ئەو نهێنییانەی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە نەتانزانیوە

12/02/2018

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

ڕیفراندۆم هەڵەیەكی مێژوویی زۆر گەورەبوو، ئێستا بەشێكی زۆر لەو نەهامەتی و قوڕبەسەریەی ڕووبەرووی خەڵكی هەرێم بووەتەوە، بەهۆی ڕیفراندۆمە شوومەكەی بارزانی و سەرانی ڕیفراندۆمەوەیە، ( كە خۆی لەچەند سەركردەیەكی بەناو سیاسی و ئەكادیمست و ڕۆشنبیر دەبینێتەوە)، بۆیە ئەگەر ملیۆن جاری تری لەسەر ئەو بابەتە ڕابوەستین هێشتا كەمەو پێویستە بەشێك لە ڕاستییەكان دۆكۆمێنت بكرێت، بۆ ئەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو سەركردانە نەتوانن بەبیانوی جیاواز خۆیان لەو هەڵەیە بێ بەری بكەن و، خەڵكی تر بە لەدەستدانی لە 50% خاكی كوردستان تۆمەتباربكەن.

چەند دۆكۆمێنتێكی مێژوویی لەوبارەیەوە :
* چەند كاتژمێرێكی كەم، بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم عەمار حەكیم، سەركردەی ئێستای ڕەوتی حیكمەی عێراق، كە بە دۆستی كورد ناسراوە، پەیوەندی بە عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەكات و، هۆشداریەك لەڕێگەی ناوبراوەوە بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد دەنێرێت و پێیان ڕادەگەیەنێت، ئەگەر دەست لە ڕیفراندۆم هەڵنەگرن، پلانی گەورەو ژێربەژێری لە دژی هەرێمی كوردستان بەڕێوەیە، ڕەنگە كورد زەرەری گەورە بكات، كە لە ئاستی پێشبینی كورد نییە.

عەمار حەكیم، ئەو پەیامەی زۆر بەجدی بووەو پەرۆشی ناوبراویش بەهۆی نزیكی بوو لەسەركردایەتی كورد، بەڵام ئەو كات بارزانی ئامادەنەبووە گوێی لێبگرێت، لەزۆر كۆبوونەوەو دانیشتندا، سەرزەنشتی بنەماڵەی حەكیمی كردووەو بەجۆرێك لە جۆرەكانیش ئەو قسانەی بارزانیان بۆ چووەتەوە.

* ڕۆژی 24ی ئەیلولی ساڵی 2017، واتە ڕۆژێك بەر لەئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بۆماوەی شەش كاتژمێر بەشێوەیەكی ڕانەگەیەنراو، ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە، بۆ ماوەی شەش كاتژمێر دەستبەسەردەكرێت، ئەوكات لەهەولێر دەبێت، بەمەبەستی كۆبوونەوە لەبارەی ڕیفراندۆم لەگەڵ بارزانی و چەند سەركردەیەكی پارتی و یەكێتی.

دەستەبەسەركردنی ناوبراویش، لە لایەن بارزانی و چەند سەركردەیەكی یەكێتی بووە، چونكە پێیانوابووە: ئەگەر ناوبراو ڕاستەوخۆ بگەرێتەوە كەركوك دوای كۆبوونەوەكە، ڕێگری دەكات لەئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كەركوك، ئەویش بە دەستەبەرداگرتنی سندوقی دەنگدان لەو شارە.

* هەر لە هەولێر دوو ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ، چەند سەركردەیەكی یەكێتی لە كەركوك لەگەڵ بارزانی كۆدەبنەوەو پێیدەڵێن: خەڵك ناچێتە سەر سندوقی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم، ئەوەش بۆ كورد نەنگییە، لە وەڵامدا بارزانی دەڵێت " بڕۆن تەزویر بكەن، ئەوەندە مەترسن".

* بێرنارد هێنری لیڤی، نووسەرو سیناریستی فەرەنسی، كە تۆمەتبارە بە هاندانی بارزانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لە دوای ڕیفراندۆم لەچە شوێنێك بەچەند سەركردەیەكی كوردو چەند ڕۆژنامەنووسێكی وتووە: "من ئامانجی هاندانی بارزانیم نەبووە، بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجامبدات، من تەنیا هەر ئەو پارچە سێوەم دەستكەوتووە، كە لە دوای ڕیفراندۆم بارزانی لەسەر مێز پارچەی كردو لەوێنەكەشدا دیارە، بەڵكو چەند ڕاوێژكارێكی ئەمەریكی پارەخۆر لەساڵی 2014ەوە، لە رێگەی هاندانی مەسرور بارزانی هانی بارزانی باوكیان داوە ڕیفراندۆم بكات، بەڵێنی ئەوەیاندا لەئەمەریكاوە پشتگیری كورد بكەن".

* بەر لە ئەنجامدانی رێفراندۆم دوو سەركردەی باڵا، لە دەرەوەی پارتی، یەكیان بە بڕی 800 هەزار دۆلارو ئەویتر بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار هاوكاری كران.

سەرتیق قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی