رووداوەكانی‌ كوردستان گورزیان لەهەرێمی‌ بەسرە وەشاند

عیراق

28/10/2017‌ 2263 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ریفراندۆمی كوردستان‌و رووداوەكانی‌ دوای‌ ئەو وایكردووە بەشێكی‌ خەڵكی‌ بەسرە بیرۆكەی‌ هەرێمی‌ بەسرە زیندوو بكەنەوە، بەشێك لەترسەكەش باڵادەستی‌ بەغدایە.

سەمیر رەحیم مالیكی ئەندامی لیژنەی سیاسی‌و بەرپرسی نووسینگەی ئەمیندارێتی گشتی كوتلەی بنیاتنان‌و چاكسازی پێی وایە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە لەئێستادا زیاتر زەحمەت بووە‌و ئەوەش رەتكردنەوەی بەردەوامی داواكاری پێكهێنانی هەرێمەكەی لەلایەن هەموو حزبە دەستڕۆیشتووەكانەوە پتەوتركردووە.

لەو بارەیەشەوە بە "نیقاش"ی وت "پێكهێنانی هەرێم لەبەرژەوەندی حزبەكاندا نییە، بەڵكو زیان بە هەژموونیان لە بەسرە دەگەیەنێت، لەبەرئەوە بەهەموو شێوەیەك دژایەتی بیرۆكەكەیان كرد، رووداوەكانی ئەم دواییەش بیانوویەكی نوێی دانەدەست، دواكارییمان بۆ پێكهێنانی هەرێم روون بوو، پشتیوانی جەماوەریشمان بەدەست هێنا، بەڵام حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران فەرامۆشی كرد‌و وەك دەوترێت خستیە ژێر مێزەوە".

هەروەها دەڵێ "وەك ئاشكرایشە بەتێەڕبوونی كات جموجوڵی جەماوەر ساردوسڕی تێدەكەوێت، چونكە ئەم داواكاریانە پێویستیان بە درێژەپێدان‌و هەماهەنگییە، لە كاتێكیشدا هەوڵی كاراكردنی بانگەشەی دامەزراندنی هەرێممان دەدا كە مافێكی دەستووری‌و یاساییە، داواكاری مەسعود بارزانی بۆ ریفراندۆمی جیابوونەوە سەری هەڵدا كە وای لێكردین پەلە نەكەین".

سەمیر مالیكی پێی وایە رێگای گەیشتن بە پێكهێنانی هەرێم تەنیا لەڕێی داواكاری جەماوەری‌و بزاوتی مەدەنییەوە بەدینایەت، بۆیە پێویستە كوتلەیەكی سیاسی بەسرەیی پێكبهێنن پشتیوانی بۆچوونەكانیان بكات، دەشڵێت "كوتلەی بنیاتنان‌و چاكسازی لەدایك بوو كە بەرەسمی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن تۆمار كراوە‌و دەچینە شەڕی هەڵبژاردنەوە لەبەرئەوەی باوەڕمان وایە داواكارییەكانمان بۆ پێكهێنانی هەرێم دەبێت ئەندام‌و پەرلەمانتاری هەبێت لە پارێزگا‌و پەرلەماندا پشتیوانی بكەن".

خەڵكی بەسرە هەستێكی ناخۆشیان هەیە بەرامبەر بەفیڕۆدانی پارەی ئەو بودجە زۆروزەوندانەی لە واقیعدا هیچ شتێكی جێبایەخیان لێ نەهاتۆتەدی، ئەوەش كە زیاتر توڕەی كردوون ئەوەیە زۆربەی ئەوانەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی خۆجێییان گرتووەتەدەست سەر بە پارێزگاكانی تر بوون‌و حزبە براوەكانیان لە هەڵبژاردندا هێناویانن‌و زۆربەشیان بە دەستلەكاركێشانەوە یاخود زیندانیكردن كۆتاییان هاتووە وەك ئەوەی بەمدواییانە بەسەر ماجید نەسراوی پارێزگاری بەسرە‌و سەباح بەزونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا روویدا كە بە تۆمەتی گەندەڵی خرایە زیندانەوە.

چالاكوان حەیدەر حاتەم پێی وایە خەڵكی كوردستان لە سامانی نەوتی بەسرە كەمتریان هەیە‌و هەر لە سەرەتاوە هەرێمی خۆیان بەدەستهێناوە كە لە هەموو بوارەكانی ئاوەدانی‌و خزمەتگوزاریدا زۆر پێشكەوتووە بە بەراورد بە پارێزگای بەسرە كە ژمارەی دانیشتووانی لە 3 ملیۆن كەس زیاترە‌و گرنگترین سامانی نەوتی عێراق‌و بەندەرەكانی لەخۆدەگرێت هاوكات بەدەست فەوزا‌و هەژاری‌و وێرانكارییەوە دەناڵێنێت.

ئەو لەبارەی پرۆژەكەیان بە "نیقاش"ی وت: "ئێمە بیر لە سەربەخۆبوون لە عێراق ناكەینەوە وەكو خواستەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام پێمان وایە باشترین رێگا بۆ بنیاتنانی بەسرە‌و لەناوبردنی گەندەڵی بەربڵاو لە چومگەكانی پارێزگاكەدا خۆی لە دامەزراندنی هەرێم‌و رادەستكردنی ئیدارەكەی بە خەڵكی بەسرە دەبینێتەوە".

بەڵام بانگەشەكەرانی دامەزارندنی هەرێم هەست دەكەن لێكەوتەكانی ئەم دواییە پێویستیان بەوە هەیە لە ئێستادا پەلە نەكەن، چونكە مەزاجی گشتی پشتیوانی لە جموجوڵەكانی حكومەتی فیدراڵی دەكات لە دژی هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەشەوە حاتەم دەڵێت: "دەمانەوێت دەرفەت لەدەست ئەوانە بدەین كە بانگەشە بۆ فەوزا دەكەن لە پارێزگاكانی عێراق لەژێر ناونیشانی پێكهێنانی هەرێم‌و ئەو شتانەدا، بەڵام كاتێك ئاڵۆزییەكانی باكوور كۆتاییان دێت بەروونی دەكەوینە جموجوڵ".

بانگەشەكانی دامەزارندنی هەرێم رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بوونەتەوە، چونكە ئەو دەنگانەی داوای دواخستنی دامەزراندنی هەرێمەكان دەكەن پاساوی خۆیان لە لێكەوتەكانی رووداوەكانی كوردستاندا دۆزیوەتەوە، دكتۆر جەواد بەزونی بەرپرسی رەوتی حیكمەت لە بەسرە (رەوتەكەی عەممار حەكیم) دەڵێت ئەزموونی كوردستانی عێراق بە هەرێمێك دەستیپێكرد‌و بە كۆنفیدراڵییەك كۆتاییهات كە داوای جیابوونەوەی دەكرد ئەوەش رەنگدانەوەی نەرێنی هەبوو لەسەر قازانجەكانی پێكهێنانی هەرێمەكان لەترسی ئەوەی نەبێتە هۆی دابەشبوونی عێراق.

سەبارەت بە رەنگدانەوەی ئەو رووداوانەش لەسەر رەوشی گشتی ئەو بۆ "نیقاش"ی روونكردەوە "كورد هەموو دەوڵەتیان تووشی شڵەژان كرد‌و چیتر وێنە ئەو دەوڵەتە روون نییە، ئایا دەوڵەتێكی فیدراڵییە كە پێویستە چەند هەرێم یان كۆنفیدراڵییەك بێت یاخود دەوڵەتێكی ناوەندییە بە دەسەڵاتی فراوانی پارێزگاكانەوە؟ لەبەرئەوە پێدەچێت راگەیاندنی سەربەخۆیی لەلایەن كورد‌و لێكەوتەكانی ئەم دواییە، عێراق بگێڕنەوە بۆ دەوڵەتێكی ناوەندی بەدەسەڵاتی فراوانی پارێزگاكانەوە بە پارێزگا كوردییەكانیشەوە كە پێویستە مانەوەیان لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان لەژێر ئەو رێوشوێنە حكومیانەدا بێت كە بەمدواییانە رویاندا وەك كۆنترۆڵكردنی فڕۆكەخانەكان‌و دەروازە سنوورییەكان‌و هەناردەكردنی نەوت‌و سوپا‌و كاروبارە سیادییەكانی دیكە".

شێخ جەلیل ساڵحی ئەمینداری گشتی دامەزراوەی عەشایرەكانی عێراق لە بەسرە  داواكارییەكانی پێكهێنانی هەرێم رەتدەكاتەوە‌و پاساوی ئەو هەڵوێستەیشی بۆ "نیقاش" دەهێنێتەوە‌و دەڵێت: "ئێمە وەك كۆمەڵگەیەكی عەشایری قایلین بەوەی دەستوور بڕیاری لێدەدات‌و ئەوەی مەرجەعیەتی ئایینی سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین دەیڵێت".

دەشڵێت: "لەگەڵ ئەوەشدا داوا دەكەین دەسەڵاتی زیاتر بە پارێزگاكانی باشوور بەتایبەتی بەسرە بدرێت تا رەوشی خزمەتگوزاری‌و ئاوەدانیان بەرەوپێش ببەن‌و لە ئاستی هەرێمی كوردستاندا بن لەڕووی سوودوەرگرتن لە سامان‌و داهاتەكان‌و لەبری بانگەشە بۆ پێكهێنانی هەرێمەكان پێویستە تەركیز بخرێتە سەر جێبەجێكردنی یاسای 21ی تایبەت بە پارێزگاكان".

لە ساڵی 2008دا هەوڵەكانی پەرلەمانتاری پێشوو دادوەر وائیل عەبدوللەتیف بۆ پێكهێنانی هەرێمی بەسرە شكستیان پێهێنرا لەبەر ئەوەی ئەو راپرسییەی سەبارەت بە هەرێمەكە ئەنجام درا رێژەی پێویست دەنگی نەهێنا.

عەبدوللەتیف پێی وایە ناكرێت پرۆژەی هەرێمی بەسرە‌و ئەوەی لە كوردستان روویدا پێكەوە گرێبدرێن‌و لەوبارەیەوە بە "نیقاش"ی وت: "بانگەشەی راگەیاندنی هەرێمی بەسرە داواكارییەكی یاسایی‌و دەستوورییە لەكاتێكدا ریفراندۆم لە باكووری عێراق پێچەوانەی یاسا‌و دەستوورە".

لەبەرامبەریشدا تاو ناتاوێك چەند دەنگێك لە حكومەتی خۆجێی بەسرەدا بەرزدەبنەوە‌و داوای دامەزراندنی هەرێمی بەسرە دەكەن كە دوایینیان وەلید گیتان ئەندامی ئەنجومەنەكە بوو، هاوكات چالاكوان سەمیر رەحیم مالیكی ئەو بانگەشانە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە "كارتی گوشارن، هەروەك پێشتر سەباح بەزونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەكاریهێنا بۆ تێپەڕاندنی هەندێك بڕیار كە سوودیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان‌و بەرژەوەندی كوتلەكانیان هەبوو".

دەشڵێت: "دوور لە موزایەدە ئێمە داوای هەرێمێكی ئیداری دەكەین كە مافەكانی بەسرە دابین بكات بەپێی دەستوور، ئەوەش پاشكەوتەییمان بۆ ناوەند‌و ئەو حزبانە كۆتایی پێدێنێت كە لە ململانێدان لەسەر دەستكەوت، بڕیارەكەش لەبەرژەوەندی هاووڵاتیانی بەسرەدا دەبێت، چونكە هەرێم لەوە تێپەڕ نابێت كە بەڕێوەبردنی داهاتەكانی بەسرەیە لەڕێی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانەوە، لەكاتێكدا وەزارەتە سیادییەكان بەدەستی حكومەتی ناوەندەوە دەمێننەوە".

مالیكی پێی وایە ئەوەی لە كوردستان روویدا شتێكی ئەرێنییە‌و لە بەرژەوەندی پێكهێنانی هەرێمەكاندایە‌و دەڵێت: "ئەمڕۆ دەتوانین هەمووان دڵنیابكەینەوە لەوەی ترس لە پێكهێننانی هەرێم نییە، چونكە حكومەتی ناوەند بەرپەرچی هەر كەسێك دەداتەوە بیر لە جیابوونەوە بكاتەوە".