چارەنووسی یەكێتی

23/02/2018

ئاسۆ حاجی

لەوە ناچێ یەكێتی لە مانگی ئاداری داهاتوو بتوانێ كۆنگرە ئەنجام بدا،ئەگەرێكی زۆر لاوازیشە بتوانێ بەر لە هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی عێڕاقی ئەو كارە بكات،چونكە گرفتەكانی یەكێتی لەوە گەورەتر و ناكۆكی نێوان باڵەكان لەوە قوڵترە كە بە دانیشتنێك و دووی سەركردایەتیان چارەسەر بكرێ.

هەموو باڵەكانی یەكێتی لە سەر ئەوە كۆكن كە كۆنگرە ببەسترێ و لە كۆنگرە گرفتەكان چارەسەر بكرێن بەڵام هەر باڵەو بۆچوونی خۆی هەیە لە شێوازی چارەسەركردن و چۆنیەتی چارەسەركردنی،لە ناو باڵی ماڵی مام جەلالیش كە بەهێزترین باڵی ناو یەكێتیە بەسەر دوو بۆچوون دابەش بووە یەكەمیان كە بافێلی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی سەركردایەتی دەكەن باوەڕیان وایە كە نابی سل لەوە بكرێتەوە كە ئەگەر كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی مل بۆ قبوڵكردنی دەسەڵاتی ئەوان بە سەر تەواوی یەكێتی نەدا ئەوە لە ناو یەكێتی دەربكرێن بەر لەوەش ئەو سەركردانەی سەر بە بەرهەم ساڵحن و لە ناو یەكێتی ماون دەربكرێن.

لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی برا گچكەی بافێل بە پاڵپشتی دایكی و بە ڕێكەوتن لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ یەكێتی وەك ئەوەی ئێستای لێ ماوەتەوە بیپارێزن بۆ ئەوەش هەوڵدەدا كە سیستەمی هاوسەرۆكی بە  لاسایی كردنەوەی ئەزموونی پەكەكە كە ئەگەر ئەوەی بۆ چووە سەر بەر لە كۆنگرە لەگەڵ كۆسرەت سەرۆكایەتیەكە بەش بكەن، كۆسرەت رەسوڵ بەرپرسی هەموو دۆسیە حیزبیەكان بێ و كاروباری یەكێتی بەڕێوە ببات و قوبادیش بەرپرسی دۆسیەكانی پەڕلەمان و حكومەت بێ.

كۆسرەت رەسوڵ كە ئەگەر وەك بنەماڵەی مام جەلالیش دەستی بەسەر هەموو ئۆڕگانەكانی یەكێتی نەشكێ بەڵام بەبێ قسەی ئەو هیچ شتێك لە ناو یەكێتی سەركەوتو نابێ، بە تایبەتیش لە دوای ڕووداوەكانی كەركوك لە شازدەی ئۆكتۆبەر و خۆیەكلایی كردنەوەی بەرهەم ساڵح لە وازهێنان لە یەكێتی و دروستكردنی حیزبێكی نوێ ئەوە هێرۆ خان ملی بۆ مەرجەكانی كۆسرەت دا و ئەو وەك كەسی یەكەمی یەكێتی بڕیار لە شتەكان دەدا.

نزیك بوونەوەی قوباد و كۆسرەت چەند لە بەرژەوەندی یەكێتیدایە زیاتریش لە بەرژەوەندی بنەماڵەی تاڵەبانی دایە چونكە سەركردایەتی كردنی یەكێتی بە هاوبەشی دەرئەنجامەكەی و ئایندەكەی هەر بەلای قوباد دادەشكێتەوە بە تایبەتیش كە كاك كۆسرەت نەخۆشی شەنگی لێ بڕیوە،بەڵام قوباد بەبێ هاوكاری برا گەورەكەی ناتوانێ ئەو كارە بكات بۆیە لە وە دەچێ بەهاوكاری دایكی هەوڵی دوورخستنەوەی براكەی لە زڕ ئامۆزاكانی بدا هەروەها ئەوانەش كە هاوبەرژەوەندین لەگەڵ زڕئامۆزاكانیان،لەوەش دەچێ ئەو پەیامە بەو كەسانە گەیشتبێ كە كۆسرەت و قوباد دەربارەی دەركردنیان لەناو یەكێتی گەیشتبنە ئەنجام بۆیەشە لە ئێستاوە مشوری خۆیان دەخۆن و لە سەر لیستی كوتلە عەرەبیەكان خۆیان بەربژێر دەكەن.

هەوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی و براكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی و دوورخستنەوەیان لە مەركەزی بڕیاردان بە بەرژەوەندی قوباد شكاوەتەوە و ئیستا زۆرینەیان پاڵپشتی ئەو هەوڵانەی قوباد تاڵەبانی دەكەن،هەروەها هانی دایكیشی دەدەن كە لەو بارەیەوە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.

ئەوەی ڕوبەڕوی ئەو هەوڵانەی قوباد دەبێتەوە خواستەكانی بەغدا و تەهڕانە كە هەردوكیان دەیانەوێ ئەو ئەو ئەجیندایەی لە شازدەی ئۆكتۆبەرەوە لە كەركوك دەستیان پێكرد تەواوی بكەن لە ڕێگای هەمان ئەو كەسانەی كە هاوكاریان بوون كە ئێستا ڕكابەری قوباد دەكەن لە وەرگرتنی باڵاترین پۆستی ناو یەكێتی .

ئاسۆ حاجی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە