لەم ساتەدا لیست‌و بەرەی ئیسلامی بۆ؟

06/02/2018

كه‌مال ره‌ئوف

برادەرانی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە، خەریكی دروستكردنی لیستی هێزە ئیسلامییەكان‌و بەرەی ئیسلامین، لەڕاستیدا لەبەرانبەردا لیست‌و بەرەی عەلمانی‌و غەیرە ئیسلامی بوونی نییە تا ئەوان پێویست بكات ئاوا خۆیان بەلیست‌و بەرەی ئیسلامی جیابكەنەوە. 

جاران یەكگرتوو بەشێك لەشانازییەكانیان لەسەر ئەوەبوو، كە ئەوان لەسەر بنەمای ئیسلامی بوون دژی ئەم بەرەو خۆجیاكردنەوەیەی هێزە ئیسلامییەكان بوون، بەڵام ئەمڕۆ بەپێچەوانەوە پێشەوایی ئەو تێزە دەكەن، كە دوێنی خۆیان لەدژی بوون.
   
ئێستا كۆمەڵگە دابەشی دوو بەرە بووە، بەرەیەك دەیەوێت درێژە بەم فۆڕمە لەدەسەڵات بدات، كە پڕە لەشكست‌و نادادی‌و زوڵم، بەرەكیش بەنیازی گۆڕینی ئەم جۆرە لەفۆرمی دەسەڵاتن، یەكگرتوو لەباتی ئەوەی خۆی سەرقاڵی بەرەو لیستی ئیسلامی بكات، باشتر بوو پێی بوتینایە لەنێوا ئەو دوو بەرەیە ئەو وەك هێزێكی میانەرەوی ئیسلامی كوێی كردووەتە مەیدان بۆ خەبات‌و تێكۆشانی خۆیی، ئایا ئەو لەگەڵ ئەوەدایە ئەم فۆڕمە لەحوكمرانییەتی بەردەوامبێت‌و بەدەنگ‌و قوەتی ئەو درێژە بەتەمەنی خۆی بدات، یان دەنگ‌و قوەتی خۆی بەكاردەهێنێت تالەگەڵ ئەو خواستی گۆرانكارییەدا بێت، كە خواستی زۆرینەی خەڵكە، یەكگرتوو وەك هێزێكی حساب لەسەر بۆ كراوی مەدەنی دەبوو بەدور لەپەرچەكداری سیاسی‌و بەریەككەوتنی هێزەكان، بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە نەخوازراوە خاوەن پرۆژەو پیشنیارو هەڵوێستی خۆی بوایە. 

جاران دەیانوت فەلسەفەی دروستبوونی یەكگرتوو وەك هێزێكی ئیسلامی مەدەنی چاكسازی‌و چاكەخوازییە، ئێستا ئەم هێزە ئەبێت تەكلیفی خۆی رۆشنبكاتەوە، رۆڵی ئەو لەم نەهامەتی‌و میحنەتەی كۆمەڵگەی تێكەوتووە چییەو لەكوێی هاوكێشەكە وەستاوە، خۆئەگەر نایەوێت لەپاڵ حوكم‌و دەسەڵاتێكی شكستخواردووی نادادپەروەر بوەستێت، وەك بەهەڵوێستی (كشانەوەی لەحكومەت نیشانیدا) نایەوێت بەشی هەبێت لەسەقامگیری پایەكانی ستەم ودرێژكردنەوەی تەمەنی نادادی، بەدڵنیاییەوە ئەقڵمەندانی ناو یەكگرتوو زۆر لەوە هوشیارترن ‌و ئەزانن، كە رێگای نەجات خۆجیاكردنەوە نییە بەناوی لیستی ئیسلامی و بەرەی ئیسلامی، بەڵكو ئەمەش ئەبێتە دانانی بەردێك لەسەر رێگای گۆرانكاری و هیچی تر.

كەمال رەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی