عێراقی‌ دوای‌ داعش
گۆڕەپانێك بۆ ململانێی‌ ئەمریكاو ئێران

sharpress.net

1916 جار خوێندراوه‌ته‌وه

03/11/2017‌

شارپرێس: نیقاش
نیشانەكانی ململانێیەكی نوێ لەنێوان ئەمریكا‌و ئێران لەعێراق دەركەوتووە، ئەویش پاش ئەوەی واشنتۆن هێرشی كردە سەر گرووپە شیعەكانی سەر بەتاران‌و سەركردەكانی ئەو گرووپانەش هەڕەشە لەئەمریكا دەكەن.

ئێستا حكومەتی عێراق لەبەردەم ئەركێكی قورسدایە بۆ پاراستنی وڵات لەوەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان دوو وڵاتی‌ دەستڕۆیشتوو كە بەروونی‌ هەژمونیان بەسەر بەغداوە دیارە.

دوای ئەو كۆبوونەوە مێژووییەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران‌و شا سەلمان كوڕی عەبدولعەزیز پاشای سعودیەی كۆكردەوە كە ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئامادەیبوو، تیلرسۆن لەدوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: "چەند میلیشیایەكی ئێرانی لە عێراقدان‌و پێویستە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان بەتایبەتی كە جەنگی دژ بەداعش لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە".

ئەمەش لەلایەن قەیس خەزعەلی سەركردەی "عەسائیب ئەهەللحەق" وەڵامدرایەوە كە دڵسۆزی ئایینی بۆ عەلی خامنەیی رابەری ئێران هەیە، لەو بارەیەشەوە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تویتەر وتی: "بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پێویستە هێزە سەربازییەكانتان لە ئێستاوە ئامادەبن بۆئەوەی دەستبەجێی‌و بەبێ دواخستن لە عێراقی نیشتمانمان بچنە دەرەوە لەدوای نەمانی بیانووی بوونی داعش".

دوای چەند رۆژێكیش عەلی خامنەیی رابەری ئێران لەمیانی سەردانەكەی عەبادی بۆ تاران لە چوارچێوەی گەشتێكی هەرێمیدا كە سعودیە‌و میسر‌و ئوردن‌و توركیای گرتەوە، بە عەبادی وت: "نابێت گرووپە شیعەكان هەڵبوەشێندرێنەوە‌و پێویستە وریای فێڵی ئەمریكا بن".

لەكاتێكیشدا پێنجشەممەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی "تیرۆریستە"، موهەندیس لە بیابانی ئەنبار لەنزیك بنكەی سەربازی "عەین لئەسەد" هاتووچۆی دەكرد كە گەورەترین بنكەی سوپای ئەمریكایە لە عێراق‌و سەدان راوێژكار‌و سەربازی مارێنز لەخۆدەگرێت.

زۆرینەی حزب‌و گرووپە شیعەكان ئیدانەی هێرشە زارەكییەكەی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمریكایان كرد بەتایبەتی لەقەڵەمدانی ئەبو مەهدی موهەندیس بە "تیرۆریست" كە سەركردەی مەیدانی گرووپەكانی "حەشدی شەعبی"یە‌و دڵسۆزی ئایینی بۆ عەلی خامنەیی رابەری ئێران هەیە.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی شەڕی دژ بەداعش لە كۆتاییەكەی كە هەفتەی رابردوو هێزەكانی سوپای عێراق هێرشێكیان بۆسەر دوا مۆڵگەی توندڕەوان لە شارۆچكەی "قائیم" لەو پەڕی خۆرئاوای ئەنبار دەستپێكرد، پێدەچێت عێراق بەرەو ئاڵنگارییەكی نوێ بچێت كە خۆی لە ململانێیەكی ئەمریكی – ئێرانیدا دەبینێتەوە پێشتریش عێراقییەكان لە ساڵانی رابردوودا باجێكی قورسیان لەپێناودا داوە.

بەڵام ئەو پرسیارە گەورەیەی لە چەند مانگی داهاتوودا رووبەڕووی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران دەبێتەوە ئەوەیە چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكا‌و گرووپە شیعەكانی سەر بە ئێران لەپاش كۆتاییهاتنی قۆناغی داعش چی دەبێت؟‌و ئایا سەركەوتوو دەبێت لە سازانی ئەو دوو هێزەدا؟

عەباس بەیاتی پەرلەمانتاری "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا" نزیك لە سەرۆك وەزیران، بە "نیقاش"ی وت: "قبوڵی ناكەین عێراق ببێتەوە بە گۆڕەپانی ململانێی ئەمریكا‌و ئێران‌و ئێمە بەشێك نابین لێی، لەدوای لەناوبردنی داعش ئاڵنگاری گەورەمان لەبەردەمدایە‌و پێویستمان بە ئاوەدانكردنەوەیە لەدوای ساڵانێك لە شەڕی سەخت لەدژی تیرۆریستان".

حكومەتی عێراق نایەوێت دەستبەرداری هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكان بێت‌و پێویستی بە مەشقپێكردنی هێزە عێراقییەكان‌و رێگرتن لە سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستی لەوڵاتدا هەیە لە ئایندەدا، هەروەك هێزەكانی "حەشدی شەعبی"یش بوونەتە رەگەزێكی گرنگ لە سیستمی ئەمنی‌و هەڵوەشاندنەوەیان زەحمەتە دوای ئەوەی بەشداریان كرد لە شەڕی دژ بە "داعش"‌و فەرماندەكانیشی قبوڵی ناكەن بەئاسانی دەستبەرداری جەنگاوەرانیان ببن.

بەیاتی وتیشی: "حەشدی شەعبی هێزێكی ئەمنی عێراقی خاوەن شەرعیەتە‌و سێیەم هێزی وڵات پێكدەهێنێت لەپاش سوپا‌و پۆلیس‌و قبوڵی ناكەین دەستدرێژی بكرێتە سەر، بەڵام ئەم هێزە پێویستی بە رێكخستن‌و دوورخستنەوەیەتی لە حزبەكان‌و كاری سیاسی بەپێی ئەو یاسایەی پەرلەمان سەبارەت بە حەشدی شەعبی پەسەندی كردووە".

هەروەها حكومەتی عێراق هەوڵدەدات سوپای عێراق بەهێز بكات لەڕێی ئەو مەشقپێكردن‌و پڕچەككردنەی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" پێشكەشی دەكات، بەڵام ئەوە مانای ناردنی هێزی وشكانی ئەمریكا نییە، بەڵكو پشتیوانی هێزە عێراقییەكانە تا بتوانن لە ئایندەدا رێ لە هەڕەشەكان بگرن، بەپێی قسەكانی بەیاتی.

عێراقییەكان لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی ململانێی ئەمریكا‌و ئێران دەترسن ئەو كاتەی چەند گرووپێكی شیعە بە پشتیوانی ئێران شەڕیان لە دژی هێزەكانی ئەمریكا راگەیاند بەر لە كشانەوەیان لە عێراق لە ساڵی 2011دا، سەرەڕای ئەوەش كە ئەو هێزانەی ئەمریكا كە ئێستا لە عێراقدان ژمارەیان لە پێنج هەزار تێناپەڕێت‌و زۆربەیان ئەركی راوێژكاری دەكەن، بەڵام پارێزگا سوننەنشینەكان پێیان باشە بمێننەوە بۆ پاراستنیان‌و مەشقپێكردنی جەنگاوەرە خۆجێییەكانیان.

لە بنكەی "عەین لئەسەد" لەوپەڕی خۆرئاوای ئەنبار هێزەكانی ئەمریكا ماوەی چەند مانگێكە مەشق بە چەند هێزێكی عەشایری دەكەن لەوانە هێزەكانی "ساعیقە"‌و "كەتائیب حەمزە"، هەروەك بنكەكەشیان فراوان كردووە‌و ئامادەیان كردووە بۆئەوەی ببێتە گەورەترین بنكەی سوپای ئەمریكا لە عێراق بەهۆی پێگە ستراتیجییەكەی كە دەكەوێتە پارێزگای ئەنباری سوننەنشینی دوور لە پارێزگا شیعەنشینەكان‌و نزیك لە سنووری سوریا.

رەشید مەحلاوی كە یەكێكە لە جەنگاوەرانی هێزەكانی "ساعیقە" كە پێشتر لەگەڵ هێزەكانی سەحوەی عەشایری كاری كردووە كە هێزەكانی ئەمریكا بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی قاعیدە لە ساڵی 2007دا پێكیانهێنان، بە "نیقاش"ی وت: "بەراشكاوی حكومەتی فیدراڵی دەستبەردارمان بووە، لەگەڵ هێزەكانی حەشدی عەشایری كارم دەكرد، حكومەت بەڵێنی پێدابووین پڕچەكمان بكات‌و مووچەمان بداتێ وەكو جەنگاوەرانی حەشدی شەعبی گرووپە شیعەكان، بەڵام ئەوە رووینەدا، چونكە گرووپە شیعەكان چەكی باش‌و مووچەی بەردەوامیان هەیە".

مەحلاوی دەشڵێت: "هێزەكانی ئەمریكا بەباشی مەشقمان پێدەكەن هەرچەندە ژمارەمان كەمە، بەشداریمان كردووە لە شەڕەكانی حەدیسە‌و هیت‌و چەند رۆژێك لەمەوبەریش لەو شەڕەی لە شارۆچكەی قائیم بەرٍێوەدەچێت، بەهۆی باش پڕچەككردنمانەوە بەشدارییەكانمان لە شەڕەكەدا باش بوو، پێشمان باشە هێزەكانی ئەمریكا لە دوای لەناوبردنی داعش لە ئەنبار بمێننەوە".

بەڵام بەپێی قسەی عەباس حسێنی كە یەكێكە لە جەنگاوەرانی گرووپی "كەتائیب سەید لشوهەدا" كە دڵسۆزی ئایینی بۆ عەلی خامنەیی رابەری ئێران هەیە هێزەكانی ئەمریكا بە داگیركاری وڵات دەزانن‌و بەدووری نازانن لەدوای لەناوبردنی داعش شەڕیان لەدژ رابگەیەنن.

حسێنی بە "نیقاش"ی وت: "ئەمریكا خۆی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی دروست كرد‌و لە چەندین بەرەدا یارمەتی دا، ئەمڕۆش وڵاتەكەمان خەریكە تیرۆریستان لەناودەبات لەدوای ئازادكردنی هەموو ئەو ناوچانەی كۆنترۆڵیان كردبوون، دوای ئەوەش كە ئەو رێكخراوە بەتەواوی لەناو دەبرێت، پێویستە هێزەكانی ئەمریكا لە وڵات بكشێنەوە ئەگەرنا بە هێزی داگیركەریان دەزانین".

گرووپە شیعەكان دابەشبوون بۆ سێ بەش، یەكێكیان سەر بە ئێرانە‌و لەڕووی ئایینیەوە پەیوەستە بە عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران، بەشێَكی دیكەشیان سەر بە عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەیە لە نەجەف، بەشەكەی تریش سەر بە حزبە شیعەكانی عێراق، رەوتی سەدر بەسەركردایەتی موقتەدا سەدر‌و "رەوتی‌ حیكمە" بە سەركردایەتی عەممار حەكیمە.

گرووپەكانی سەر بە ئێران بەوە جیادەكرێنەوە كە بەهێزتر‌و پڕچەكترن‌و پێیانوایە عێراق‌و سوریا یەك بەرەیە، دووپاتیشی دەكەنەوە كە لەدوای لەناوبردنی داعشیش بوونیان بەردەوام دەبێت، هەرچی گرووپەكانی سەر بە سیستانیشە لە پێش هەمووشیانەوە "فیرقەی جەنگی عەباس"‌و گرووپی "سەرایا سەلام"ی سەر بە پیاوی ئایینی موقتەدا سەدر، میانڕەون‌و رێز لە بڕیارەكانی حكومەتی عێراق دەگرن‌و پەیوەندییان بە ئێرانەوە نییە.

حكومەتی عێراق لەبەردەم ئاڵنگارییەكی گەورەدایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، بەتایبەتی كە ئەو گرووپانە حكومەت لەبەردەم كۆمەڵی نێودەوڵەتی‌و بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا ئیحراج دەكەن، هەروەك پێویستە حكومەت باوەڕ بە باڵێكی بەرفراوانی شیعە بهێنێت كە هێزەكانی ئەمریكا بمێننەوە.







ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved