یاسای خانەنشینی.. ئاوێنەیەك بۆ ناشرینكردنی هەڵبژاردن‌و ئەندام پەرلەمان

01/03/2018

شیرین كەمال

لە ڕۆژی (27/2/2018) پەڕڵەمانی هەرێمی كوردستان یاسای خانەنشینی هەرێمی كوردستانی پەسەند كرد كە بۆ داڕشتنی هەوڵدرابوو سوود لە یاسای خانەنشینی عیراقی فیدراڵ (ژمارە 9 ساڵی 2014) وەربگیرێت.

بە پێی ئەم پرۆژە یاسایە دەبوو لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی خەڵكی كوردستاندا بگونجێنرێت ، بەجۆرێك موچەی پلە نزمەكان بەرز بكرێتەوە و لە هەمان كاتدا موچەی پلە باڵاكان كەم بكرێتەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێك میكانیزمێك دانەنراوە جیاوازی نێوان كەمترین و زۆرترین موچە چەند بێت؟ بۆیە دەبینرێت لە كاتێكدا پەرلەمانی كوردستان ناتوانێت وەك پەرلەمانی عیراق پێداگیری بكات لەسەر ئەوەی كەمترین موچەی خانەنشینی (400000) دینار بێت وەك یاساكەی عیراق ، بەڵام هەموان كۆك و پێداگرن كە كەمترین موچەی خانەنشینی ئەندام پەرلەمانێك (4000000) چوار ملیۆن دیناربێت.

لە هەمان كاتدا یاساكەی هەرێمی كوردستان ئەندام پەرلەمانانی سەرپشك كردوە لەوەی دوای كۆتایی هاتنی خولەكەیان خانەنشین دەبن وەیاخود نا.. بە بێ‌ ئەوەی ئەم خانەنشینكردنە ببەسترێتەوە بە كەمترین ساڵی خزمەت كە (15) ساڵە وەیان كەمترین تەمەن كە (50) ساڵە.

كێشە گەورەكە ئەمەیە: لە هەریمی كوردستان ڕێپێدراوە لە تەمەنی (25) ساڵیەوە كەسێك ببیتە ئەندام پەرلەمان، وەلە دوای چوار ساڵ خزمەت لە پەرلەمان ئەم كەسە دەبێتە (29) ساڵ وە مافی خانەنشینی دەبێت. با یاساكەش كەسەكەی سەرپشك كردبێت بۆ خانەنشین بوون یان نەبوون، چی وادەكات كەسێك دەست هەڵگرێت لە پارەیەكی مفتی خانەنشینی و لە هەمان كاتدا سەرقاڵی كار و پیشەو ژیانی خۆی بێت لە دەرەوەی حكومەت؟!! 

ئێمە ململانێیەكی ناتەندروستی نێوان حیزبەكان دەبینین بۆیە ئەگەر كەسێك خۆشی باوەری بە خانەنشین بوون نەبێت تەنها چاولێكەری و رقەبەرایەتی حزبەكانی تر وادەكات ئەویش پارەیەكی مفت وەرگرێت، وە بە یاساش بە مافی خۆی دەزانێ‌!!!

مەترسیەكی تر ئەمەیە : هەموو چوار ساڵ جارێك سەد و یازدە ئەندام دەچنە پەرلەمان و ئێمە هەموو چوارساڵ جارێك سەدو یازدە خانەنشینمان دەبێت كە بەدڵنیاییەوە هەمویان شایەنی خانەنشین بون نین بە پێوەرەكانی تەمەن و خزمەت.

هەر بەڕاستی بابەتی خانەنشین بوون بەو جۆرە چەقۆیەكی تیژە و لە شادەماری ئابووری هەرێم دەدرێت چ وەك سەرچاوەی دارایی و چ وەك مراندنی توانای تاك.

سەرەڕای پشتگیریم بۆ ئەوەی كە دەبێت هەم مووچە و هەم خانەنشینی شایستەی پۆست و بڕوانامە و ماندووبوونی كەسەكان بێت ، لە هەمان كات سورم لەسەر ئەوە كە نابێت جیاوازی موچە و بژێوی بازێك یان كەلێنێكی گەورە لە نێوان بەرزترین ئاست و نزمترین ئاستی موچەخۆرانی كۆمەڵگەیەك دروست بكات.. راستە ئەندام پەرلەمان و پلەبالاكانی تر ماندوو دەبن بەڵام بۆ دەبێت موچەكانیان (13 بۆ 14) جار لە كەمترین موچە زیاتر بێت؟ بۆدەبێت كەمترین موچەی ئەندام پەرلەمانێك كە بە 29 ساڵی خانەنشین دەبێت (13 بۆ 14) جار لە موچەی خانەنشینی كارگوزارێك زیاتر بێت كە بەلایەنی كەمەوە (15) ساڵ شار و شەقامی ئەم هەرێمەی پاك كردوەتەوە؟!!!

ئەم قسەیەم بۆ پەرلەمانی عیراقیش هەمان شتە و هیچ كات لەگەڵ ئەوە نیم ئەندام پەرلەمانێكی بەغداد موچەیەكی قەبەی چەند ملیۆنی وەرگرێت و مەفرەزەیەك پاسەوانی هەبێت..هیچ كات لەگەڵ ئەوە نیم داهاتی خەڵكی خیر نەدیوی عیراق تەخشان و پەخشان بكرێت. 

من بە تەواوی قەناعەتم دەڵێم تێپەراندنی ئەم یاسایە بەم جۆرە بۆ ناشرینكردنی ئەندام پەرلەمان و پلە باڵایە تا سەر ئێسقان، بۆ هاندانی خەڵكە كە ئەوەندەی تر بێ‌ ئومێد ببن لە پرۆسەكانی دەنگ دان و هەڵبژاردن، بۆ نەمانی متمانەیە بەوەی كەسێك بۆ بەرژەوەندی گشتی و گۆرینی سیستمی كاركردنی ئەم هەرێمە و نەهێشتنی گەندەڵی و نا عەدالەتی بچێتە پەرلەمان.. دەرچواندنی ئەم یاسایە لەم كاتەدا و بەم جۆرە جگە لە ساردكردنەوەی خەڵك لە بەشداری كردن لە پرۆسەكانی دەنگدان ئەوەندەی تر ، هیچ شتیكی تر نەبوو. دەنا ئەگەر تەماشای یاسای خانەنشینی عراق بكرێت (كە بۆ دەرچواندنی ئەم یاسایەی هەرێم سودی لێ‌ بینراوە) دەبینین سنوری كەمترین ساڵی خزمەت و كەمترین تەمەنی خانەنشینی دیاری كردوە ، چ خێرە لەم یاسایەی خۆمان ئەو مەرجانە لابراوە؟ دەركردنی ئەم یاسایە ئەوەندەی تر خەڵكی نارازی هاندەدات باوەڕیان بەو قەوارانە نەمێنێت كە بانگەشەی گۆرانكاری و بەرژەوەندی گشتی دەكەن و هەموان دەكەونە بازنەی ئەو تۆمەتەوە كە (تەنها بۆ خۆ دەوڵەمەند كردن و بەرژەوەندی شخصی خۆیان دەچنە پەرلەمان، ئەوان تەنها یاسا لە بەرژەوەندی خۆیان دەردەكەن و باكیان بە ژیانی خەڵكی نیە). 

من بە باشی دەزانم هەموو قەوارە نوێكان بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم ستەمە لە خەڵك و قەوارەی نوێ‌ نوێنەری یاسایی خۆیان بەگەڕبخەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەك تا هەرچی زووە ڕێگە نەدرێت ئەو یاسایە بەو جۆرە بخرێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە ، وە وورد تر و گونجاوتر بڕگەكانی تایبەت بە موچە و خانەنشینی ئەندام پەرلەمان و پلەباڵاكان دابڕێژرێتەوە ، بەجۆرێك تەنها بڕوانامە و ساڵی خزمەت بەنەمای سەرەكی داڕشتنی موچەبێت نەك خودی پۆستەكە.ئەندامپەرلەمانێك بە 25 ساڵ تەمەن و بكالوریوسیك (ئەگەر هەشبێت) چۆن دەبێت موچەكەی لە مامۆستای زانكۆ یان مامۆستای سەرەتایی خۆی زیاتر بێت كە ئەوی فێركردوە و پێگەیاندوە؟لە موچەی پێشمەرگەیەك زیاتر بێت كە خۆی دەدات بە كوشت بۆ ئەم خاكە؟

دەبێت ئەوە یەكلا بكرێتەوە پۆستی بەرز بۆ خزمەتی بەرزە نەك بەرژەوەندی بەرز... دەبێت مرۆڤەكانی وڵاتێك هەموان وەك یەك بجەنگن بۆ بەرەوپێشبردنی وڵاتەكە و وەك یەكیش بەهرەمەند بن لە شیرینی و ئارامیەكەی. نەك یەك دوانێك ببنە فیرعەون و باقی خەڵكە ماندوەكەش ببنە سوتوی خۆش گوزەرانی ئەوان.

شیرین كەمال

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی