شارە دڵشكاوەكە
خورماتوو هێشتا بۆنی‌ شەڕی‌ لێدێت

کوردستان

09/11/2017‌ 2957 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
چەند بیناو دووكانێكی‌ رووخاوو سوتاو، كۆڵان‌و رێوبانی‌ داخراو، شارێكی‌ نیمچە چۆڵ، ژمارەیەكی‌ زۆری‌ ئاڵای‌ سەوزو سوور، ئەمانە هەمووی‌ دیمەنی‌ خورماتوون كە دوا قوربانی دەستی‌ ناكۆكییەكانە.

ناكۆكییە چەكدارەكانی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردووی‌ عێراق زۆر شارو ناوچەیان وێرانكرد، بەڵام وێرانەو ئاوارەیی‌ خورماتوو لەوانی‌ تر جیاوازترە، چونكە بەهۆی‌ ناكۆكی‌ چەكداریی‌ دوو لایەنەوە روویدا كە پێشتر لەیەك بەرەدا شەڕی‌ داعشیان دەكرد.

قەزای‌ خورماتوو لەخوارووی‌ كەركوك زیاد لەجارێك بەریەككەوتنی‌ نێوان هێزی‌ پێشمەرگەو حەشدی‌ شەعبی‌ تیایدا روویداوە، دانیشتوانی‌ ئەو شارە لەكوردو توركمان‌و عەرەب بەهەردوو مەزهەبی‌ سوننەو شیعەوە دەمێ ساڵە بەئاشتی‌ پێكەوە دەژین، كەچی‌ ناكۆكی‌ هێزی‌ سیاسییەكان ئەمجارە ئەوانیشی‌ پەلكێشكردنە ناو ململانێكەوە.

كاتێك لەئۆكتۆبەری‌ رابردوو بۆنی‌ رووبەرووبوونەوەی‌ هێزە عێراقی‌‌و كوردییەكان دەكرا، یەكەم پریشكی‌ ئاگرەكە شەوی‌ 14ی‌ مانگ لەو قەزایەوە دەستی‌ پێكرد، دوو رۆژ شەڕی‌ پچڕپچڕ لەو قەزایەدا هەبوو، دواتر پێشمەرگە چۆڵی‌ كردو هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌‌و سوپای‌ عێراقی‌ چوونە ناو قەزاكە، بەو هۆیەوە ژمارەیەكی‌ زۆر لەخەڵكەكەی‌ ئاوارەبوون‌و بەدەیان دوكان‌و ماڵ سوتان‌و تاڵانكران، بێ‌ ئەوەی‌ بكەرەكەیان دیار بێت.

كاوە حەمەكەریم، كە دانیشتوویەكی‌ خورماتووەو دوای‌ هەڵاتنی،‌ ماڵەكەی‌ سوتاوەو ئێستا لەقەزای‌ كەلار نیشتەجێیە، دەڵێت "بەهۆی كەمتەرخەمی بەرپرسانی ئیداری‌و چارەسەرنەكردنی دۆخی خورماتوو لەلایەن حكومەتی ناوەندو هەرێم لەساڵی 2009 خەڵكی خورماتوو یان لەشەردان یان لەترسی هەرەشەكان ئاوارەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەبن".

كاوە لەگەڵ سەدان خێزانی‌ تر ئاوارە بوون، هەندێكیان راستەوخۆ هەڕەشە كەوتە سەر ژیانیان‌و هەندێكی‌ تریان لەترسی‌ ئەوەی‌ نەوەك هەمان چارەنووسی‌ هاوشارەكانیان بەسەر بێت هەڵاتن، ئەو بە"نیقاش"ی‌ وت "كاتێك هێزەكانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان‌ كشانەوە،‌ تەنیا پێشمەرگە خۆبەخشەكان لەشارەكەدا مابوون خەڵكەكە بەبێ ئەوەی هیچ لەگەڵ خۆیاندا بهێنن، ئاوارەی شارەكانی كوردستان بوون".

قەزای دوزخورماتوو دەكەوێـتە 74 كم لەباشوری پارێزگای كەركوك، لەساڵی 1972 بەبریارێكی حكومەتی  عێراق لەكەركوك دابرێندراو خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، بەپێی ئاماری فەرمانگەی سەرژمێری پارێزگای سەڵاحەدین 180 هەزار كەس لەقەزای خورماتوو نیشتەجێن كە زۆرینەی لەپێكهاتەی كوردو توركمانن، دوای‌ شەڕەكەی‌ ئۆكتۆبەر ئێستادا دۆخی قەزاكه لەحاڵەتی نەشەڕ نەئاشتیدایەو خەڵكەكەشی‌ نازانن كەی‌ دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان.

شەلال عەبدول كە پێشتر بەبڕیاری‌ حكومەتی‌ عێراقی‌ لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی‌ تری‌ كورد لەدوای‌ ریفراندۆمەوە لەپۆستی‌ قایمقام لابرا  بە"نیقاش"ی وت "خورماتوو وێرانكاراوە، جگە لەئاسەواری جەنگ هیچ سیمایەكی دیكە بەو شارەوە نابینرێت، لەكاتێدا پێكەوە ژیانی دانیشتوانەكەی خورماتوو تەواوی عێراقیەكان‌و خەڵكی كوردستانی بەخۆیەوە سەرسام كردبوو، ئێمە كاردەكەین بۆ گەرانەوەی خورماتوویەكی بەبێ جەنگ چونكە هەمووان بوینە قوربانی بەتایبەت كورد".

قایمقامی قەزای خورماتوو كە بڕیاربوو بگەڕێتەوە سەر كارەكەی‌، ئێستا دەڵێت "تا ئەو كاتەی‌ هێزێكی‌ كوردی‌ نەگەڕێتەوە بۆ خورماتوو، ئێمە ناچینەوە بۆ ئەوێ‌، هەر كەچووینەوە دەبێ‌ زوو قەرەبووی‌ ئەو هاوڵاتیانە بكرێتەوە كە زیانی گیانی‌و مادیان بەركەوتووە".

بەپێی ئامارێكی نافەرمی كە لەسەرچاوەیەكی ئیدارەی قەزای خورماتوو لەلایەنی‌ كوردییەوە دراوە بە"نیقاش"  225 خانووی هاوڵاتیان‌و 150 دوكان‌و 53 خانووی بەرپرسە باڵاكانی پێشمەرگە‌و پۆلیس‌و بەرێوەبەرە كوردەكانی ئیدارەی خورماتوو لەگەرەكانی كۆماری، عەسكەری، برایەتی، جەمیلە دوای تاڵانكردنیان یان سوتێنراوە یان تەقێنراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 50 هەزار هاوڵاتی ئاوارە بوون.

رووداوەكانی‌ خورماتوو نەتەوە یەكگرتووەكان‌و رێكخراوە نێودەوڵەنییەكانیان هێنایە دەنگ‌و لەچەند راگەیەندراوێكدا باسیان لەكوشتنو ئاوارەبوون‌و سوتاندنی‌ مەڵ‌و حاڵی‌ خەڵكی‌‌و تاڵانكردنیان كرا.

راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان هێزە چەكدارەكان بەو كارانە تۆمەتبار دەكەن بێ‌ ئەوەی‌ ناویان بهێنن، بەڵام لایەنی‌ كوردی‌ بەروون‌و رەوانی‌ پەنجەی‌ تۆمەت بۆ حەشدی‌ شەعبی درێژ دەكەن‌و ئەوانیش رەتی‌ دەكەنەوە.

سەید عەلی هاشمی ووتەبێژی فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەخورماتوو بە"نیقاش"ی وت "ئەو ئامارانەی باس دەكرێت فەرمی نین‌و تاكو ئێستا بەدواداچوون بۆ زیانەكانی ئەو شەرەی مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ نەكراوە، هەرچەندە ئێمە رەتیدەكەینەوە هێزەكانمان ماڵیان سوتاندبێت یان تەقاندبێتەوه،‌ بەڵكو ئەوانەی‌ زیانیان بەركەوتووە لەكاتی‌ رووبەرووبوونەوەدا بووە".

هاشمی وتیشی‌ "ئێمە 18 پێشمەرگەی دیلمان لابوو، بەڵام بێ ئەوەی ئازاریان بدەین دوای دوو رۆژ لەروداوەكەی 16ی ئۆكتۆبەر رادەستی بەرپرسی یەكەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانمان كرد لەكەركوك‌، ئەگەر ئامانجمان وێرانكاری بێت بۆ ئەو هەنگاومان ئەنا؟ لەبەرئەوە دەبێت سەركردایەتی كورد گوێ لەكەسانە نەگرن كە خزمەت بەدۆخی قەزاكە ناكات".

هەرچەندە لەئێستادا ئامادەكاری بۆ ئەوە دەكرێت یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و حەشدی شەعبی بەهەماهەنگی دۆخی خورماتوو بگەرێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی تاكو هاوڵاتنیان بگەڕێنەوەو درێژە بەكارەكانیان بدەن، بەڵام هاوڵاتیانص بەشێك لەبەرپرسە حزبیەكانی ئەو شارە بێ ئومێد بوون لەرێكەوتنێك كە بەم زووانە ئەنجامی‌ هەبێت، بەتایبەتی‌ كە ئەمە یەكەمجار نییە ناكۆكی‌ چەكداریی‌ لەو قەزایەدا رووبدات.

رۆژی‌ 11ی‌ نۆڤەمبەری‌ 2015 بۆماوەی‌ 17 رۆژ شەڕی‌ پچڕ پچڕ لەنێوان پێشمەرگەو چەند گروپێكی‌ توركمانی‌ حەشدی‌ شەعبی روویاندا كە تیایدا 21 كەس كوژران‌و 135 كەس برینداربوون، ئەوكات وەفدێكی عەسائیب ئەهل حەق‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسلێمانی كۆبونەوە بەمەبەستی راگەیاندنی ئاگربەست تاكو دۆخی ئەمنی شارەكە هێوربكرێتەوە، ئەو ئاگربەستە تەنیا 6 مانگ كاری پێكراو لەسەرەتای حوزەیرانی 2016 بۆ ماوەی چوار رۆژی تر شەرو پێكدادان لەنێوان پێشمەرگەو‌ چەكدارانی حەشدی توركمانی بەردەوامی هەبوو دواتر شەرەكە بەبێ رێكەوتن راگیرا.

نەقیب گۆران گەوهەر فەرماندەی هێزە پێشمەرگە خۆبەخشەكانی خورماتوو بە"نیقاش"ی وت "ئەوەی چەكدارانی حەشدی شەعبی‌و توركمانی بەرانبەر دوزخورماتوو كردیان دەبوایە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان هاوشێوەی جینۆسایدی ئەنفال‌و كیمیاباران قسەیان لەسەر بكردایە نەك خورماتوو بەبێدەنگی جێنۆساید بكرێت‌و كەس خەمی ئەو شارەی نەبێت".

وتیشی "بروامان بەرێكەوتنەكانی نێوان بەرپرسە كوردەكان‌و حەشدی شەعبی نەماوە بەتایبەت دوای شكاندنی ئاگربەستەكەی ساڵی‌ 2015 لەبەرئەوە ئێمە بەردەوام دەبین لەخەباتكردن‌و بەردەوام ئامادەكاری دەكەین بۆ دیاریكردنی پلانێك بۆ گەرانەوەی دۆخی ئەمنی شارەكە، چونكە ناتوانین قبوڵی ئەوە بكەین هاونیشتمانیانمان ئاوارهی‌ پارێزگاو‌ قەزاكانی هەرێمی كوردستان بن‌و ماڵ‌و شوێنی كاركردنیشیان لەخورماتوو لەلایەن هێزە چەكدارەكانەوە تاڵان بكرێت‌و بسوتێنرێت".

نەقیب گۆران ئێستا لەدەرەوەی‌ قەزاكەیەو یەكێكە لەو كەسانەی خانوەكەی تەقێنراوەتەوە دەڵێت "لەلایەن خەڵكی خورماتوو ئاگاداركراومەتەوە خانوەكەم لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی بە TNT تەقێنراوەتەوە".

وەك چۆن ئێستا هاوڵاتیانی‌ كورد ناڵەو هاواریانە بەدەست دەركردنیان لەشارەكەو سوتاندن‌و ماڵ‌و حاڵیان، پێشتریش بەشێك لەدانیشتوانە توركمانەكەی‌ دەنگیان هەڵبڕیبوو كە بەدەست هێزە كوردییەكانەوە گیرۆدە بوون، بۆیە ئێستا هەندێ كەس وا لێكیدەدەنەوە ئەوەی‌ روودەدات تۆڵەكردنەوە بێت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هێزێكی باڵادەست لەناوچەكە داوا لەعەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەكان دەكات لەبارەی هێوركردنەوەی دۆخی خورماتوو دەستێوەردان بكات.

ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی‌و نوێنەری كەركوك لەپەرلەمانی عێراق بە"نیقاش"ی وت "داوامانكردووە مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەكانی عێراق بێتە دەنگ لەسەر دۆخی خورماتوو هەروەها دەستێوەردان بكات بۆ ئەوەی دۆخی خورماتوو هێوربكرێتەوه،‌ چونكە ژیانی ئاوارەكان‌و ئەو خەڵكەی لەقەزاكە ماونەتەوە سەختەو نابێت بەو شێوەیە بەردەوام بن".

تا ئەو كاتەی‌ لایەك بەلایەكدا دەكەوێ‌ خەڵكە ئاوارەكەی‌ خورماتوو دەبێت لەشارو شارۆچكەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بمێننەوە، ئەوان چاویان لەگەڕانەوەیە، بەڵام دەترسن ململانێی‌ سیاسی‌ شارەكەیانی‌ وەها شێواندبێ‌ كە نەتوانن بەئاسانی‌ لەگەڵ هاوسێ‌ كۆنەكانیان هەڵبكەن.