پارە-مانتار

21/02/2018

هاوكار حسێن

هەتا ئێستاش بون بەپزیشك لەكۆنەستی ئێمەدا ئەولەویەتی خوێندنە، دافعەكەش پەیوەندی بەزانستخوازییەوە نییە، بەڵكو لەبەرئەوەی كاتی خۆی كاك فڵانی موزەمید، یان دكتۆر فڵان كە لە لاكۆڵانێكدا دوكانێكی كردووەتەوە، دەوروبەر زانیویانە چ داهاتێكی بێشوماری دەستدەكەوێت. 

ئیدی بون بەدكتۆر لە ئامانجەوە بوە بە وەسیلەی پارە پەیداكردن. ئێستا ئەم كەسابەتە لەبرەو كەوتوە، شتێكی دی سەریهەڵداوە: پارە-مانتاریی.

ئێستا هەمو جۆگەیەك لەكوردستان دەچێتەوە ناو ئەستێلكی پەرلەمانەوە، دافعی گەورەش بۆ بون بە پەرلەمانتاری دیسانەوە فەقەت پول و پارەیە. كابرا لەوڵاتانی ئەوروپا دكتۆرای خوێندوە، كەچی پسپۆڕییەكەی خۆی لا سوكترە لەكاری پەرلەمانتاریی و سەردەكات بەكۆشی دەیان بەرپرسدا بۆئەوەی بیكەن بەپەلەمانتار. 

كابرا خۆی بەرۆژنامەنوسی نێودەوڵەتی دەزانی و رۆژ تا ئێوارە بەدەوری كۆشكی سپیدا مامەخولەی بوو، كەچی دەركەوت ئەمەی كردبوە وەسیلە بۆئەوەی بێت بەپەرلەمانتار. 

دانەیەكی دی لەژێر جبە و مەندیلی مەلایەتیدا، ماڵی و مینبەری خودای بەكارهێنا تا دەمی لە لەوەڕی پەرلەمانتاری گیر بوو، ئێستا نەقیزەشی لێدە نقەی لێوە نایەت. 

یان كابرا مامۆستای زانكۆیە، كەچی دامەزراوەی زانكۆی لا بچوكترە لەپەرلەمان و شەڕە لەقەیەتی بۆئەوەی ئەویش بچێتە ئاخوڕەكەی پەرلەمانەوە. 

گومانم نیە، بڕیارێك دەركەن موچەی پەرلەمانتاریی بكەن بە ملیۆنێك دینار، هەر بەیلانی لەسەدا هەشتای ئەوانەی ئێستا بە بۆینباخی پانەوە خۆیان كاندید كردوە، دەكشێنەوە. مرۆڤ شەرم دەكات كاتێك دەبینێت پارە چۆن كەرامەتی ئینسانی ئێمەی هاڕیوە. 

كاتێك هۆڵی پەرلەمان لەشوێنی یاسا دانان و كۆتوبەندكردنی حكومەتەوە دەبێتە شوێنی دەوڵەمەندكردنی ئەندامەكانی، واباشترە ئەندامەكانیشی ناوبنرێن پارە-مانتار.

هاوكار حسێن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی