یەکیتی؛کۆنگرە یان متمانە!

28/02/2018

کاوسێن بابەکر


کۆنگرە لەژیانی هەموو حزبێکدا رووداویکی گرنگ وکاریگەرو زەرورەو پێویستیشی بە گفت وگۆو لێکدانەوەی هەموو لایەن وهەل ومەرجەکانە،یەکێتی یەکەم کۆنگرەی لەساڵی ١٩٩٢دا گرێدا کە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دووبالەکەی کۆمەڵەو یەکیتی شۆڕشگێرانیش بوو،هەرچەند بڕیاری ئەم یەکگرتنەوەیە ساڵی ١٩٨٩درابوو بەڵام لەبەر هەل ومەرجەکە دوای سێ سال ئینجا کۆنگرەکەگیرالەو کاتەشەوە کە ٢٦سال دەکات تەنها دووکۆنگرەی بەستراوە،دواین کۆنگرە کە کۆنگرەی سێیەم بوو لەپلینیۆمی سییەمی یەکێتی کەلەقەڵاچوالان بەسترالەڕۆژانی ٧و٨ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٧بڕیاردرا ساڵی ٢٠٠٧ببەسترێ،بەڵام نەتوانرا ببەسترێ ودوای ٣ساڵ ئینجا بەسترا!ئەمانە هەمووی بەئامادەبوون وچاودێری هەڤاڵ مام جەلال بوون.پرسیارەکە ئەوەیە حیکمەت لە ئارامی وشینەیی وبەکاوەخۆیی بەستنی کۆنگرەدا کەڕووداوو وێستگەیەکی ژیانی هەر حزبێکە بەتایبەت لەو دۆخە ناسک وئەو ناوچە پڕگۆرانکاری وگڕگرتووەدا چییە؟پێموایە هەموومان وەڵامەکەی باش دەزانین ئەویش ئەوەیە کۆنگرە بۆ بەهێزکردنەوەو ڕێکخستنەوەوگۆڕانکاری لەبەرنامەو پێڕەوی حزبدا بەپێی گۆڕانکاری وهەل ومەرجەکان دەبەسترێ،ئەگەر ئەو ئامانجانە نەهێنێتەدی ومەترسی لێکترازان وکێشە هەبێ دەبێ پەلەی لێ نەکرێ ونەک ٣ساڵ و٢٦ ساڵ بۆ دووکۆنگرە بەڵکو بالەوەش زیاتربێ بەڵام کۆنگرە بەسەر کەوتووی ببەسترێ وئامانجەکانی بپێکێ!
ڕەنگە کەسانێک وابیربکەنەوە کەئەم نوسینەی من بۆلایەنگری لە نەبەستنی کۆنگرەیە،من پێشتر دووبابەتم لەسەر کۆنگرە نوسیوە،یەکێکیان بۆ زەمینەسازی کۆنگرەو یەکێکی تریش بەناوی(دەنگی پێی خێوی کۆنگرەدێ)لەدژی ئەوانەی دژی کۆنگرەن ولەکۆنگرەدەترسن،بەڵام لەگەڵ کۆنگرەیەک نیم یەکێتی بکاتە ئاردی نێودڕوێ!!
یەکێتی پێش کۆنگرە پێویستی بە گێڕانەوەی متمانەیە لەنێوان هەڤاڵاندا متمانە بەوەی کەس پاشقول لەویتر ناگرێ،متمانە بەوەی وەک هەڤاڵ مام جەلال دەیگوت کلک لێکگرێدانی هێندێکان  نابێ دژی هێندێکی تر،متمانەیەک هەموومان لەژێر چەترەگەورەکەی مامدا کۆبکاتەوەو خۆشەویستی وبڕوامان بەشاڕێبازی مام دنەمان بدات بۆ گەورەکردن وبەهێزکردنەوەی یەکێتی،کەلەئێستادا لەهەمووکات ئەم هێزو متمانە بەیەکتری پێویستە کەلەبەردەرگای چەندین هەڵبژاردنداین.

کاوسێن بابەکر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی