شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی، كه نه‌یاره سیاسییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌و به‌كراوه‌ترین سیاسی نێو پارتی داده‌نێن، دۆسته‌كانیشی به "ده‌وڵه‌تمه‌دار" ناویدێنن، له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێكی كاریگه‌ری له‌نێو كێشمه‌كێش‌و ڕوداوه سیاسییه‌كاندا هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك، كه ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌ر كێشه‌یه‌كی سیاسی‌و ئابووری له‌هه‌رێم، به‌ماڵه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدا تێپه‌ڕیووه.
نێچیرڤان بارزانی چوار ڕۆژ به‌ر له‌ڕیفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌مه‌نی گه‌یشته 51 ساڵ، ڕیفراندۆمێك كه وه‌ك كورده‌وایی ده‌ڵێت "بووه‌ته خێر‌و به‌ره‌كه‌ت" بۆی.
نێچیرڤان بارزانی گه‌نجترین ئه‌ندامی ماڵباتی بارزانی بوو، كاتێك كه ته‌مه‌نی ته‌نها 23 ساڵ بوو له‌ساڵی 1989 وه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرا، ئه‌وه سه‌ره‌تای چونه ناو كێشمه‌كێشێكی مێژوویی بوو، كه ساڵانی دواتر به‌قوڵی كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ركه‌وت.
نێچیرڤان‌و مه‌سرور بارزانی، به‌خوێن دۆست‌و به‌پۆست نه‌یار
نێچیرڤان بارزانی‌و مه‌سرور بارزانی، هه‌ردووكیان كوڕه گه‌وره‌ی باوكی خۆیانن، جیاوازی ته‌مه‌نیان سێ ساڵه، به‌ڵام جیاوازی تێڕوانینی سیاسی‌و ئاڕاسته‌ی بیركردنه‌وه‌یان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حزبه‌كه‌یان، ئاسمان‌و زه‌وی جیاوازی هه‌یه.
چاودێرانی سیاسی ململانێكانی نێوان نێچیرڤان‌و مه‌سرور بارزانی به‌درێژكراوه‌ی ململانێیه‌كی كۆنتر داده‌نێن، كه له‌نێوان ئیدریس بارزانی و مه‌سعود بارزانیدا هه‌بووه.
كه‌سه نزیكه‌كانی نێچیرڤان بارزانی، باڵه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی به‌دروستكه‌ری كێشه‌ی گه‌وره بۆ ئه‌وان ده‌زانن، به‌گوێره‌ی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی نێو پارتی، مه‌سعود بارزانی چه‌ند جارێك له‌م كێشانه ئاگاداركراوه‌ته‌وه، به‌ڵام پێده‌چێت خۆی له‌هه‌موان زیاتر ئاگاداری ئه‌و ناكۆكیانه بێت".
بونی نه‌بیله مه‌سعود بارزانی وه‌ك خێزانی نێچیرڤان بارزانی واینه‌كردوه كه ناكۆكییه‌كانی نێو ئه‌و ماڵباته له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی پارتی‌و هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و كاڵبونه‌وه بچێت.
یه‌كێك له‌ناكۆكییه هه‌ره دیاره‌كانی نێوان ئه‌و دوو ئامۆزایه، ده‌زگایه‌كی هه‌ستیاری هه‌رێمه به‌ناو ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم، كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدایه، بۆ ئه‌مه‌ش مه‌سعود بارزانی هۆكاری دروستبوونی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بوو بۆ كوڕه گه‌وره‌كه‌ی، له‌ساڵانی ڕابردوودا سه‌رجه‌م دۆسیه هه‌ستیاره ئه‌منیه‌كانی هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدا بووه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ش مه‌سعود بارزانی هۆكاربووه به‌وته‌ی چاودێران، چونكه به‌ئاگاداری‌و فه‌رمانی بارزانی باوك، ئه‌و ده‌زگایه بۆ بارزانی كوڕ دروستكرا.
یه‌كێك له‌و ڕوداوانه‌ی كه ململانێكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مه‌سرور بارزانی به‌ره‌و هه‌ڵكشان برد، ده‌ستكاریكردن‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی تۆماره ده‌نگییه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فای ڕێكخه‌ری پێشووی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، كه به‌وته‌ی به‌رپرسانی نزیك له‌نێچیرڤان بارزانی، ئه‌و كاره "له‌لایه‌ن باڵی مه‌سرور بارزانی"یه‌وه ئه‌نجامدراوه.
باڵه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی پێیان وابوو بڵاوكردنه‌وه‌ی تۆماره ده‌نگییه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا، ده‌بێته هۆی تێكدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ گۆڕان، هاوكات كاریگه‌ری بۆسه‌ر كابینه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی ده‌بێت، چونكه پاش ئه‌و تۆماره ده‌نگیانه كۆمپانیاكان ڕه‌نگه ئاراسته‌ی كاركردنیان له‌هه‌رێم گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت.
دورخستنه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆڕان له‌حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كێكی دیكه بوو له‌و گورزانه‌ی، كه باڵی هه‌ڵۆكان (باڵه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی) له‌باڵه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیاندا، ته‌نانه‌ت شه‌وی ماڵئاوایكردنی وه‌زیره‌كانی گۆڕان له‌حكومه‌ت، نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی هه‌رچوار وه‌زیره‌كه‌ی گۆڕانی كردووه‌و پێی ڕاگه‌یاندوون، "شته‌كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا بووه".
ته‌نانه‌ت له‌پاش دورخستنه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆڕان، نێچیرڤان بارزانی چه‌ند جارێك ئه‌وه‌ی دوپاتكرده‌وه كه ئه‌وان له‌نێوان خراپ‌و خراپتریندا، خراپیان هه‌ڵبژرادووه، ئه‌وه‌ش به‌واتای ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی پارتی هه‌ڵه‌بووه، به‌ڵام ده‌كرا خراپترینیش ڕوبدات.
له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردووش‌دا كاتێك مه‌سعود بارزانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی بۆ نێچیرڤان بارزانی گواسته‌وه، ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بوو، كێشه‌كانی نێو ماڵباتی بارزانی گه‌یشته ئاستێكی مه‌ترسیدار، كاتێك باڵه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌ڕوداوه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان‌و سوتاندنی باره‌گاكانی یه‌كێتی‌و گۆڕان له‌زاخۆ، په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان بۆ باڵه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی درێژكرد.
هۆكاری قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی ئه‌و دوو ئامۆزایه له‌ئێستادا، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه مه‌سرور بارزانی نه‌یده‌ویست باوكی ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی ببێت تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، هه‌روه‌ها به‌توندی دژی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی بارزانی به‌سه‌ر نێچیرڤان بارزانی‌و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان وه‌ستاوه‌ته‌وه، به‌هۆی پێدانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌نێچیرڤان بارزانی، له‌مه‌ودوا ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی حكومه‌ت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه په‌یوه‌ست به‌كێشه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی په‌رله‌مان، "نێچیرڤان بارزانی په‌یوه‌ندی به‌عومه‌ر سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه كردووه، داوایلێكردوه تا ئاسایبوونه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌ولێر، یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مان نه‌گه‌ڕێته‌وه شاری هه‌ولێر" ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی ئاژانس.
نانی به‌یانییه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا‌و نێچیرڤان بارزانی
به‌ره‌به‌یانی (8/6/2015) نێچیرڤان بارزانی تایبه‌ت بۆ نانخواردنی به‌یانی سه‌ردانی نه‌وشیروان مسته‌فای كرد‌و پێكه‌وه نانیان خوارد، ئه‌وه‌ش به‌دیاریكراوی سێ مانگ به‌ر له‌دروستبوونی كێشه‌گه‌وره‌كه‌ی نێوان پارتی‌و گۆڕان بوو له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، بۆیه بونی نێچیرڤان بارزانی له‌لای نه‌وشیروان مسته‌فا له‌و به‌یانییه‌دا بێمه‌به‌ست نه‌بوو.
به‌گوێره‌ی وته‌ی به‌رپرسانی گۆڕان، "نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وكاته پشتگیری ته‌واوی خۆی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شت له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانییه‌وه ده‌ربڕیوه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كابینه‌كه‌ی ناوبراو دوربێت له‌ده‌ستوه‌ردانی حزبی‌و زاڵنه‌بوونی كاره‌كته‌ره حزبیه‌كان تیایدا".
یه‌كێكی دیكه له‌ڕوانینه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ نێچیرڤان بارزانی ئه‌وه بووه كه "نێچیرڤان بارزانی به‌راورد به‌ئه‌ندامانی دیكه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵیدا خۆشتره" ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی كه‌سه نزیكه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا.
چوارساڵی ئارام، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه بوو كه نه‌وشیروان مسته‌فا له‌كاتێكی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شتدا به‌كاریهێنا, ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ هاوكاریكردنی حكومه‌ته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، دروستنه‌كردنی به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌میدا لێكدرایه‌وه.
به‌شدارینه‌كردنی له‌پرسی ڕیفراندۆمدا
نێچیرڤان بارزانی دیارترین به‌رپرسی پارتی بوو كه به‌شداری له‌پرسی ڕیفراندۆم و بانگه‌شه‌كه‌یدا نه‌كرد، هه‌رچه‌نده ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی به‌مافێكی سروشتی گه‌لی كورد ده‌زانی، به‌ڵام پشتی لێدوانه‌كانی خاڵیی نه‌بوون له‌گومانی ئه‌و به‌رامبه‌ر ئاینده‌ی پڕۆسه‌كه.
ڕیفراندۆم كێشه‌كانی نێچیرڤان بارزانی‌و ئامۆزاكه‌ی قوڵتركرده‌وه، چونكه مه‌سرور بارزانی به‌داینه‌مۆی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم ناسرا، ته‌نانه‌ت به‌وته‌ی میدیاكانی جیهان، مه‌سرور بارزانی له‌ڕۆژه‌كانی به‌رله‌ڕیفراندۆمدا، ڕاوێژكارێكی سه‌ره‌كی باوكی بووه بۆ پاشگه‌زنه‌بوونه‌وه له‌بڕیاری ڕیفراندۆم.
به‌ڵام ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و كێشه‌كانی پاش ئه‌وه، بووه خێر‌و به‌ره‌كه‌ت بۆ نێچیرڤان بارزانی، چونكه ئه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه هه‌وڵی بۆده‌دات، به‌چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م به‌دیهات، ئه‌ویش وه‌رگرتنی به‌شێكی زۆر له‌پۆسته‌كانی مامی گه‌رچی به‌شێوه‌یه‌كی كاتیش بێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ڕایگه‌یاند، "له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردرغان پێشوازی له‌نێچیرڤان بارزانی ده‌كات".
له‌ئێستادا نێچیرڤان بارزانی هه‌وڵه‌كانی بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه سیاسی‌و ئابورییه خراپه‌كه‌ی هه‌رێم ده‌ستپێكردووه، كه به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ شارپرێس، له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی تێگه‌یشتن له‌هه‌وڵه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێستا.
خاڵێكی دیكه‌ی گرنگ بۆ نێچیرڤان بارزانی له‌ئێستادا، پاڵپشتیكردنی كۆمه‌ڵكه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه بۆ ناوبراو، كه ئه‌وه خاڵێكه بۆ مه‌سرور بارزانی ئاسان قبوڵناكرێت.
ر . ج