ئاماژەكانی جەنگێكی نوێ و دەرفەتیكی تر بۆ كورد؟

17/03/2018

ئەبوبەكر كاروانی

ئاڵ و گۆڕ لە سەری هەرەمی سوپای سعودیە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و (CIA) ی و ڕەنگە ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیش لە داهاتوودا، سەردانی جێهێشتنی پادشای سعودیە بۆ میسر و بەریتانیا و وەسفكردنی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە هیتلەر، مانۆڕی سەربازیی هاوبەش و گەورەی ئەمریكا و ئیسرائیل، لێدوانی سوپاسالاری ئیسرائیل بەوەی كە جەنگی ئەمجارە (ئەوەی چاوەڕێ ی دەكرێت) بەر پەچدەرەوە نابێت بەڵكو یەكلاكەرەوە دەبێت، هوشیاری هەر سێ وڵاتی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، ئاماژەی كۆشكی سپی بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی و زیادبوونی لیستی تۆمەتباركردنەكانی ئێران و حوسییەكان و ڕژێمی سوریاو چەندین شتی تر بەسەر یەكەوە ، ئاماژەن بە ئەگەری جەنگێكی نوێ لە ناوچەكەدا، كە مەبەست تیایدا بە پلەی یەكەم، كۆماری ئیسلامی ئێران بێت ، هەربۆیە پێشبینی دەكرێت ئامانجی ئەو جەنگ و هاوپەیمانیە چاوەڕوانكراوە ئەم خاڵانەی خوارەوە بن: 
1- یەكلاكردنەوەی كێشەی یەمەن و تێكشكاندنی سەربازی حوسیەكان.
2- ڕێگرتن لەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیا و حیزبوڵڵا بەرهەمی شەڕی سوریا بچنەوە. 
3- توندكردنەوەی ئابلۆقە ئابووریەكان لەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزاتیەكان و ئاڵ و گۆڕ لە واقیعی ئێراندا . 
4- لێدانی حیزبوڵڵا و هەوڵدان بۆ پاكتاوكردنی .
5- لێدانی ڕژێمی سوریا وەك بەشێ لە لێدانی هاوپەیمانەكانی 
بە كورتی ئامانج لەو جەنگە چاوەڕوانكراوەدا لاوازكردنی پێگەی ئێران و سنورداركردنی ڕووسیا و لێدانی هاوپەیمانەكانیانە‌ لە ناوچەكەدا. هەڵبەت عێراقیش لەم چوارچێوەدا ، جۆری كاردانەوەی حكومەتی عێراق و هێزە سیاسییەكان جۆری نەخشە و كاردانەوەی هاوپەیمانیەتەكە دیاریدەكات. 
ئەوەش ناوچەكە دەخاتە بەردەم قۆناغ و هەل و مەرجێكی نوێوە . هەموو ئەوەش دەخوازێ كورد و هێزە سیاسیەكانی خوێندنەوەی پێشوەختەیان بۆ گۆڕانكاریە چاوەڕوانكراوەكان و ڕەنگدانەوەیان بەسەر مەسەلەی كوردستان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەر یەك لە پارچەكاندا هەبێت و خۆی بۆ ئامادە بكەن. بۆ ئەوەی بە ئەزموون وەرگرتن لە جەنگ دژی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوودا هوشیار بن بەبەرژەوەندی یەكانیان و خۆ دوور گرتن لەوەی ببنە ئامرازێكی ڕووت لە ململانێیەكی خوێناویدا ‌ كەس و گروپ و هێز و نەتەوە زیندووەكانیش ، هەمیشە دەرفەتەكان لەنێو قەیرانەكاندا دەدۆزنەوە، هێز و گەلانی زیندوو نابن بەقوربانی پیلانگێڕی و ناشهێڵن شكستیان لە هەل و مەرج و لە چوارچێوەی هەوڵ و دۆخێكی دیاریكراودا، ببێت بە كەوتن و ئامادەیی بۆ پێخوستبوون. كورد لەنێو دڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە، گۆڕانكارییەكانیش لەم ناوچەدا، هیشتا لەسەرەتادان، زۆر شت ماوە ڕوو بدەن. گرنگە هێزە كوردستانیەكان لە دۆخێكی لەو شێوەدا، نەبنە ئەسیری لۆژیكی گەمە بچوكەكانی نیوان خۆیان، تێگەیشتنێكی چوارچێوەدار و ڕوونیان بۆ سروشتی تەحەددیەكان و، قەوارەی دەرفەتەكان و چۆنیەتی سوود لێوەرگرتنیان هەبێت. چونكە ڕەنگە گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی ئەم جارە هێزە كوردییەكان بخاتە بەردەم ئەگەری بڕیاردانی یەكلاكەرەوەو مێژووییەوە ، بۆیە دەرچوون لە دۆخی شۆك و چاوبڕینە ئایندە بە مەبەستی دەسنیشانكردنی دەرفەتە چاوەڕوانكراوەكان بایەخێكی گەورەی هەیە . چونكە هۆكارێكی گرنگی هەڵسانەوەی مێژوویی شارستانی گروپ و هێز و نەتەوەكان‌ بوونی‌ ئەقڵی قۆستنەوەی دەرفەتە . بەوەش لەبری ئەوەی ببنە بابەتی مێژوو بۆ هێز و نەتەوەكانی تر، خۆیان دەبن بە بكەری مێژوو شوێنپەنجە و مۆركی خۆیان بە ڕووداو و گۆڕانكاریەكان و ئاڕاستەكردنیان بەجێدەهێڵن .

ئەبوبەكر كاروانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی