تاكە ڕێگای گۆڕانكاری لەم قۆناغەدا

13/02/2018

عەبدولستار مەجید

هەڵبژاردن بوەتە تاكە دەرچەی ڕزگاربوونی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەم چەقبەستوویی و ئەو هەموو قەیرانە قوڵەی سیاسەت و حوكمڕانی و ئابوریی ئێمەی لەم بەشەی كوردستان تێیكەوتووە.

‎٢٦ ساڵەخۆمان حوكمی هەرێمی كوردستانی عێراقمان كرد، دوور لە هەژموونی دەسەڵاتی ڕژێمەكانی بەغدا، بەڵام ئەزمونێكی هێندە تاڵ و پڕ نەهامەتیمان پیشانی خەڵكی كوردستان و هەموو دونیادا، كە تەواو بێهیوا بوون و، برسێتی و بێكاریش بڕستی لێ بڕیون .

‎بۆیە پێویستە هەڵبژاردنەكانی ئایندە هێڵێكی تۆخ و پان بكێشێ لە نێوان قۆناغی ناجۆر و پڕ قەیران و  گەندەڵیی زیاد لە دوو دەیەی ڕابردوو، لەگەڵ ئایندە كە دەبێ قۆناغی گۆڕانكاریی بێ لە دیدی سیاسی و ئەزموونی حوكمڕانیی و بونیادی ئابووری و هێنانەدی ژیانێكی باشتر و گێڕانەوەی هیوا بۆ خەڵكی كوردستان .

‎ئەوانەی جگە لە قەیران و برسێتی و كارەسات چیدیكەیان بۆ خەڵك پێ نەبووە، هەر ئەوانن دەترسن لە گۆڕانكاریی و لەدەستدانی دەسەڵات، ئێمەمانان كە تموحێكمان بۆ دروستكردنی ئایندەیەكی گەش هەیە، نابێ بهێڵین ئەم دۆخە  درێژە بكێشێ و، هەرچی زووە لە ڕێی پڕۆسەیەكی ئازایانە و ئازادانە، كۆتایی بەم سەردەمە دژوارە بهێنین و خەڵكی كوردستان لەم هەموو كۆت و بەندی قەیرانانە ڕزگار بكەن كە شیاوی نین !

عەبدولستار مەجید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی