دۆخی گۆڕان چۆنە؟

27/02/2018

داهێن هاشم

لەم سەروبەندی هەڵبژاردنەدا ،هێزە سیاسیەكان كەوتونەتە هەڵسەنگاندنی دۆخی خۆیان و هی ئەوانی تریش ،هەلسەنگاندنی ورد وزانستی زۆر بەكەمی ئەنجام ئەدرێ ،ئەوەی هەیە قسەی خەلك وهەلسەنگاندنی سەرپێی حزبییە ،ئەمەش شتێكە نەئەتوانی پشتی پێ ببەستی نەئەشبێ فەرامۆشی بكەیت.

كاتێك سەرنجی هەلومەرجی هێزێكی وەك بزوتنەوەی گۆڕان بدەین و هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتەكانی هەڵبژاردنی داهاتوو بكەین ،ئەتوانین لەسەر بنەمای ئەم حەقیقەتانە هەندێ راستی بخەینەروو.

گۆڕان ،لە ساڵی رابردوودا بەكۆچی دوایی رەوانشاد كاك نەوشیروان گەورەترین رەگەزی هێزی خۆی لەدەستدا ،كەهەر خۆی دامەزراوەیەكی بەهێزی مانەوەو پێشكەوتنی بزوتنەوەكەبوو.

لەدوایی گیان لەدەستدانی كاك نەوشیروان ،بەئامانجی گەمارۆدانی ئەم بزوتنەوەیە ،جوڵانەوەی تر بەهەمان نەهجی كاركردنەوە دروستكران ،كەم وزۆر بەشیوازی كاركردنیان رونە ،هێندەی ویستی لێدان و خواردن لەبەشی گۆانیان هەیە ئەوەندە ئامانجێكی تریان نیە ،بێگومان زانیاریەكانی سەلماندنی ئەم حەقیقەتە لای گۆڕان هەیە ،بەڵام ئەوەی گۆڕان دەیەوێ نەكردنەوەی دەرگای شەریكی ترە كەناچاربێ ئامانجە حەقیقیەكانی خۆی ون بكات ،بۆیە بێدەنگی لەئاست ئەم شەرە لاوەكیانە هەڵبژاردووە.

دۆخی ئابووری‌و سیاسی كوردستان ،رێگای هەڵبژاردن بۆ گۆڕانكاری بێ هیوای لەناخی خەلكدا دروستكردوە ،تائێستا پێشبینی كەمترین ئاستی بەشداری لەهەڵبژاردندا لەئارادایە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ،گۆڕان دوای لەدەستدانی رابەرەكەی وەك هێزێكی خاوەن پرانسیپی نەگۆڕ لەسەر پێی خۆی وەستاو بەردەوام بەهەمان رێباز رێگەی گۆڕانكاری بنەرەتی كەخۆی لەگۆڕینی سیستەمی سیاسی دەبینێتەوە بەرنەدا، بەجیاواز لەگەڵ هێزەكانی تر توانی سەركردایەتی خۆی ریكبخات ئەگەرجی سەرنجیش هەبێ لەسەر شیوازی سەركردایەتیكردنەكە.

گۆڕان هێشتا جێی هیوای خەلكە ئەوانیتر ناتوانن وەك بەدیلی راستەقینە بۆ ئەم بزوتنەوەیە دەربكەون ،گلەیی و نارەزایەتی خەلك لەگۆڕان هی ئەوەنیە ئەم بزوتنەوەیە لادەرە لەرێبازی خۆی هی ئەوەنیە خیانەتی لەم وڵاتە كردبێ ،هی ئەوەنیە خەرقی گەندەڵی بوبێ ،بەڵكو ئەوە فشاری پر هیوای گۆڕانخوازانە بۆئەوەی سوربونی خۆیان بۆ باشتر ئەداكردنی رێبازەكەی پێشان ئەدەن ،ئەوە گلەیی ئەو فەراغە ئیعلامییە كەلەبەر نەبونی توانای مادی بۆ بزوتنەوەكە دروست بوە ،زۆر ناخاێنێ گۆران زۆر كارگەرتر لە مەیدانی ململانیكە دەبێتە سوارچاكی هیوا و ئومید بەتایبەت كەئێستا هێزە ركەبەرەكانی لەدۆخی پر شكستی سیاسی خۆیان ئەخولینەوە.

داهێن هاشم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی