان وا نەبوو، بەتایبەت كاردانەوەی‌ ئێران‌و توركیا زۆر توند بوو بەجۆرێك هەڵویستیان زۆر توندتر بوو لەهەڵوێستی‌ حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق.

نیقاش: بەغدا داوای‌ فرۆكەخانەو خاڵە سنورییەكان دەكات، هەرێمی‌ كوردستان ئەوانیش رادەست دەكات؟

سەعدی‌ پیرە: فرۆكەخانەو خاڵە سنوریەكان دەسەڵاتی‌ حكومەتی‌ ناوەندە بەپێی‌ دەستور، بۆیە لەدەست ئەوانە، بەڵام ئەگەر فەرمانبەرێكی‌ تر بێنن لەشوێنی‌ تر بۆ بەڕێوەبردنیان ئەوا هەڵەیە، واباشترە فەرمانبەرەكان هەر خەڵكی‌ كوردستان بن، یا داوا لەكوردستان بكات كە فەرمانبەری‌ زیاتر یا كەمتری‌ لێبێت‌و بەغداش چاودێری‌‌و وربینی‌ بكات.

نیقاش: بەكورتی‌ چی‌ لەناوچە كێشە لەسەرەكان روویدا، ئەو گرژییە بۆ لەپڕ سەریهەڵداو پێشمەرگە چۆڵیكردن؟

سەعدی‌ پیرە: ئەوەی‌ رویدا هەڵەیەك بوو، هەڵەیەیەكی‌ گەورە بوو، بەپێی‌ ماددەی‌ 9 لەدەستوری‌ عێراق نابێت سوپا بەكار هێنرێت بۆ كێشە سیاسیەكان، ئەوەی‌ كرا بەكار هێنانی‌ سوپای‌ عێراق بوو بۆ كێشەی‌ سیاسی‌، ئەوەی‌ لەكەركوك‌و ناوچە كێشە لەسەرەكان رویدا بۆ پاراستنی‌ كەركوك بوو لەوێرانی‌‌و پاراستنی‌ ژیانی‌ خەڵك بوو بۆیە كشانەوە هەبوو، هێزی‌ پێشمەرگەو سوپای‌ عێراق دوو هێزی‌ زۆر نابەرامبەربوون.

نیقاش: ئایا رێككەوتنی‌ پێشوەختە هەبوو بۆ ئەو چۆڵكردنە یان نا؟

سەعدی‌ پیرە: رێكەوتنی‌ پێش وەخت كرابوو، لەنێوان توركیاو ئێران‌و عێراق بۆبەكارهێنانی‌ هێز، لەكۆبوونەوەی‌ مەكتەبی‌ سیاسی یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بڕیارمانداوە كە  لیژنەیەكی‌ لێكۆڵینەوە دوور لەمزایەدەو بەتایبەت  لەسەر ریفراندۆم‌و  كارەسەتەكانی‌ دوایی‌ لێكۆڵینەوە بكات‌و بەشێوەیەكی‌ وردو ئەنجامەكەشی‌ رابگەین كە لەبەرژەوەندی‌ یەكێتی‌ خۆشیەتی‌.

نیقاش: تۆ دەڵێیت پیلانی‌ نێودەوڵەتی‌ هەبوو لەوەی‌ كەركوكدا؟

سەعدی‌ پیرە: بەڵێ  پیلانی‌ هەرێمی‌ بوو بەجۆرێك رێكەوتنەكە توركیاو عێراق‌و ئێران بەئاگاداری‌ ئەمەریكا كردبوویان بۆ گێڕانەوەی‌ بیرە نەوتەكان‌و ناوچە كێشەلەسەرەكان، ئەو هێزە سەرەتا 48 كاتژمێری‌ داناو دواتر 24 كاتژمێر، بۆیە پێشمەرگە كشایەوە بۆ ئەوەی‌ ماڵوێرانی‌ رونەدات‌و ئەو شوێنانەی‌ كە رێكەوتنەكەیان پێنەگەیشتبوو شەهیدو برینداریشی‌ لێكەوتەوە.

نیقاش: راستە ئێران فشاری‌ لەیەكێتی‌ كردووە بۆ ئەوەی‌ شەڕ نەكات؟

سەعدی‌ پیرە: ئێران‌و توركیاو عێراق كۆكبوون كە ئەو ناوچانە وەربگرنەوە، بەڵێ‌ ئاگاداری‌ ئێمەو پارتیشیان كرد كە بە بێ شەڕ بكشێنەوە.

نیقاش: قاسم سولەیمانی‌ بەدۆستی‌ یەكێتی‌ ناسراوە، حكومەتی‌ هەرێمیش دەڵێت ئەو سەرپەرشتی‌ هێرشەكانی‌ كەركوكی‌ كردووە، بۆچی‌ دۆستەكەتان ئێستا لەدژتان وەستاوەتەوە؟

سەعدی‌ پیرە: لەهەرێمی‌ كوردستان بەهۆی‌ ئەوەی‌ دادوەر دەوری‌ خۆی‌ نابینێ‌‌و ئەو كەسانەی‌ تۆمەت دەخەنە پاڵ كەسی‌ تر لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناكرێت هەموو شتێك دەوترێت، ئەگەر قسەكە وابوو ئەوا دەڵێن قسەكەمان راست بوو ئەگەریش راست نەبوو هەر هیچ، ئێستاش كاتی‌ ئەوەیە لێكۆڵینەوە بكەین‌و یەكێتی‌ جدیەو لیژنەی‌ بۆ پێكهێناوە.

نیقاش: سێ‌ هێزی‌ سەرەكی‌ لەپەرلەمانەوە بڕیاری‌ درێژكردنەوەی‌ تەمەنی‌ پەرلەمانتاندا، ئایا دەكرێ‌ بڵێین دوای‌ درێژكردنەوەی‌ تەمەنی‌ دامەزراوەكان دیموكراسی‌ لەكوردستان لەبەردەم مەترسیدایە؟

سەعدی‌ پیرە: ناكرێت لەواقیع رابكەین، یەك ملیۆن پێنج سەد هەزار ئاوارە هەیە، شەڕ بەردەوامە‌و ناتوانین هەڵبژاردن بكەین‌و بارودۆخ لەبار نییە، تاوەكو ئەمن‌و ئاسایش دەگێرێتەوە ئینجا هەڵبژاردن بكرێت، ئێستا دەڵێن هەشت مانگ بەبڕوای‌ من كەمەو ساڵێكی‌ پێویستە.

نیقاش: چەندجارێك بەرپرسانی‌ پارتی‌ وتویانە بارزانی‌ دەست لەكار دەكێشێتەوە، ئەمە تا چەند راستە؟

سەعدی‌ پیرە: زانیاریم لەسەر ئەوە نییە، بەڵام لەدونیادا بووە كە كەسێك پڕۆژەیەكی‌ پێیەو سەركەوتوو نەبوو دەست لەكاردەكێشێتەوە، بۆ نمونە جەمال عەبدولناسری‌ سەرۆكی‌ میسر دەستی‌ لەكار كێشایەوە، بەڵام ئایا بارزانی‌ ئەمە دەكات یا نا، نازانین‌و پارتی‌ خۆیان دەتوانن وەڵام بدەنەوە.

نیقاش: دۆخی‌ ناوخۆی‌ كوردستان بەكوێ‌ دەگات؟

سەعدی‌ پیرە: دەبێت دابنیشین كە كێشەكان چارەسەر بكەین، ئێستا یەكێتی‌ پەنجا كێشەی‌ تێدایە ناكرێت هەریەك حزبێك دروست بكەین، بۆ یەكێتی‌ غیابی‌ مام جەلال هۆكاری‌ سەرەكییە بۆ بزووتنەوەی‌ گۆڕانیش غیابی‌ كاك نەوشیروان، بۆیە لەسەر ئاستی‌ كوردستانیش پێویستمان بەگفتوگۆی‌ جدی‌ هەیە.

نیقاش: حكومەتی‌ هەرێم توانای‌ دارایی‌ ئەوەندە ماوە موچەی‌ فەرمانبەران بدات؟

سەعدی‌ پیرە: حكومەتی‌ هەرێم قەرزەكانی‌ داوەتەوەو تەواو بووە، ئەوەی‌ ماوە مووچەیە، بەڵام بیرە نەوتەكان لەدەست حكومەتی‌ عێراقەو پێم وایە هاوڵاتی‌ زیانی‌ پێ ناگات.

نیقاش: بەرای‌ تۆ ئاكامی‌ دەستپێكردنەوەی‌ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا چی‌ دەبێت؟

سەعدی‌ پیرە: باش دەیبینم، عێراق لەبەردەم هەڵبژاردندایەو مەلەسەی‌ كورد بۆ دەنگ پەیداكردن بەكاردەهێن، ئەوەی‌ لەمیدیا دەوترێت شتێكە، بەڵام لەپشت دەرگا داخراوەكان قسەی‌ تر هەیە.

نیقاش: دوای‌ ئەو شكستەی‌ تووشی‌ پێشمەرگە هات، باری‌ كوردستان لەگفتوگۆكاندا لاواز نەبووە، واتە دەتوانن بەهەمان هێزی‌ جارانەوە دانوستان بكەن؟

سەعدی‌ پیرە: كاریگەری‌ نابێت‌و حەشدی‌ شەعبی‌ ناتوانێت ناوچە كێشەلەسەركان بپارێزێت، چونكە ئەوان بۆ ئەركی‌ شەڕی‌ داعش دروستكران نەك بۆ شەڕی‌ كورد كە لەخزمەتی‌ شیعەو عێراقدا نییە.

نیقاش: ئەمەوێ‌ رای‌ تۆ بزانم، دوای‌ ئەوەی‌ روویدا، هەنگاوی‌ فرۆشتنی‌ نەوت بەسەربەخۆ هەنگاوێكی‌ راست بوو یان نا؟

سەعدی‌ پیرە: بە ڕای‌ من سەركەوتوو نەبووەو فرۆشتنی‌ نەوت كاری‌ وڵاتێكەو بازاڕو شێوەی‌ خۆی‌ هەیە، كە توركیا دەڵاڵە پارەی‌ دەوێت، ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێك 10 دۆلار بێ زۆرە، بۆچی‌ لەرێگەی‌ سۆمەوە نەیفرۆشین، بۆیە من ئێستاو پێشترین زۆرم پێ باشتر بووە نەوتەكە لەرێگەی‌ سۆمۆوە بێت‌و ئەوانیش بودجەمان پێ بدەن‌و مووچە بدەین.

نیقاش: ئەی‌ ریفراندۆم هەنگاوێك بوو لەجێی‌ خۆیدا بوو یان نا؟

سەعدی‌ پیرە: دەرچوو كاتەكەی‌ گونجاو نەبوو ریفراندۆم لەرووی‌ یاساییەوە كێشەی‌ نەبوو، بەڵام تەنیا یاسایی‌ نییە، بەڵكو لایەنی‌ سیاسیشی‌ هەیە لەرووی‌ سیاسی‌‌و جوگرافیا پێویستی‌ بەوردبوونەوەی‌ زیاترو زەمانەتی‌ زیاتر هەبوو.

نیقاش: نەجمەدین كەریم كە لەسەر لیستی‌ ئێوە پارێزگاری‌ كەركوك بوو لەپۆستەكەی‌ لابرا، ئێستا باس لەدیاریكردنی‌ فەرمانڕەوایەكی‌ سەربازی‌ دەكرێت بۆ كەركوك ئەمەیان چییە؟

سەعدی‌ پیرە: ئەمە نە قسەی‌ لەسەر كراوەو رێی‌ تێ ناچێت،  بابەتی‌ دانانی‌ دادوەری‌ عەسكەری‌ گوێم لێ نەبوە، بەڵكو كەسێك هەیە بەرپرسی‌ هێزەكانی‌ دژە تیرۆرە لەپۆلیسی‌ فیدراڵی‌ رەنگە بمێنێتەوە بۆ هاوكاری‌ پۆلیسی‌ نەك حكومڕانی‌، خۆ ئەگەر تۆ باسی‌ دەكەیت هەبێت كاردانەوەی‌ خراپی‌ دەبێت.

نیقاش: یەكێتی‌ دوای‌ مام جەلال چی‌ بەسەردێ‌، مەترسی‌ پەرتەوازەبوونی‌ نییە؟

سەعدی‌ پیرە: یەكێتی‌ لەوەی‌ ئێستای‌ خراپتری‌ بەسەر نایەت‌و لەداهاتوویەكی‌ نوێ كۆنگرە دەكات‌و نوێبوونەوەی‌ دامەزراوەكانی‌ خۆی‌ دەكات، خۆ ئەگەر ئەمە نەكات كێشەكان چارەسەر نابن.

نیقاش: كێ‌ شوێنەكەی‌ مام جەلال پڕ دەكاتەوە؟

سەعدی‌ پیرە: شوێنەی‌ مام جەلال بەو بیركردنەوە ئێستا نا، بەڵكو رەنگە بۆ ئەوكاتی‌ كە پۆستی‌ سكرتێر دانراوە گرنگ بوە، بەڵام بۆ ئێستا پێویست نەبێت.

نیقاش: جیابوونەوەی‌ بەرهەم ساڵح یەكێتی‌ لاواز ناكات؟

سەعدی‌ پیرە: بەڵێ كاریگەری‌ دەبێت و دكتۆر بەرهەم كادیرێكی‌ كاراو جێگری‌ دووەمی‌ سكرتێر بووە، بەڵام دكتۆر بەرهەم لەناو یەكێتی‌ جیاوازە لەدكتۆری‌ بەرهەمی‌ دەرەوەی‌ یەكێتی‌.

بەپەلە