هێندێك لە حوکڕانانی هەرێم کە لە نێوان خۆیاندا قسەیان کردووە سەبارەت بە مامۆستایانی ناڕازی وتویانە : ئەوەی ئێمە لەم مامۆستایانەی قبووڵ دەکەین لە هەر وڵاتێکیتردابێ لێیان قبووڵ ناکرێ .
ئەم قسەیە پیاوی برسی و گیرفان بەتاڵ تووڕەتر دەکات . ئەومامۆستایانە هەموو کارمەندی حوکمەتن و بەرانبەر بە مووچەی مانگانە تەعین کراون . جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان دەرس وتنەوەیە لە خوێندگەکاندا کە گرێدراوە بە جێبەجێکردنی ئەرکی لایەنی بەرانبەرەوە – کە حوکمەتە . تۆ مووچەی مانگانەی خۆی بدەرێ و ( کە مافی یاسایی خۆیەتی ) ئەگەر بە ئەرکی خۆی هەڵنەسا سزایبدە ، سجنی بکە . بەڵام چی لێقبووڵ ناکەیت کەزیاتر لە ٣ ساڵە مافی خۆی نادەیتێ ، کە بە گیرفانی بەتاڵەوە دەبێ مناڵەکانی بەخێوبکات ؟ دەڵێیت (لە هەروڵاتێکیتربێ ئەمەیان لێ قبووڵ ناکرێ ) باشە دەپرسین لەکام وڵات داوا لە مامۆستایان دەکرێ ، بۆزیاتر لە ٣ ساڵ ، دەرس بڵێنەوە بەومەرجە مووچەشیان نەبێ ؟ مانگێ ، دوومانگ ، ٤ مانگ .. قەیناکە ، بەڵام کە بوو بە چەند ساڵ و هەرمووچە نەبێ ؟
ئێوە فرۆشتنی نەوتی هەرێمتان لە دەستی بەغدا سەندو گرتتانە ئەستۆی خۆتان ، گوایە سەربەخۆیی ئابووری بۆ هەرێم دروستدەکەن . ئائەمەبوو سەربە خۆییەکەتان ؟ دەتوانن ڕوونی بکەنەوە بۆ ئەوخەڵکە کە مووچەکەیان چی لێهات ؟ دیارە خۆتان برسی نین و تێر ئاگای لە برسی نیە ! ئەگەر بەویژدانێکی ساغەوە مامەڵەتان لەگەڵ ئەم میلەتە بکردایە دەبوو کورسیە کانتان جێبێڵن و بڵێن :
- داوای لێبوردنتان لێدەکەین ، ئێمە شایستەی ئەم جێگەیەنین .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی