جۆرج نادر: دیپلۆماسی/دەڵاڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11/03/2018

سەردار عەزیز

ئەم ڕۆژانە ناوی جۆرج نادر لە میدیاکاندایە. ئەم ناوە ڕەنگە بۆ خوێنەر و بینەری کورد هێندە ناسراو نەبێت. بەڵام وەک کاراکتەرێکی بواری ڕۆژنامەگەری، میانگیری، بازرگانی و دیپلۆماسی زۆرمان پێدەڵێت دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بوارەکانی پەیوەندی و سیاسەت و گەندەڵی. جۆرج نادر لە دایک بووی لوبنانە، لە تەمەنی منداڵیدا وەک زۆرێک لە لوبنانیەکان دەچێتە دەرەوەی وڵات و لە ئەمریکا دەگیرسێتەوە. 
جۆرج سەرەتای دەرکەوتنی لە گۆڤاری میدل ئیست ئینسایتە. کاتێک ئێستا لە کارەکانی دەڕوانیت دەبینێت کە پرۆژەی ئەم کابرایە لە سەرەتاوە ڕوون بوە. جۆرج کە گۆڤارەکەیدا هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە کە زیاتر لە کەسایەتیە کاریگەرەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیک بێتەوە. هەتا ئاستێکی باش سەرکەوتووبوە. جۆرج خومەینی دەبینێت، کلینتۆن و زۆرێک لە سەرکردەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گۆڤارەکەی لە ژمارەی بەهاری ١٩٩٨دا دیدارێکی تیادایە لە گەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا. جۆرج لە رێگای ئەو دیدارانەوە هەوڵی ئەوەی داوە کە تۆڕێکی پەیوەندی لە نێوان کەسایەتیەکاندا دروست بکات. لە زۆر جاردا سەرکەوتووبوە لە کۆکردنەوەی ئەو لایەنانەی کە بە ئاسانی کۆنابنەوە. جۆرێک لە دیپلۆماسی پشت دەرگا. بۆ نمونە دەتوانێت شەمعۆن پێرێز لە گەڵ کۆمەڵێک عەرەبدا کۆبکاتەوە لە نێویاندا فەلەستینیەکان.
پاش دەرکەوتنی بەم جۆرە جۆرج وەها دەناسرێت کە توانای کۆکردنەوەی ئەو کەسایەتیانەی هەیە کە بە ئاسانی کۆنابنەوە، وەک مارتن ئایندیک دیپلۆماتی ئەمریکی بە ئاگا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت. 
دوو چیرۆک بۆ من جێگەی سەرنجە لە جۆرجدا، هەروەها بیری لێدەکەمەوە وەک کەسایەتیەکی تایبەت، کە بتوانرێت میتۆدێکی یان چەمکێکی لە سەر بونیاد بنێم.
چیرۆکی یەکەم پەیوەندی نێوان جۆرج و مالیکییە، چیرۆکی دووەم پەیوەندی نێوان ئەو نێچیرەڤان بارزانیە. جۆرج کاری بۆ هەردوو لەم کەسایەتیانە کردوە. دیداری بۆ رێکخستوون، لە گەڵ کەسایەتی گەورە و ناسراودا.
جۆرج لە پشت پەیوەندی نێوان عێراق و روسیاوەیە لە بواری چەکدا. 
دیارە جۆرج سەربوردەی تری زۆرە، وەک چیرۆکی مناڵبازی و ڕاوێژکاری بۆ سیاسیە ئیماراتیەکان و دەستوەردانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمریکا و دەستگیرکردنی لە ئەمریکا.

جۆرج زۆر شتمان دەربارەی دیپلۆماسیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێدەڵێت:
یەکەم، کەسە سیاسیەکان پەیوەندی دیپلۆماسی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن لە ڕێگای کەسەیاتی تایبەتەوە دوور لە دەزگا فەرمیەکان. جۆرج سەرەتا دەبێتە هاوڕێی کوڕەکەی مالیکی و پاشان باوکی دەناسێت و ئینجا دەبێتە بەشێک لە سەفەقەی چەکی نێوان روسیا و عێراق.
دوو، ئەم کەسایەتیانە ئەوەمان پێدەڵێن کە پێگەی سیاسی لە رێگای ئەم کەسایەتیانەوە بەکاردێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی شەخسی کە هەمیشە تێکەڵە بە بەرژەوەندی گەورەی ئابوری و بازرگانی.
سێ، لە رێگای ئەم کەسایەتیانەوە هێڵێکی هاوتەریب لە دیپلۆماسی بەرهەم دێت، کە دیپلۆماسی فەرمی تەنها دەبێتە کۆمەڵێک لە رەسمیاتی بی نرخ.
دیارە شتی تریش کە بیری لێئەکەمەوە

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی