سوپاو پێشمەرگەو حەشدی شەعبی شەڕ بەچەكی‌ ئەمەریكی‌‌و ئەڵمانی‌ دەكەن

sharpress.net

5765 جار خوێندراوه‌ته‌وه

26/10/2017‌

شارپرێس: نیقاش
لەشەڕەكانی‌ دە رۆژی‌ رابردووی‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و پێشمەرگە هەردوولا یەكتری‌ تۆمەتباردەكەن بەوەی‌ ئەو چەكانەی‌ بۆ شەڕی‌ داعش پێیان دراوە ئێستا لەدژی‌ یەكتری‌ بەكاری‌ دەهێنن.

رۆژی‌ 16 مانگ لەخوارووی‌ كەركوك شەڕی‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و پێشمەرگە لەلایەك‌و پێشمەرگەش لەلایەكەی‌ تر دەستی‌ پێكرد، هەندێ‌ لەو فەرماندە سەربازییانەی‌ لەشەڕەكەی‌ كەركوك كشانەوە رایانگەیاند چەكی‌ وایان دژ بەكارهاتووە كە پێشتر لەژیانی‌ سەربازی‌ خۆیاندا نەیانبینیوە، دواتریش ئەنجومەنی‌ ئاسایشی‌ هەرێم‌و هێزەكانی‌ پێشمەرگە لەچەند بەیاننامەیەكی‌ جیاوازدا وتیان سوپاو حەشد ئەو چەكە ئەمەریكیانە دژی‌ پێشمەرگە بەكاردەهێنن كە بۆ شەڕی‌ داعش پێیان دراوە.

چوار رۆژ دواتر هێزە كوردییەكان لەشەڕی‌ پردێ‌ – ئاڵتون كۆپری‌ وێنەو ڤیدیۆی‌ چەند تانك‌و ئۆتۆمبێلێكی سوتاویان بڵاوكردەوەو رایانگەیاند توانیویانە تانكێكی‌ (ئابرامس)ی‌ ئەمەریكی‌ بسوتێنن كە یەكێكە لەپێشكەوتوترین تانكەكانی‌ جیهان.

هەمان ڕۆژ شانەی‌ راگەیاندنی‌ سەربازی‌ سەر بەفەرماندەیی‌ ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی‌ عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند پێشمەرگە ئەو رۆكێتە ئەڵمانیەیان دژی‌ سوپا بەكارهێناوە كە بۆ شەڕی‌ داعش پێیان دراوەو دەبوو تەنیا بۆ ئەو شەڕە بەكاری‌ بهێنن.

وەڵامی‌ پێشمەرگە زوو هاتەوەو میحوەری‌ رۆژئاوای‌ كەركوكی‌ پێشمەرگە رایگەیاند ئەوان بەهیچ شێوەیەك چەكی‌ میلانیان بەكارنەهێناوە.

ئەم بێنەو بەردەیە وا بەزوویی‌ نابڕێتەوەو هەردوو لایەنی‌ ناكۆكییەكەش داوای‌ لێكۆڵینەوە دەكەن لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام ئەوەی‌ روونە ئەو چەكە زۆرو زەوەندانەی‌ بۆ شەڕی‌ داعش وەرگیراون، بێگومان بەشێكیان دەخزێنە ناو شەڕە ناوخۆییەكانەوە.

لەكاتێكدا سوپای‌ عێراق لەحوزەیرانی‌ 2014 لەسێ‌ پارێزگای‌ گەورەی‌ عێراق لەدژی‌ داعش شكا (نەینەوا، ئەنبار، سەلاحەدین) بەهەزاران چەكی‌ ئەو سوپایە كەوتنە دەست داعش كە تانك‌و زرێپۆش‌و ئۆتۆمبێلی‌ جەنگیان تێدا بوو، بەهەمان شێوە بەشێك لەو چەكانە بۆ پێشمەرگەش جێمان.

لەماوەی‌ سێ‌ ساڵی‌ شەڕی‌ داعش دیسانەوە لەلایەن ئەمەریكاو وڵاتانی‌ دەرەوە كۆمەكی‌ سەربازی‌ سوپاو پێشمەرگە دەكرا، چەندین راپۆرتی‌ میدیاییش بڵاوبوونەوە لەسەر ئەوەی‌ كە رەنگە رۆژێك ئەم چەكانە بۆ ململانێ‌ ناوخۆییەكان بەكاربێن، بەتایبەتی‌ كە لەرێی‌ حكومەتی‌ عێراقییەوە بەشێك لەو چەكانە دیسانەوە دەدرایەوە بەهێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌‌و پێشمەرگەش بەشی‌ خۆی‌ وەردەگرت.

حاكم زاملی‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ ئاسایش‌و بەرگری‌ لەپەرلەمانی‌ عێراق دەڵێت "ئەو چەك‌و تانكانەی‌ هاوپەیمانان بەعێراق‌و هەرێمی‌ كوردستانیان داوە بۆ ئەوە بووە تەنیا بۆ شەڕی‌ داعش بەكاریبێنن‌و هەر جموجۆڵێكیان لەدەرەوەی‌ ئەوە پێبكرێت نایاساییە".

حاكم زاملی‌ دڵنیا نەبوو لەبەكارهێنانی‌ ئەو چەكانە لەم شەڕەی‌ دواییداو بە"نیقاش"ی‌ وت "هەردوولا یەكتری‌ تۆمەتبار دەكەن بەبەكارهێنانی‌ چەكی‌ ئەڵمانی‌‌و ئەمەریكی‌، ئێمەش دەبێ‌ لێكۆڵینەوە بكەین بۆ ئەوەی‌ لەوە دڵنیا بین".

بەپێی‌ ئەو ڤیدیۆو وێنانەی‌ لەنزیك كەركوك لەشەڕەكەی‌ ئەم دواییەدا دەركەوتن، هێزەكانی‌ سوپاو حەشدی‌ شەعبی‌ چەندین تانكی‌ (ئابرامز)و ئۆتۆمبێلی‌ سەربازی‌ (هامفی‌)‌و چەكی‌ پێشكەوتوویان پێبوو كە بەشێكیان بۆ شەڕی‌ داعش وەریانگرتبوو.


هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بوو زوو پێشمەرگە هاواری‌ لێهەستاو فەرماندەكانی‌ رایانگەیاند "چۆن دەبێت میلیشیاكانی‌ سەر بەئێران بەچەكی‌ ئەمەریكی‌ شەڕی‌ ئێمە بكەن".

لیوا عەلی‌ فازڵ‌ فەرماندەی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ خۆرهەڵاتی‌ دیجلە پێداگری‌ دەكات لەسەر ئەوەی‌ پێشمەرگە چەكی‌ میلانیان دژی‌ هێزەكانی‌ پۆلیسی‌ فیدراڵی‌‌و سوپاو چەكدارانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌‌و هێزی‌ ئاڵتوونی‌ بەكارهێناوە.

لیوا فازڵ ناراستەوخۆ دان دەنێت بەبەكارهێنانی‌ ئەو چەكە نوێیانە لەلایەن سوپاوە لەهەندێ‌ سنوری‌ دیاریكراوداو بە"نیقاش"ی‌ وت "هەر كەسێك دەڵێت سوپا چەكی‌ وەرگیراوی‌ بۆ شەڕی‌ داعش بەكارهێنراوە دژی‌ پێشمەرگە با بەڵگەكانی‌ بخاتەڕوو، ئەوەی‌ ئێمە بەكارمان هێناوە لەم شەڕەدا پێداویستیە سەربازییەكانی‌ سوپای‌ پێشووی‌ عێراقییە، بەڵام لەو كاتانەی‌ بەشێك لەكەرەستە سەربازییە نوێیەكانمان دەگواستەوە بۆ پارێزگای‌ كەركوك كە لەهاوپەیمانان وەرمانگرتووە، لەهەندێ‌ شوێن هێرشیان كراوەتە سەرو ئەوانیش بەرگریان لەخۆیان كردووە".

قسەو باسی‌ زۆر لەسەر ئەوە هەبوو كە پێشمەرگەش بەهەمان شێوە چەكە ئەڵمانی‌‌و ئەمەریكییەكانی‌ شەڕی‌ داعشی‌ لەو شەڕەدا بەكارهێناوە.

تیمی‌ "نیقاش" وردبینی‌ بۆ ئەو ڤیدیۆیانە كرد كە رۆژی‌ شەڕەكەی‌ پردێ‌ لەمیدیاكانەوە بڵاودەبوونەوە، لەهیچ یەكێك لەڤیدیۆكاندا چەكی‌ میلانی‌ ئەڵمانی‌ بەدەرنەكەوت، كە پێشمەرگە بۆ شەڕی‌ داعش وەریگرتبوون‌و كاریگەری‌ گەورەیان هەبوو بۆ تێكشكاندنی‌ ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكان، بەڵام لەیەكێك لەڤیدیۆكاندا زیاد لەجارێك جۆرە چەكێكی‌ تایبەت بەدەست پێشمەرگەیەكەوە دەردەكەوێت.

بەوردبوونەوە لەجۆری‌ چەكەكەو گەڕان‌و كنەكردن‌و پرسكردنی‌ كەسانی‌ شارەزا، دەركەوت ئەو جۆرە چەكە لەنەوەی‌ نوێی‌ چەكی‌ (Panzerfaust)ی‌ ئەڵمانییە، ئەم چەكە لەكاتی‌ جەنگی‌ دووەمی‌ جیهانی‌ لەساڵی‌ 1943 پەرەی‌ پێدراوەو دژە تانك‌و زرێپۆشەو ئێستا چەندین جۆری‌ پێشكەوتووی‌ هەیە، جۆری‌ (Panzerfaust 3)  نوێترینیانە كە هەمان ئەو چەكەیە بەدەست پێشمەرگەوەیە.

لەسێپتەمبەری‌ ساڵی‌ 2015 ئەڵمانیا بڕێك چەكی‌ بۆ هێزەكانی‌ پێشمەرگەو سوپای‌ عێراقی‌ نارد بۆ رووبەرووبوونەوەی‌ داعش، باس لەوەش دەكرا كە سەدان چەكی‌ میلان‌و 400 چەكی‌ (Panzerfaust)و بیست هەزار چەكی‌ سوك‌و چەند ملیۆن فیشەكێك بووە.

كەواتە پێشمەرگە ئەم چەكانەی‌ لەسەردەمی‌ شەڕی‌ داعشدا وەرگرتووە كە ئێستا بەدەست پێشمەرگەكانەوە لەبەرەی‌ شەڕەكانی‌ نزیك كەركوك دەبینرێت.

لیوا محەمەد رێگر جێگری‌ فەرماندەی‌ میحوەری‌ رۆژئاوای‌ كەركوكی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان بەكارهێنانی‌ چەكی‌ ئەڵمانی‌ نوێ‌ لەو شەڕەدا رەت دەكاتەوەو دەڵێت "هەینی‌ رابردوو چەند تانكێكی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەكەركوكەوە لەهەوڵی‌ ئەوەدابوون بەرەو پارێزگاری‌ هەولێر بچن، بەڵام ئێمە لەناحیەی‌ پردێ‌ رووبەڕویان بوینەوە، پێشمەرگە جگە لە چەكەكانی‌ خۆیی‌‌و دەبابەی‌ (T55)ی‌ روسی‌ كە بەهۆی‌ شكستی‌ سوپای‌ عێراق لەحوزەیرانی‌ 2014 كەوتە دەستمان، هیچ جۆرە چەكێكی‌ دیكەمان بەكار نەهێناوە".

لیوا محەمەد بە"نیقاش"ی‌ وت "چەكدارانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ بەتانكی‌ ئەبرامس‌و تانكی‌ (T72) هەمەری‌ گولەنبڕی‌ ئەمریكی‌ هێرشیان كردە سەر هێزەكانی‌ پێشمەرگە لەرۆژئاوای‌ كەركوك".

هەردوو لایەنی‌ ناكۆك تۆمەتەكانی‌ سەریان رەت دەكەنەوە، بەڵام ئەوەی‌ لەوێنەو ڤیدیۆكاندا دەبینرێن شتێكی‌ ترن، تەنانەت پسپۆڕانی‌ لەخوێندنەوەیان بۆ ئەو وێنەو ڤیدیۆیانە بەكارهێنانیان پشت راست دەكەنەوە.

هیوا ئەسعەد شارەزایی‌ بواری‌ سەربازی‌‌و ئەفسەری‌ كوردی‌ هێزە تایبەتەكانی‌ سوپای‌ پێشووی‌ عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە هەردوو لایەنی‌ دژ بەیەك زۆربەی‌ ئەو چەكانەیان دژی‌ یەكتر بەكارهێناوە كە بۆ شەڕی‌ دژی‌ داعش وەریانگرتووە.

هیوا بە"نیقاش"ی‌ وت "بەهەموو شێوەیەك بەكارهێنانی‌ ئەو چەك‌و تانكانە بۆ یەكلاكردنەوەی‌ كێشە ناوخۆییەكان قەدەغە كراوە، چونكە هەردوو لایەنی‌ كوردی‌‌و عێراقی‌ لەكاتی‌ وەرگرتنی‌ چەكەكاندا بەوە رازی‌ بوون‌و واژۆیان كردووە كە تەنیا بۆ شەڕی‌ داعش بەكاربێت".

هیوا دەشڵێت "ئەم دۆسێیە دادگا دەتوانێ‌ یەكلایی‌ بكاتەوە، هەرچەندە من بێهیوام لەوەی‌ دادگا ئەنجامێكی‌ هەبێت، چونكە هەردوولا دەتوانن فێڵ لەرێرەوی‌ یاسایی‌ ئەو دۆسێیە بكەن".

لەهەمان رووەوە ئەفسەرێكی‌ هەواڵگری‌ لەوەزارەتی‌ پێشمەرگە كە لەنزیكەوە ئاگاداری‌ ئەو دۆسێیەیەو بەمەرجی‌ ناو نەهێنانی‌ قسەی‌ بۆ "نیقاش" كرد، باسی‌ لەوە كرد هەموو لایەنەكانی‌ ئەو شەڕە بەسوپای‌ عێراق‌و حەشدی‌ شەعبی‌‌و تەنانەت پێشمەرگەشەوە زۆربەی‌ جۆری‌ ئەو چەكانەیان بەكارهێنانەوە كە بۆ شەڕی‌ داعش وەریانگرتووە.

ئەو ئەفسەرە لیستی‌ چەكەكانی‌ بۆ "نیقاش" ریزكرد، بەجۆرێك ئەوانەی‌ لایەنی‌ عێراقی‌ بەكاریانهێناوە برتین لە:  تانكی‌ ئابرامس، (AT4)ی‌ دژە تانكی‌ ئەمەریكی‌، رۆكێتی‌ گرات‌و ئۆتۆمبێلی‌ هامفی‌.

هەروەها ئەوەی‌ لایەنی‌ پێشمەرگەش بەكاریانهێناوە بریتین لە: چەكی‌ (M4)ی‌ ئەمەریكی‌‌و (G36)ی‌ ئەڵمانی‌‌و چەكی‌ میلان‌و دۆشكەی‌ (50 Cal)ی‌ ئەمەریكی‌.

بەهۆی‌ باری‌ گرژی‌ ناوخۆی‌ عێراقەوە بەلای‌ زۆربەی‌ چاودێرانەوە چاوەڕوانكراوبوو رۆژێك لەرۆژانە هێزە ناكۆكەكان ئەو چەكانە لەناوخۆدا دژی‌ یەكتری‌ بەكاربهێنن، بەڵام مەزەندە نەدەكرا وا بەزویی ئەوە رووبدات.






ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved