ڕاپەڕین و بێ ئومێدییەکان

06/03/2018

شێرکۆ کرمانج

ڕاپەڕین و بێ ئومێدییەکان

ڕاپەڕین ئاکامی دوو شت بوو:
یەکەم، تەقینەوەی توڕەییەکی پەنگخواردو لە ستەم و زۆرداری و جینۆساید و ئەنفال و تەعریب و پاکتاوی ڕەگەزیی و ڕاگواستن کە لەلایەن حکومەتەکانی عێراق، بەتایبەتی بەعس، لەدژی گەلی کورد ئەنجامدرابوون. 
دووەم، لاوازبوونی عێراق، بەتایبەتی سوپاکەی، لە ئاکامی شەڕی کوێت و شکستەکانی لەبەرابەر ھێزی ھاوپەیمانان. 
ھەردوو ھۆکار تەواوکەری یەکبوون بۆ دەستپێکردنی ڕاپەڕین.
ڕاپەڕین ئامانجەکانی خۆی لە ڕزگاریی و ئازادی و سەربەخۆیی و نەھێشتنی دەسەڵاتی بەعس لە بەشێکی کوردستان، ئەگەر ناکامڵیشبوون، پێکا. 
بۆیە ڕاپەڕین نەک ھەڵەیەکی مێژوویی نەبوو بەڵکو سەرکەوتنێکی مەزن بوو کە گۆڕانکاریی گەورەی لە کوردستان و عێراق بە فیعلی بەدوای خۆیدا ھێنا.
ئەوەی ئاراستەو ئامانجەکانی ڕاپەڕینی گۆڕی و بەفیڕۆدا ئەوە چاوچنۆکی و نەزانی و بێ ستراتیجی نوخبەیەکی سیاسی پێکھاتو لە دوو بنەماڵە، بارزانی و تاڵەبانی، لەگەڵ کۆمەڵێک موریدو کۆیلەی سیاسی و ڕۆشنبیری بوو کە تەماحی سیاسی خۆیان و بنەماڵەکانیان خستە سەروی ئامانج و ستراتیجیەتی گەلی کورد.
چارە ئەوە نیە ڕاپەڕین و ئامانجەکانی ڕەخنەبکرێن یان بە نەعلەتبکرێن بەڵکو چارە ئەوەیە کە خەڵک بگەڕێتەوە بۆ ئامانج و خەونەکانی ڕاپەڕین. ئەمەش تەنھا بە پشتکردن لەم نوخبە سیاسیە دەبێت کە شکستیان بە کورد و بە ڕاپەڕینەکەی و ئامانجەکانی ھێنا. 
بۆیە گرنگترین شت کە خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ بیکات دەرھێنانی جڵەوی فەرمانڕەواییە لەدەست بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، واتە پارتی و یەکێتیی. سەرەتای ئەم کردارەش بە کۆبوونەوەی خەڵک دەبێت لە بەرەیەک دژ بە بەرەی ئەم دوو حیزبە، یەکێتیی و پارتی. دووەم کردارو گرنگترین کرداریش کە خەڵک بیکات لە داھاتوەکی نزیک دەنگنەدانە بە کاندید و لیستەکانی ئەم دوو حیزبە ھەم لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەم ھەڵبژاردنەکانی کوردستان.
خەڵکی کوردستان، ئەوانەی تا دوێنێش دەنگیان دەدا بە یەکێتیی و پارتی، وەک خەڵکە ناڕازییەکە پشت لەم دوو حیزبە نەکەن گەڕانەوە بۆ ئامانج و خەونەکانی ڕاپەڕین لە ئاستەم نزیکدەبێتەوە ئەوە ئەگەر نەڵێم موستەحیلە.

شێرکۆ کرمانج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی