شەڕی‌ كەركوك وێنە كۆنەكانی‌ زیندووكردەوە
یەمەن‌و سعودییەو سوریاو لیبیاو مارك زوكەربێرگ لەعێراق بوون

عیراق

28/10/2017‌ 4383 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەو وێنەو ڤیدیۆ ساختانەی‌ لەماوەی‌ هەفتەی‌ رابردوودا لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرانەوە، رەنگە لەمێژووی‌ ململانێكانی‌ عێراقدا هەرگیز ژمارەیان هێندە نەبووبێت، چونكە سەدان وێنەو ڤیدیۆیان تێپەڕاند.

لەو كاتەوەی‌ ناكۆكی‌و لەشكركێشی‌ سەربازی‌ نێوان بەغداو هەرێم لەرۆژی‌ 16ی‌ ئەم مانگەوە دەستی‌ پێكردووە، جەماوەری‌ هەردوو لایەنی‌ ناكۆك لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرچی‌ وێنەی‌ شەش ساڵی‌ رابردووی‌ شەڕەكانی‌ سوریاو لیبیاو عێراق هەیە بەناوی‌ ئەم شەڕەی‌ كەركوكەوە بڵاویان كردووەتەوە.

ژمارەی‌ وێنەو ڤیدیۆ ساختەكان بەسەدانن، بەڵام "نیقاش" بۆ بەرچاوڕوونی‌ تەنیا چەند دانەیەكیانی‌ ساخكردەوەو راست‌و دروستییەكەی‌ دەرخستن.

دوای‌ ئەوەی‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و حەشدی‌ شەعبی‌ چوونە پارێزگای‌ كەركوك، رۆژی‌ 20ی‌ مانگ یەكەم رووبەرووبوونەوەی‌ توندی‌ نێوان پێشمەرگەو سوپا لەنزیك ناحیەی‌ پردێ‌ – ئاڵتون كۆپری‌ -  (نێوان كەركوك‌و هەولێر) روویدا، تائێستا ژمارەی‌ قوربانییەكانی‌ هەردوولا لەو شەڕەدا نەزانراوە، بەڵام بەپێی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بێت هەزارانیان تێپەڕاندووە.

چەند دانەیەك لەو وێنانەی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان لەكوردستان تەنی‌، وێنەی‌ چەند ئۆتۆمبێلێكی‌ سەربازی‌ تێكشكاو بوون لەگەڵ چەند كەسێكی‌ كوژراودا، وەها لەسەریان دەنوسرا كە ئەوانە ئۆتۆمبێلی‌ حەشدی‌ شەعبین سوتێنراون‌و كوژراوەكانیش بەهەمان شێوە حەشدی‌ شەعبین‌و بەدەستی‌ پێشمەرگە كورژراون.

لەراستیدا وێنەی‌ ئۆتۆمبێلە سوتاوەكان پێشتر لەساڵی‌ 2015 لەسەر ئینتەرنێت بوونیان هەبووە بەناوی‌ "سوتاندنی‌ ئۆتۆمبێلی‌ سوپای‌ سعودی‌ لەیەمەن" وێنەی‌ كوژراوەكانیش دیسانەوە ساڵێك لەوەوبەر بڵاوكراونەتەوە جارێك بەناوی‌ "داعش لەفەلوجە" جارێكی‌ تریش بەناوی‌ "حەشدی‌ شەعبی‌ لەموسڵ" ئەوەی‌ روونە هیچ یەكێك لەو وێنانە نە شوێن‌و نە كاتیان هی شەڕەكەی‌ ئەم دواییە نەبووە.

سەدان وێنەی‌ دیكەی‌ هاوشێوە لەبارەی‌ ئەو شەڕەوە بڵاوكرانەوە بێ‌ ئەوەی‌ هیچیان راست بێت، بەڵام رەنگە كۆمیدیترینیان ئەو وێنەیەی‌ مارك زوكەربێرگی‌ خاوەنی‌ فەیسبووك بێت كە كاغەزێكی‌ بەدەستەوەیەو داوا دەكات خەڵكی‌ پشتگیری‌ مەسعود بارزانی‌ بكەن‌و خۆپیشاندان بكەن.

هەر ئەم هەفتەیە مەسعود بارزانی‌ لەپەیامێكدا داوای‌ لەرەوەندی‌ كوردی‌ لەدەرەوە كرد بۆ پشتگیری‌ كوردستان خۆپیشاندان بكەن‌و پەیجێك بەناوی‌ (كوردستان حدپ24) ئەم وێنەیەی‌ زوكەربێرگی‌ بڵاوكردەوەو دواتر چەندین پەیجی‌ دیكە لێیان وەرگرت، لەراستیدا وێنەكەی‌ زوكەربێرگ بۆ ساڵی‌ 2016 دەگەڕێتەوەو پەیوەستە بەخزمەتگوزاری‌ لایڤی‌ فەیسبوك كە لەوێستگەی‌ ئاسمانییەوە لەگەڵ كەشتیوانە ئاسمانییەكان خراوەتە كار.

هەردوو لایەنی‌ ناكۆكییەكە ئەم چەند رۆژە جگە لەبڵاوكردنەوەی‌ سەدان وێنەو ڤیدیۆی‌ ساختە، بەشێكی‌ تری‌ كارەكەیان بریتی‌ بوو لەوەڵامدانەوەو راستكردنەوەی‌ ئەو وێنەو ڤیدیۆیانەی‌ لەبارەیانەوە بڵاودەكرایەوە، یەكێك لەدەنگۆ زۆر بڵاوەكانیش لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەكوردستان ئەوە بوو كە (ئەبو عیزرائیل) سەركردەی‌ دیاری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ كوژراوە، تەنانەت بەشێك لەمیدیا فەرمییەكانیش بەگەرموگوڕی‌ باسیان لەم بابەتە كرد، تا ناوبراو خۆی‌ ڤیدیۆیەكی‌ بڵاوكردەوەو هەواڵەكەی‌ بەدرۆخستەوە.

كێشەی‌ سەرەكی‌ ئەم جۆرە وێنەو ڤیدیۆیانە ئەوەیە، جگە لەبڵاوكردنەوەی‌ رق‌و توڕەیی‌، هاوكات هۆكارێكن بۆ شێواندنی‌ دەرونی‌ خەڵك‌و تەنانەت كاریگەری‌ راستەوخۆشیان لەسەر هێزە شەڕكەرەكان دەبێت، چەندین جاریش بەرپرسانی‌ پێشمەرگە دانیان بەو راستیەدا ناوە.

هەڵگورد حیكمەت بەڕێوەبەری راگەیاندن‌و هۆشیاری نیشتمانی لەوەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "دڵنیاین ئەو جۆرە وێنەو ڤیدیۆییانە كار لەدەرونی‌ خەڵكی‌ دەكەن".

وتیشی‌ "بڵاوكردنەوەیان هیچ پەیوەندی‌ بەئێمەوە نییە‌و ئەوە خەڵكی‌ خۆیان ئەو كارە دەكەن، سەبارەت بەو وێنانەی‌ لەسەر پێشمەرگەش بڵاوبوونەتەوە، ئەوا ئێمە لێكۆڵینەوەی‌ خۆمان دەكەین".

راستە رەنگە وەزارەتی‌ پێشمەرگە راستەوخۆ دەستی‌ لەو وێنەو ڤیدیۆیانەدا نەبێت، بەڵام لەوە ناچێت هیچ دیسپلینێكی‌ سەربازی‌ لەبەرەكانی‌ جەنگ بەڕێوە بچێت، چونكە بەدەیان پێشمەرگە دەبینرێن كە بەمۆبایلەكانی‌ دەستیان وێنەی‌ شەڕەكان دەگرن‌و بڵاوی‌ دەكەنەوە، تەنانەت لەپێشهاتێكی‌ سەیردا بۆ یەكەمجار پێشمەرگەیەك لەو كاتەی‌ بەدۆشكە تەقەی‌ دەكرد، لایڤی‌ فەیسبوكی‌ كردبۆوەو لەگەرمەی‌ شەڕەكەدا وەڵامی‌ كۆمێنتەكانیشی‌ دەدایەوە.

وەك چۆن لەبەرەكان شەڕی‌ فیشەك بەڕێوەدەچوون، ئاوهاش شەڕی‌ وێنەو ڤیدیۆی‌ ساختە لەهەردوو بەرەوە بەردەوام بوون‌و ئەو كەسانەی‌ پشتگیری‌ حەشدی‌ شەعبی‌‌و سوپایان دەكرد چەندین وێنەو ڤیدیۆی‌ ساخەتەیان بڵاوكردەوە كە گوایە هی‌ پێشمەرگەن.

یەكێك لەوێنە زۆر بەناوبانگەكان وێنەی‌ چەند كەسێكی‌ كوژراون لەپشتی‌ پیكاپێكدا، بەدەیان پەیج ئەم وێنەیەیان دووبارە دەكردەوە، جارێك دەیانوت لەكەركوك‌و جارێكی‌ دی‌ دەیانوت لەپردێیە.

بەڵام راستی‌ وێنەكە بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوەو ئەوانەشی‌ كوژراون سەربازانی‌ سوپای‌ سوریا بوون نەك پێشمەرگە.

ئەمە تاكە وێنەو ڤیدیۆ نەبوو، بەڵكو زۆر زیاتر بوون‌و هەر رۆژەو دانەیەكی‌ تازەش دەردەكەوێت، لەم نێوەندەشدا دوان لەڤیدیۆكان زۆر زیاتر لەوانەی‌ تر تەشەنەیان كرد.

لەڤیدیۆیەكیاندا وا نیشان دەدرا كە هێزێكی‌ زۆری‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و حەشد لەكەركوكەوە بەرەو ناوچەكانی‌ دیكەی‌ كوردستان رێیان كردووە، بەڵام راستی‌ ڤیدیۆكە بۆ ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە لەموسڵ.

ڤیدیۆیەكی‌ دیكەش كە زیاتر لە 20 پەیجی‌ بەناوبانگی‌ عەرەبی‌‌و هەندێ‌ لەمیدیا فەرمییەكانیش بڵاویانكردەوە ڤیدیۆیەك بوو كە گوایە پێشمەرگەی‌ پردی‌ نێوان هەولێرو كەركوك لەپردێ‌ دەتەقێنێتەوە بۆ رێگری‌ لەپێشڕەوی‌ حەشدی‌ شەعبی‌، بەڵام لەراستیدا مێژووی‌ ئەو ڤیدیۆیە بۆ ساڵی‌ 2012 دەگەڕێتەوەو شوێنەكەش ئەمەریكایە نەك كوردستان.

كەریم نوری‌ وتەبێژی‌ دەستەی‌ حەشدی‌ شەعبی دان بەوەدا دەنێت كە دۆخەكە قۆستراوتەوە بۆ بڵاوكردنەوەی‌ ئەو جۆرە وێنانە لەلایەن هەردوو بەرەكەوە كە راستەقینە نین‌و دەڵێت "ئەوەی‌ وایكردووە ئاڵۆزییەكان زیاتربن‌و شەڕی‌ نێوانمان توندتر بێتەوە لەهەمانكاتیشدا ترس‌و دڵەراوكێش لەنێوان هاوڵاتیانی‌ هەردوولادا دروست بكات‌و لەماڵەكانیان رابكەن".

كەریم نوری‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "دژە راگەیاندن‌و فۆتۆشۆپ‌و وێنەی‌ درۆ جێی‌ خۆی‌ كردووەتەوە بەهۆی‌ ئاڵۆزی‌ بارودۆخەكەو بۆشایی دووركەوتنەوەی‌ هەردوولایەنیش كاریگەریی‌ ئەو هەنگاوەی‌ زیاتر كردووەو دەبێت ئەو كارە لەهەردوولاوە رابگیرێت".

ئەو بەرپرسەی‌ حەشدی شەعبی نمونەی‌ ئەوە دەهێنێتەوە كە كاتێك وێنەی‌ خالید شوانی‌ راوێژكاری‌ سەرۆك كۆماری‌ عێراق لەگەڵ نەجمەدین كەریم پارێزگاری‌ لەكارلادراوی‌ كەركوك بڵاوكرایەوە گوایە لەپردێ شەڕ لەدژی‌ سوپای‌ عێراق دەكەن پێكەوە لەكۆبوونەوە یەكدا بوون، بەڵام لەراستیدا ئەو وێنەیە بۆ ساڵی‌ 2015 دەگەڕێتەوە لەشەڕی‌ داعشدا.

لەكاتی‌ بارە نەخوازراوەكاندا وێنەو ڤیدیۆی‌ سەختە بەخێراییەكی‌ سەیر بڵاودەبنەوە، چونكە رەنگە لەو كاتانەدا حەزی‌ هەڵچوون‌و توڕەبوونی‌ خەڵك تێر بكەن‌و ئەو كەسانەشی‌ كە لەپشتیەوەن مەبەستەكەیان بگاتە جێ‌.

د. هاشم حەسەن راگری‌ كۆلێژی‌ راگەیاندنی‌ زانكۆی‌ بەغدا پێی‌ وایە كەسی یەكەم كە ئەو وێنانە بڵاودەكاتەوە بەمەبەست ئەو كارە دەكات‌و كەسانی‌ تر بێ  بیركردنەوەی‌ دەیگوێزنەوەو ئەوەش بۆتە بەشێك لەشەڕی‌ دەرونی‌ بەمەبەستی‌ بانگەشە‌و روخاندنی‌ ورەی‌ هێزی‌ بەرانبەر .

هاشم حەسەن بە"نیقاش"ی‌ وت "زوو گواستنەوەی‌ ئەو وێنانە وەك راستی‌ پەیوەندی‌ بەكەمی‌ هۆشیایی كەسەكانەوە هەیەو دەرنجامەكانیشی‌ زیاتر بوونی‌ رقلێبوونەوە دەبێت".

هەرچەندە ئەم وێنانە كاریگەری‌ گەورە دروستدەكەن لەسەر ئاڕاستەی‌ ناكۆكییەكان‌و خەڵكێكی‌ زۆریش بڕوای‌ پێدەكەن، بەڵام ئەوەی‌ بەم دواییە گۆڕاوە ئەوەیە چەندین وەرگری‌ ئاسایی‌ هەن باوەڕ بەراست‌و دروستی‌ وێنەو ڤیدیۆكان ناكەن‌و دەم‌و دەست لەپەیجەكانی‌ خۆیانەوە راستییەكە ئاشكرا دەكەن، بەڵام دیسانەوە وێنە راستەكە بەقەد ساختەكە برەوی‌ نییە.