لەبارەی دەستگیرکردن/دەستبەسەرکردنی سالح موسلیم

25/02/2018

کەمال چۆمانی

هیچ هۆکارێک نییە ساڵح موسلیم لەلایەن پۆلیسی چیکەوە دەستگیرکرابێت بە هۆی ئەوەی نە یەكێتیی ئەوڕوپا و نە ئەمریکاش نایانەوێت کارێکی وا بکەن. پەیەدە لە لیستی تیرۆری هیچ وڵاتێکی ئەوڕوپیی و یەکێتیی ئەوڕوپا و ئەمریکا نییە. رۆژئاڤا جۆرێک لە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە.

بەیەکەوە شەڕی داعشیان کردوە، زیاتر لە هەفتەیەکە سالح موسلیم لە ئەوروپایە، هەفتەی رابردو راستەوخۆ لە کەناڵی دی دەبلیوی ئەڵمانیی راستەوخۆ قسەیدەکرد. چیک وڵاتێکی بچوکە و بەتەنها ناتوانێت قەرارێکی وا مەترسیدار بدات کە سالح موسلیم دەستگیربکات و رادەستی تورکیای بکاتەوە.

بانگەشەکانی تورکیا دژ بە یەپەگە و پەیەدە و رۆژئاڤا بێبنەمان، ئەگەر بنەمایەکیان هەبوایە ناتۆ ناچاردەبو پشتیوانیی تورکیا بکات لە عەفرین. 
دوای لێگەڕینەکانم، تەنها دو هۆکارم دەستکەوتن لە بەرانبەر دەستگیرکردنی سالح موسلیم کە چیک بیەوێت مامەڵەیەکی پێوە بکات:


هەرچەندە هێشتا رون نییە سالح موسلیم دەستبەسەرکراوە یان دەستگیرکراوە، دو روداوی بەتەواوی جیاوازن، لە ٢٤ تا ٤٨ کاتژمێری داهاتو ئەمە یەکلاییدەبێتەوە، بەڵام پڕۆژەیەکی وزەی پێرماڵی تورکیی بە ناوی یونس ئیمڕێ پێرماڵی گروپی کۆمپانیاکانی ناکسان هۆڵدینگ کە بە بڕی نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە تورکیا کە کۆماری چیک پارەکەی داوە و لە کۆدێتاکەی تورکیاوە کێشەی تێکەوتوە بە هۆی ئەوەی بەرپرسانی ئەو پڕۆژەیە بەشێکیان دەستگیرکران و بەشێکیشیان وڵاتیان بەجێهێشت بە هۆی هەبونی پەیوەندییان لەگەڵ فەتحوڵا گولەن، لەوانەیە کێشەکە دژی سالح موسلیم زەحمەت بکات.

هەروەها دو شەڕڤانی یەپەگەی چیکیی لە تورکیا بە ١٥ ساڵ زیندانیی حوکمدراون، ئەگەری گۆڕینەوەی ئەو دو وڵاتییە چیکییە بە سالح موسلیم لەلایەن میدیای چیکییەوە باسکراوە.


چیک ناتوانێت بێ یەکێتی ئەوڕوپا و ئەمریکا هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە بدات، ئەگەر ئەوان لەپشت بڕیاری دەستگیرکردن، دەستبەسەرکردنەکە بن، ئەوا موئامەرەیەکی نێودەوڵەتییە و رادەستی تورکیا دەکرێتەوە، ئەگەر ئەوان لەپشت ئەو روداوەوە نەبن، چیک تاکلایەنە ناتوانێت هەنگاوێکی وا بنێت.


پێشتر تورکیا ناوی ساڵح موسلیمی لە رێد نۆتیس دانابو لە ئینتەرپۆڵ، بەڵام هیچ وڵاتێکی ئەوڕوپیی وەڵامی ئەو داوایەی تورکیا نەدایەوە، تەنانەت بەڕیتانیاش کاتێک سالح موسلیم لە پارلەمانی ئەو وڵاتە قسەیکرد. بەڵام دیارە پۆلیسی پڕاگ لەسەر بنەمای ئەو داوایەی تورکیا ئەو هەنگاوەی ناوە.

هەرکەسێک ناوی بچێتە ناو لیستی داواکراوان لە ئینتەرپۆڵ و ئاگادارکردنەوەی سور بێ -رێد نۆتیس- ئەوا ئۆتۆماتیکی ئاگادارکردنەوەیەک بۆ هەمو بنکەکانی ئینتەرپۆڵ لە دونیا دەڕوات. 
من هیوادارم تەنها جێبەجێکردنی رێکارە تەکنیکییەکان بێت، بەڵام دەستگیرکردن و رادەستکردنی سالح موسلیم بە تورکیا، هیچ کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لەسەر کاروباری رۆژئاڤا نابێت، تەنها بۆ ئەردۆغان و ئاکەپە بۆ ناوخۆی تورکیا روداوێکی گرنگ دەبێت.

 

کەمال چۆمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی