دەرگای ماڵی كاك نەوشیروان

13/03/2018

مەجید ساڵح

كابرایەك نووسیوەیەتی: "هەموو رۆژێك نیوەڕۆ و ئێوارە و شەو، هەر كات بمویستایە، من تاكە كەس بووم دەرگای كراوە بوو بۆم، بەبێ ئەوەی بە سكرتێر و نوسینگەكەی بڵیم..."

ئەم قسانە بەدەر لەوەی خاوەنەكەی خۆی هەڵكێشاوە گوایە ئەو (تاكەكەس بووە) كەی بیویستبایە كاك نەوشیروان دەبینی!!، بێ حورمەتیەكی زۆر گەورە و درۆیەكی زەقی بە ناوی ئەو پیاوە گەورەیە كردوە، چونكە هەموو ئەوانەی لە نزیكەوە كاك نەوشیروان دەناسن دەزانن ئەو نە سكرتاریەتی هەبووە و نە مەوعد و مەوعدكاری هەبووە بۆ بینینی خەڵك، بە پێچەوانەوە كاك نەوشیروان لەبەیانی سەعات هەشتەوە تا درەنگانێكی شەو، هەندێ كاتی لێدەرچوایە، كە ئیسراحەتی دەكرد، خەڵكی دەبینی.. بگرە تا ئەو كاتەی تەندروستی باش بوو خۆی دەچوو بۆ بازاڕ و دوكاندارەكانی هاوڕیی دەبینی .. 

دەرگای بەسەر كەسدا دانەدەخست، زۆر جار خۆی دەینارد بەشوێن خەڵكی بازار و كاسب و كرێكارەكان و پرسیاری لێدەكردن.

٢٠١٤ تازە چوبوینە پەرلەمان، یەك دوو برادەری پارتی و یەكگرتوو كە پێشتر كاك نەوشیروانیان نەدیبوو، وتیان حەز دەكەین كاك نەوشیروان ببینین مەوعدێكمان بۆ وەرگرە، وتم مەوعدی ناوێ كەی رێتان كەوتەو ئەوێ دەتوانن بیبینن، بە رێكەوت دوو رۆژ دوای ئەوە لە گەڵ كاك كاردۆ محەمەد رێیان كەوتبووە سلێمانی و یەكسەر چوو بوونە لای كاك نەوشیروان و مناقشەیەكی گەرمیان كردبوو، كە هاتنەوە وتیان ئەوە چییە، خۆ ئێمە تا مەكتەب سیاسییەكی خۆمان دەبینین دەبێ پەنجا جار پەیوەندی بكەین، ئەو پیاوە بۆ ئەوەندە سادەیە؟!

جارێك بە كاك مەسعودی وتبوو بۆ ئەوەی بزانی لە ناو خەڵك چی دەگوزەرێ، خەڵكی ئاسایی ببنە، نەك تەنها خەڵكی حزبی و دەوروبەرت، چونكە خەڵكی حزبی و دەوروبەرت هەموو راستیتەكانت پێ ناڵێن..

دەرگای ماڵی كاك نەوشیروان هەمیشە كراوە بوو بە رووی میوان و هاوڕێكانیدا، هەموو رۆژانی هەینی دانابوو بۆ بینینی رۆشنیر و رۆژنامەنووس و خەڵكانی نوخبە، بەبێ ئینتیمای حزبی، پرسیاری لێ دەكردن و ئەوانیش پرسیاریان لێ دەكردن، گەر هەفتەیەك یەكێكیان دیار نەبوایە كاك نەوشیروان پرسیاری هۆی نەهاتنەكەی دەكرد..

نوسەری ئەو پۆستەی سەرەوە، (بۆیە ناوی ناهێنم چونكە زۆر حەز دەكات بە باش و خراپ ناوی بهێنی) یەك دوو جار هاتنە ناو ئەو مەجلیسەوە، كاك نەوشیروان بەبێ ئەوەی راستەوخۆ پێی بڵێ مەیەرە ئەم مەجلسەوە چونكە تایبەتە، باسی بازرگانی جاران و بازرگانی ئێستای كرد لە سلێمانی، و وتی "جاران لە سلێمانی چەند بازرگانێك هەبوون لە سلێمانی، خەڵك زۆر رێزی لیدەگرتن و متمانەی پی دەكردن، چونكە لەناكاو دەوڵەمەند نەبوون و غەشیان لە كاڵاكانیاندا نەدەكرد و ئەو شەكر و چا و رۆنەی كە دەیانهێنا بێ غەل و غەش بوو، بەڵام ئێستا هی وا هەن لەناكاو دەوڵەمەند دەبن و هەڵدەتۆقن و سڵ ناكنەوە لە هیچ غەلو غەشیك...".

كابرا تێگەیشت بەویەتی.. بۆیە چیتر نەهاتەوە بۆ ئەو مەجلیسە. ئەمە بە حزوری چەندین رۆشنبیر و رۆژنامەنوو بوو..

ماڵی كاك نەوشیروان دەرگای بەڕووی هەموو خەڵكێكدا واڵا بوو...

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی