چۆن هەموو حیزبەكان وەك یەكن؟

25/02/2018

پێشڕەو بابەشێخ

لەسەرو بەندو نزیكبونەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان, هەم بۆئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەم بۆ پەرلەمانی كوردستان لێرەولەوێ گوێ بیستی ڕستەی ( هەموو حزبەكان وەك یەكن ) دەبین كە خەریكە وردە وردە جێگای خۆی لەنێو بەشێكی خەڵك دەكاتەوە . بوە بە چپەیەك و بەر گوێی هەموان دەكەوێت, خەریكەببێت بە خاڵێك و لە كۆتایی هەموو گفتوگۆكان دابنرێت .

(هەموو حزبەكان وەك یەكن ) خەریكە ببێت بە قفڵێك و لە كۆتایی هەموو گفتوگۆیەكی تایبەت بە ژیان و گوزەرانی خراپی هاوڵاتی و بێ موچەیی و دروستكردنی قەیرانەكان و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی میلەت و بەتاڵان بردن و بڕینی قوتی خەڵك و سەروەر نەبونی یاسا و نەبونی دادی كۆمەڵایەتی, بدرێت.

ئەوەی لەم هەرێمە دەگوزەرێت هیچ نیە جگە لە یاریكردن بە هەست و شعوری هاوڵاتی و تاكی دەنگدەر, هیچ نیە جگە لە بەلاڕێدا بردنی كۆمەڵگا و خۆڵكردنە چاوی خەڵك, بەشاردنەوەی ڕاستیەكان و بەشەریككردنی هەموان لە شكست و نەهامەتیەكان سوتاندنی تەڕو وشك پێكەوە و بەیەك ڕەنگ سەیركردنی ڕەش وسپی پێكەوە . 

كێن ئەوانەی سود لەم جۆرە پڕوپاگەندەیە دەبینن ؟ 
یەكەم / ئەو جوت حزبەی لەوە گەیشتون بونەتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵك و ئێستا لەڕێگای تابوری پێنجەمەوە, جەنگی دەرونی لەگەڵ دەنگدەر و هاوڵاتی دەكەن و دەیانەوێت شكستی حوكمڕانیان دابەش بكەن بەسەر خەڵك و لایەنەكانی تردا, لە كاتێكدا سەروەت و سامان و قوتی خەڵكیان تەنها لە نێو خۆیاندا دابەشكردوە و تەنانەت لە نێو خودی حزبەكانیشیان بۆ چەند بنەماڵەیەك و چەند گروپ و چەند كەسێك بوە .

دووەم/ ئەو دوو حزبەی بەدرێژایی مێژوی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان, نەیانتوانیوە بونیادنەری پایە و بناغەی حكومەتی هاوڵاتی نەك دەوڵەت و دەوڵەتداری بن, لەهەوڵدان بۆ بەیەك چاو سەیركردنی ئەو لایەنانەی بكوژی ڕۆژنامە نوس و خۆپیشاندەر و كپكردنی دەنگی ئازادن لەگەڵ ئەو لایەنانەی هۆكاری دروستبونیان بۆ ڕێگریكردن بوە لە كوشتنی ڕۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر و كپكردنی دەنگە دلێر و ئازاكان و ئازادەكان .

سێیەم / هەموو ئەوانەی خۆشگوزەرانی و دەسەڵات و ژیانی ڕەفاهیەتی منداڵ و نزیكە كانیان و خوێندن و سەفەر و گەشتیان بەندە بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە . نەك نەهامەتی و بێ موچەیی و ژیانی كولە مەرگی و بێ كارەبایی و دانەمەزراندن و نا ئارامی و ژیان لەگەڵ دەرونێكی ناتەندروست . بەیەك چاو سەیركردنی هەموو لایەنەكان بەردەوامبونە بۆ مانەوە لەدەسەڵاتی دەسەڵاتدارێك كە باوەڕیان بە بڕیاری  دیوەخان و خێڵەكیانە هەیە نەك سەروەری یاسا و سیستەمی پەرلەمانی و بڕیاری هۆشیاریانە و شیكردنەوە و لێكدانەوەی دوور مەودا .

چوارەم / هەمویان وەك یەكن ! قسەیەكی پوچە, ئەوانە خاوەنین و هاندانی بۆ دەكەن كە دەیانەوێت تەنها خۆیان فرۆشیاری نەوت بن, خۆیان واژووی  گرێبەستەكانی فرۆشتنی نەوت بكەن و داهاتەكەشی لای خۆیان و هەر بۆ خۆیان بێت . ئەوانە خاوەنی وەها پڕوپاگەندەیەكن كە دەیانەوێت دەسەڵاتی ڕەها لای چەند كەسێك و چەند بنەماڵەیەك بێت, خۆیان خاوەنی فڕۆكە و فڕۆكەخانەبن, خۆیان پڕۆتۆكۆلەكان دابڕێژن و خۆیان دادوەر دابنێن و خۆشیان دادگاكان بەڕێوە بەرن . خۆیان بە پلە فەرماندەیی باڵا بن و پلە بەندی سەربازی لای ئەوان بێت .

پێنجەم / هەموو حزبەكان وەك یەكن ! ڕستەیەكی هیچە, جگە لە فێڵێك لە دەنگدەر بۆ وەك یەك سەیركردن هیچی تر نیە بۆ وەك خۆ مانەوەیان لە داهێنان لە شێوازی تری بندیوار و زۆری پاسەوانی تایبەت و داهێنان لە بونیادنانی كۆشك و ڤێلایی جیاوازتر و فراوانتر و گەڕان و ڕابواردنی زیاتر و زۆرتر . هیچی تر نیە جگە لەوەی بەناوی خوێنی شەهیدان ژمارەی پاسەوان بۆ منداڵەكانیان زیاتر بكەن . دەیانەوێت ئەمجارە و بەو شێوازە خۆیان بەراورد بكەن بەوانەی هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرن و داهێنەرن لە كاری كادیرانە و سیاسیانەی خۆبەخشانە, نەك بە موچەی حكومی كار لە بارەگا حزبیەكان بكەن .ئەوان دەیانەوێت بەو شێوازە زێڕوگەوهەری دەست و سینگ و بەرۆكی منداڵەكانیان لە بازاڕ و شوێنە گشتی و بۆنەكۆمەڵایەتیەكان, زڕەی ئەوەندە بێت خەڵك بە ئاگا بێتەوە لە زیاتربونی پاسەوانە تایبەتەكانی خێزانەكانیان .

شەشەم/ هەمومان وەك یەكین ! چونكە پەرلەمانێك كۆماندەكاتەوە لە كاتی بودجەدا جامی پەنجەرەكانی ڕەشدەكەین و لەكاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بەبێ درێژكردنەوەی ماوەكەی, دەرگاكانی دادەخەین و تا ئەوكاتەی پێویستمان نەبێت كاراكردنەوەی ئەستەمە و ڕێگە بە یاسایەك نادەین لە بەرژەوەندیەكانی حزب و بنەماڵە نەبێت لە پەرلەمانی خەڵكەوە دەرچێت . پەرلەمانێك ئەوەندە بێ ئەرزش بكرێت نەتوانێت لێپرسینەوە لە بڕیاربەدەستانی حكومەتێك بكات موچەی منداڵ و خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و كەم ئەندامی سەنگەر و خانەنشین و كەم ئەندامانی مەدەنی ببڕێت و كەمبكاتەوە . حكومەتێكی دەسەڵات بەدەست نەتوانێت موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دابین بكات, دەسەڵاتێك نەتوانێت سەرەتاییترین پێداویستی و مافەكانی هاوڵاتی دابین بكات.

حەوتەم / پڕوپاگەندە بۆ بەیەك چاو سەیركردنی هەموو حزبەكان وەك یەك خزمەت بەكەس ناكات ئەوە نەبێت دەنگدەر سارد بكاتەوە لە ئومێدێك بۆ گۆڕینی دۆخەكە, خزمەت بەهیچ لایەك ناكات جگە لەو لایەنانەی ترسیان لەدەنگی دەنگدەر و ترسیان لە كاروكردەوەكانی ڕابردوی خۆیان هەیە . ترسێك لە بەشداریكردنی كارای هاوڵاتی و تۆڵە كردنەوە لە بری حوكمداریەكی شكستخواردوی ناشایستە بەژیانی خەڵك و دەرنەبڕینی دەنگی ناڕازی لە ڕێگای سندوقی دەنگدان, ترس لە تۆڵە سەندنەوەی دەنگدەر . 

ئیتر دەبێت ئەوە بزانین ئەوانەی لەم جۆرە قسانە دەكەین بە بێ ئاگایی خۆمان, خزمەتی مانەوەی دەسەڵاتێكی شكستخواردوو دەكەین . بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەكاردەهێنرێین بۆ درێژەدان بە بەردەوامبونی ئەم دەسەڵاتە . 

ئیتر كاتی ئەوە هاتوە ڕەش و سپی لێك جیابكرێتەوە و لە نیەت و مەرامەكانیش تێبگەین, لەهەر پڕوپاگەندەیەك نەبین بە هاوبەش و لەدواجاردا ببین بە هاوبەش لە شكستی دەسەڵاتێكی هیچ لەبارا نەبوو .

پێشڕەو بابەشێخ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی