(كەریمی ئەلەكە) لەدایك دەبێتەوە

05/02/2018

كارزان محەمەد

حاجی قادری كۆیی پتر لە سەدەیەك لەمەوپێش فەرموویەتی:
مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە
ئەوی باقی بمێنێ هەر ناوە
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا كە بەها ماددییەكان و كۆكردنەوەی سەرمایە جێگەی بە زۆربەی لایەنە مرۆییەكان و هەستوسۆزی كۆمەڵگا لێژ كردووە، بەجۆرێك كە چەندین سەرمایەدار و سیاسەتمەدار گەورەیی خۆیان لە بەرزكردنەوەی كۆشك و تەلار و مۆدیلی ئۆتۆمبێلەكانیاندا دەبیننەوە، لەم ساتەوەختەدا سەرمایەدارێ خەمی ئەو كوڕ و كیژانە نەخۆشانەی بێت كە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە، ڕۆژ بەڕۆژ هیوای ژیانیان وەك قژ و ئەگریجەی هەڵوەریوی سەریان بەرەو كەمبوونەوە دەچێ، ئۆخژنێكی خۆشی سەرتاپای جەستەم دادەگرێ و هەست دەكەم هێشتا كۆمەڵێ مرۆڤ ماون دەشێ بكرێنە مۆدێل لە كۆمەڵگای كوردی. 


لەم رۆژانەدا كاتێك خێرخوازی ناسراو (جەمالی حاجی عەلی) لە شاری سلێمانی، دوای بونیادنانی قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و مزگەوتێ لەسەر ئەركی خۆی، بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەكی گەورەی بۆ تووشبووانی نەخۆشی كوشندەی شێرپەنجە دانا، پێویستە نەك دەزگاكانی ڕاگەیاندن، بەڵكو كۆی كۆمەڵگا فۆكەس بخاتەسەر هەر خێرخوازێك كە لە گەرمەی قەیرانێكی دارایی گەورەدا، ئومێدێ بە كۆمەڵگای خۆی دەبەخشێتەوە و بە كارێكی خێرخوازی پێماندەڵێ: لە هەموو قەیرانێكی گەورەدا، دڵسۆزەكان وەك كەریمی ئەلەكە دێنەوە مەیدان.


ئێستای كوردستان لە سەردەمێكدا دەژی كە حكومەتەكەی نەك هەر بودجە بۆ ئاوەدانكردنەوە، بەڵكو چارەگە موچەیەكیش بە هاوڵاتیانی خۆی ڕەوا نابینێ، پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە ڕاوەستاون، تەنانەت هەستیارترین كەرتی خزمەتگوزاری كە نەخۆشخانەیە، بەدەست كەمی داودەرمان و خراپی بژێوی پزیشك و كارمەندانی تەندروستییەوە دەناڵێنێ. لەهەمانكاتدا چەندین بازرگانی چاوچنۆكیش نەمانی سیولە و پارەی نێو بازاڕیان كردووە بە دەرفەتێ بۆ كڕینی موڵكوماڵ بە نرخی هەرزان، ئا لەم ساتەدا هەر سەرمایەدارێك بە بونیادنانی پرۆژەیەكی ئاوەدانكردنەوە كە بەوهۆیەوە دەیان پیشەكاری جۆراوجۆر دەرفەتی كاریان بۆ دەڕەخسێ و بتوانن بە دەستی ماندوو و گیرفانێكی گەرمەوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، ئەوا هەنگاوێكی گەورە دەنێ بۆ شڵەقاندنی ئەو كشوماتییەی بەسەر ئابوریی هەرێمی كوردستاندا هاتووە. ئەگەر ئەو پرۆژەیە كارێكی خێرخوازی  و قازانج نەویستی وەك نەخۆشخانە بێت كە تیایدا هەزاران نەخۆشی كەسوكاری من و تۆ چارەسەری تێدا وەربگرن، ئەوا خاوەنەكەی نەك هەر لەم دونیا جێگەی شانازییە، بەڵكو بەزمانی پیرەمێردە نورانییەكانەوە دەبێ بڵێین: ئەوانە پەپولەی بەهەشتن.


بە ئومێدیشم سەرمایەدارەكانیتر قۆڵی هیممەتی لێ هەڵبماڵن، چونكە ئەو پرۆژە خێرخوازییانە وەك موڵكی راستەقینە و نەمری ئەوان دەمێنێتەوە نەك ئەو سەرمایەیەی بە میرات دەیبەخشن بۆ مناڵ و نەوەكانیان

 

كارزان محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی