ئەردۆغانی گەوج

10/03/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

 ئەردۆغان خۆی بە موسڵمان و خاوەن باوەڕو خواناس دەزانێ ، زۆر بابەتم لەسەر بڕواداریەكەی و نوێژو رۆژوی ئەو خوێندوەتەوە ، سەبارەت مناڵی و هەوڵی جیهادو تۆپێن و ئەو شتانەش شتم خوێندوەتەوە ، دەزانم چۆن خوێندی و چۆن پێگەیشت ، مرۆڤی خاوەن بڕوای راستەقینە ، ناكرێت بڕوای بە كوشتنی ئەوانی تر هەبێت ، لە كاتێكا ئەگەر ئەوانی تر هاودینی بن ، هیچ بڕو بیانوو هۆیەك نیە بۆ كوشتنیان ،بەشێكی زۆر لە دەقەئاسمانیەكان پێداگری لە پاراستنی مرۆڤ و رێز لێگرتنی دەكەنەوە ، لێ گەوجی ئەردۆغان لەوەدایە خۆی بە موسوڵمان دەزانێت و سوپاو جاشەكانی بەردەداتە خەڵكی خاوەن باوەڕی كورد ، گەوجیەكە هەر ئەوە نیە ، گەوجی گەورە ئەوەیە ئەردۆغان خەون بە لەناوبردنی كوردەوە دەبینێت ، چ گەوجیەكە بە مایۆنان كورد لە سەدان شارو شارۆكەو گوندی باكوری كوردستان و توركیاو ئەستەنبوڵ هەبن ، تۆ بتەوێ لە بولبولەو جەندەریس و عەفرین بە كوشتنی ژمارەیەك كورد شانازی بە لەناودانی كوردەوە بكەیت .

ئەمە گێلی و نەفامیەكی مەزنە ، ئاخر خۆ كورد 10بۆ 12 ، یان 100 بۆ 200 كەس نین بتوانی بیانگریت و كوشت و بڕیان بكەیت و ئیتر پاڵی لێبدەیتەوە ، كورد ملیۆنان كەسی رەسەنی ئەو ناوچەیەن ، تەنانەت مێژوی عوسمانی ، مێژووی ئەدەب و هونەری توركیا كوردی لێدەركەیتە دەرەوە كەلەلادەبێت ، مێژویەك سەعیدی نەورەسی و شێخ عوبەیدیلای نەهری و ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری و فەقێی تەیران و ئەحمەد كایەو یەڵماز گۆنای و ئاپێ موساو ئەحمەد عارف و خەیاڵئۆغڵو یەشار كەمال و هەزارانی دیكەی تیا نەبێت كەی مێژووە ، چ گێلیەكە رۆژانە پێنج جار بەرماڵ رابخەیت بۆ نوێژو دەست لە ژن و مناڵ نەپارێزی ، ئەمە ئاژەڵیەكی رەهایە ، ئاژەڵی بە مانا دڕندەیی و بڕندەیەكەی ، تۆبڵێی لە توركیایەكدا كە 80 ملیۆن پتر مرۆڤی تیایە كەس نەبێت بە ئەردۆغان بڵێت هێواش .

با وادابنەین ئەردۆغان سبەی عەفرینی بە تەواوەتی تەفرو تونا كرد ، ئەی ئامەد و وان چی لێدەكات ، ئەی هەكاری و جەزیرەو ماردین ، ئەوی سنەو ئیلام و هەمەدان و شاری كوردو كرماشان ، ئەی سلێمانی و هەولێرو دهۆك ، چ گەمژەییەكە بڵێی كورد لە ناودەدەم ، كەچی بۆ سواڵی دەنگیش تكاو رجا لە ئاغاو دەرەبەگی كورد بكەیت ، ئاخر من نوێنەری ئەردۆغانم بینیوە چۆن لە بەر ئاغای كورد پاڕاوەتەوە ، پیرە كوردی ئامەدیشم بینیوە بڕوای بەوە هێناوە ئاپۆ ماركسیەو رقی لێبووە ، لێ هەزاران مناڵی جزیرەو مۆكس و باتمانیشم بینیوە ، سرودیان بۆ ئازادی وتوە ، ئاغاو پیرێكت فریودا ئەدی ملیۆنان مناڵ كە خەون بە ئازادیەوە دەبینن ، بە بڕوای من ئەردۆغان گەمژەیەكی بێ وێنەیە كە لای وایە بە كەوتنی عەفرین و بۆمبارانی قەندیل كورد كۆتای دێت .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی