نهێنی سەركەوتنی عفرین

24/02/2018

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

دواجار عەفرین سیاسەت و خەباتی چەكداری خۆرئاوای بۆ دیاریكردین. لەنێوان خەباتێكی چەكداری بەهێزو سیاسەتێكی ڕاست و دروستدا؛ ئەوە عەفرینە پێمان دەڵێت لەهەردوو ڕوانگەكەوە شۆڕشی خۆرئاوای كوردستان سەركەوتنی بەدەستهێناوەو هەردوو خەباتەكە خراوەتە خزمەت یەك ئامانجەوە كە ئەویش ئایندەی كوردە لەخۆرئاوای كوردستاندا.

لەوێنە گەورە گشتییەكەی شۆڕشی كورددا لەخۆرئاوای كوردستان دەبینرێت كە، ئەم شۆڕشە پاڵپشتە بەدوو پایەی بەهێزی وەك خەباتێكی چەكداری و سیاسەتێكی قوڵ.

وەك چۆن لەخەباتە چەكدارییەكەدا دوژمن زیاد لەوێنەیەكی هەیە و پێویستە لەناوببرێت، بەهەمان شێوە لەخەباتە سیاسییەكەیشدا ڕێگاكانی سەركەوتن زۆرو فرەلقەو پێویستە ڕێگای سەركەوتن بدۆزرێتەوە.

بەمانایەكیتر؛ ئەوەی توركیای لەشەڕی عەفریندا تێكشكاند، بەتەنها خەباتی چەكداری یەپەگەو هەسەدەو شەڕڤان و گەریلا نییە، بەڵكو دیوێكیتری ئەم جەنگە جوڵە سیاسییەكانی هێزە كوردییەكانی خۆرئاوایە كە توانیویانە وەك چۆن خەباتكارێكی چالاك و چووستن، سیاسییەكی بەتواناو بەسەلیقەیش بن لەبەرامبەر هەموو سیناریۆكانی سەر خۆرئاوای كوردستاندا، یان دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ لێكتێگەشتنی نێوان كوردو زلهێزێكی وەك ئەمریكا.

عەفرین هەڵگری نهێنییەكی قوڵی سەركەوتنە لەنێوان هەردوو كایەی خەباتێكی چەكداری و سیاسەتێكی پۆزەتیڤدا.

وەستانەوەی زیاتر لەمانگێكی شەڕڤانان لەبەرامبەر هێزێكی داگیركاری وەك توركیای دووەم زلهێزی ناتۆدا، بەشێكی تابلۆكەیە كە خەباتێكی چەكدارییە. بەڵام ئیشكردنی یەپەگەو هەسەدە لەگەڵ ئەمریكاو 

ڕێككەوتنێكی گرنگی یەپەگە لەوەها كاتێكدا لەگەڵ سوپای سوریادا، دیوی دووەمی تابلۆكەی عەفرینەو هێندەی ڕێككەوتنێكی سیاسییە هێندە ڕێككەوتنێكی سەربازی نییە.

بناغەی ئەم ڕێككەوتنەیش دوای ئەوە هات كە وەزیری بەرگری ئەمریكا لەكۆبونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆدا لەبرۆكسل لە۱٤ـ۲دا نەیتوانی "نورەدین جانكیلی" وەزیری بەرگری توركیا ڕازی بكات چیتر توركیا ھێرشەكانی بۆ سەر عەفرین ڕابگرێت. بۆیە ئەمەش پاڵنەرێكی سەرەكی بوو كە سەرەڕای هەوڵەكانی توركیاو ڕوسیا بۆ تێكدانی ڕێككەوتنەكە، بەڵام یەپەگە زۆر سیاسیانە داواكانی ئەمریكایان لەم كاتەدا ڕەدنەكردەوەو ڕێككەوتنیان لەگەڵ سوپای سوریا ئیمزاكردو ڕەزامەندی ئەمریكایان بەدەستهێنا.

بۆیە، یەكێك لەدەستكەوتەكانی ئەم ڕێككەوتنە سیاسییەی یەپەگەو سوپای سوریا ئەوەیە، لەلای ئەمریكاو جیهانیش یەپەگەی لەهێزێكی تیرۆریستەوە كردە هێزێكی ڕاست و نیشتمانی سوری و چیتر مامەڵەی خەباتكارو نیشتمانی لەگەڵ دەكرێت و پرسی كوردیشی لەسوریادا كردە پرسێكی ڕاست و دروست.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی