شكستێكی تری توركیا لەعەفرین

19/02/2018

كه‌مال ره‌ئوف

وتەبێژی حكومەتی توركیا لەئەنقەرە ئەم ئێوارەیە وتی" یەپەگەو پەیەدە، دژی دەوڵەتی توركیاو سوریان و ئەوانە تیرۆریستن و مەترسین لەسەر ناوچەكە". ئەم بۆچونە تازەیەی توركیا لەكاتێكدایە پێشتر توركیاو بەشێك لەهێزە پاشكۆكانی بندەستی، دەهۆڵی ئەوەیان ئەكوتا و بیانووی شەر فرۆشتنەكەیان ئەوە بوو، گوایە هێزە كوردیەكان پاشكۆی حكومەتی سوریان و رێككەوتن لەنێوانیاندا هەیە.
ئێستا توركیا توشی هستریای شەرەڤان بووە، نەهاتوهاواری ناوهۆڵەكان فریای ئەردۆگان ئەكەوێت، نەئەو زمانە زبرەی ناومیدیاكانی توركیا لەدژی كورد و چواندی شەرڤان بە هێزێكی تیرۆریستی وەك داعش.
 جوڵەی هیستریایی توركیا لەچاوی دنیاو نمایشی هێزی سەربازی سوپای توركیا بۆ سەر سنوری شارێكی بچوكی وەك عەفرین، جوڵاندنی سەدان تانگی قورس و پركردنی ئاسمان لە فرۆكەی شەركەری مۆدێرن، توركیا لەبەرامبەر خۆگری عەفرین خۆی بچوكتر كردەوە، چونكە دەركەوت بەو هەموو هێزەشەوە نەیتوانی لەسەدا دەی ئامانجە سەربازییەكانی خۆی بپێكێت، خستنە پێشی هەزاران شەركەری كۆنە داعش و مورتەزەقەی نوسرە و هێزە توندرەوەكانی تر، تاڵانكردنی موڵكو ماڵی گوندنشینەكان، بۆردمانی خەڵكی مەدەنی بەچەكی قورس، بەشێك لەكارنامەی پەلامارەكەی سوپای توركیابوو لەوناوچانەی كەوتە بندەستی توركیا، دیارە ئەوەش دەرخەر و سەلمێنەری ئەوەبوون كە توركیا خۆی بوەتە هۆکاری ئەوەی هێزە توندڕەوەكان و مەترسیەكە ئێستا لەناو خاكی توركیایە نەك شوێنێكی تر.
 پێشتر روسیا بەبیانووی وەرگرتنەوەی عەفرین، ناوچەكانی ئیدلبی لەهێزەكانی سەر بەتوركیا پاككردەوە ئاودیوی ناوتوركیای كردن بەمەبەستی پەلامار بۆسەر عەفرین، عەفرینیش بەهۆی خاوەندارێتی خەڵكەكەیەوە بەسەرهەڵدانی بەرخۆدانی سەردەم، بەرگری لێكراو توكیای توشی ئیحراجی سەربازی گەورە كرد، ئێستا قۆناخی دووەمی ئەم شكستەی توركیا دەستی پێكردوە، تازەترین هەواڵ ئەوەیە، لەبەرامبەر چونی بەشێك لەهێزەكانی  سەر بەحكومەتی سوریا بۆ سنوری ئەو شوێنانەی لەعەفرین بەرەورووبونەوەی تیایە، كە بەئاگاداری روسیا ئەنجام ئەدرێت، بەڵێنی ئەوە وەرگیراوە، توركیا پاشەكشەیەكی تربكات لەو ناوچانەی كەوتونەنەتە بندەستی، لەوانە هێزەكانی هاوشێوەی ئیدلب لە ناوچەی جەرابلس و چەند شوێنێكی تر بكشێنێتەوە و ئەو ناوچانە، چۆڵ بكرێن، خۆ ئەگەر چۆڵ نەكران، ئەوا رۆژەكانی ئایندە شەری قوس  بۆ وەرگرتنەوەو پاكردنەوە ئەو ناوچانە روودەدات...

 

کەمال ڕەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی