ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی سەروەری هەرێمی داڕوخاند!!

13/03/2018

عەدنان عوسمان

هەق وایە سەرجەم ئەندامانی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دادگایی بکرێن و لە کاری سیاسی دور بخرێنەوە.
لە ۳٠/۷/۲٠۱۷ واتە نزیک بە دوو مانگ پێش ریفراندۆمەکەی بارزانی و ئەتباعە زەلیلەکانی لە لیژنەی ریفراندۆم، باسم لەوە کرد کە ئەم ریفراندۆمە نیشتمان وێران کردنە نەک نیشتمانسازی... بینیمان نیوەی نیشتمان تەسلیم کرایەوە بەعێراق بێ هیچ رێکەوتنێک، نەوت خرایەوە دەستی بەغدا، پشکی کورد لە بودجەی گشتی کە قوت و ئیستحقاقی میلەتە لە ۱۷٪ کرایە ۱۲٪ هەمو پەیوەندیەکانی هەرێم بەدەرەوە پچڕێندران، سنورەکان و فرۆکەخانەکان داخران، لە دوا هەنگاوی زەلیلانەی تری ئەم حکومەتە فاشیلە، رازی بون بو بە تەسلیم کردنی فرۆکەخانەکان بە بەغدا، ئیتر لە هەرێمدا هیچ سەروەریەک نەماوەو گەڕاینەوە بۆ پێش راپەرین.
جارێ لە دەستوری عێراقدا و چ لە دەسەڵاتە حەسریەکان و چ هاوبەشەکان هیچ ئاماژەیەک بە فرۆکەخانەکان نەکراوە، تەنها لە دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا لە مادەی ۱۱٤ یەکەم باس لە ئیدارەی هاوبەش ئەکات بۆ گومرکەکان... بۆیە تەسلیم کردنی تەواوەتی فرۆکەخانەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی فیدرالی بەغدا، شکست و ئابڕوچونێکی تری ریفراندۆمچیەکان و دەسەڵاتی فاشلی کوردیە...
ئیتر لە سایەی ئەمانە شکۆیەک بۆ هەرێم و هاوڵاتیانی نەمایەوە..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی