بۆ شەرڤانان لەعفرین كشانەوە؟

20/03/2018

سەلاح خدر

ڕژێمی توركیا بەرلە هێرشی داگیركاری عەفرین لە ڕووی سەربازی، سیاسی، دبلۆماسی، میدیای و جڤاكی خۆی بەتەواوی تەدارەك دابوو، زۆرترین سازشی بۆ هێزە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەت ڕووسیا و ئێران كرد كەلەو هێرشەدا پاڵپشتی بكەن، لەپاڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەوەی لە دوای هەوڵی كودەتاكەی 2016 وە توركیا سوپایەكی تۆكمەی نەمابوو، ئەردۆغان چەكە هەرە قورسەكانی ناتۆی لە عەفرین دا بەكارهێنا.

توركیا بەرلە عەفرین هێزە تایبەت و چەتەكانی خۆی لە كۆمەڵكوژی و كاولكاری شارەكانی جزیرە، سلوپی، گەڤەڕ، نسێبین و شڕناخ تاقی كردووە و سەدان كوردیان كۆمەڵكوژ كرد، لەو دەڤەرانە چەكی كیمیاییان دژ بە گەریلا و شەرڤانان بەكارهێنا، بەو تەجروبە و هێزە چەتانە و هاوكارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییانە، دەستیان بە هێرشی سەر عەفرین كرد.

لەگەڵ ئەوەی شەرڤانان ئامادەكارییان بۆ ڕوبەڕووی بونەوە كردبوو و بەرخۆدانێكی بێوێنەیان نیشاندا و تائێستاش ئەو بەرخۆدانە بەردەوامە زیاتر لە هەزار شەهیدیان داوە، بەڵام بەهۆی زیادبوونی كۆمەڵكوژییەكان و دەستنەپاراستنی توركیا لە مەدەنی و كاولكردنی كانتۆنەكە شەرڤانان ناچاربوون لە 58 هەمین ڕۆژدا لە زۆربەی گەڕەكەكانی شارەكە بكشێنەوە، ئەوە ئاقڵانەترین بژاردەی شەرڤانان بوو، چونكە شەرڤانان چەندە خاوەن باوەڕ و ئیرادە و ئەزموونیشن، بەڵام بەهۆی نەبوونی چەكی پێشكەوتووی بەرگری ئاسمانی نەیادەتوانی ڕێگە لەبەر كۆمەڵكوژی و كاولكاری بگرن، تەنها چەند ڕۆژێك بەرلەداگیركردنی عەفرین توركیا گەورەترین كۆمەڵكوژی مەدەنی ئەنجامدا، بەڵام شەرڤانان بە كشانەوەیان و پەنابردنە بەر شەڕی گەریلایی ڕێگەیان لەبەر جینۆسایدێك گرت.

دەوڵەتی تورك پلانی ئەوەی دانابوو عەفرین وەك سلۆپی و سوری ئامەد كاول بكات و هەڵەبجە ئاسا هەزاران كەس كۆمەڵكوژ بكات، بۆ ئەوەش هەرچی چەكی هەبوو بەتایبەتی كیمیایی، ماددەی ژەهر و گازی كلۆر ئامادەكردبوو، توركیا نەیدەویست شەرڤانان شارەكە چۆڵ بكەن بەڵكو ئامانجی بوو كۆمەڵكوژیان بكات، چونكە پێشتر كۆمەڵكوژی و بەكارهێنانی گازی كیمیایی لە باكوری كوردستان و گوندی ئەرەندێی ناحیەی شیەی عەفرین ئەنجامدابوو و كاردانەوەی جدی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر خۆیدا نەبینی هەربۆیە بەنیاز بوو بە ڕێكەوتن و سودوەرگرتن لە بێدەنگی نێودەوڵەتیی لە عەفرینیشدا هەمان پلان جێبەجێ بكات.

شەرڤانان دەیانتوانی تا شەهید بوون هەڵنەستن، ئەو ئەزمونەشمان لە بەرخۆدانی كۆبانێ دا بینی، بەڵام توركیا بەبەكارهێنانی ئەو تەكنۆلۆژیایەی لە دەستیدایە و ئەو پشتگیرییە نێودەوڵەتییەی هەیەتی هەر دەیتوانی عەفرین بگرێت، وەلێ قسە لەسەر ئەوەیە كە شەڕ لە عەفرین دا كۆتایی نایەت.

ئەمڕۆ شەرڤانان بەپشتیوانی گەلی كورد و گەلانی كوردستان و ئازادیخوازانی جیهان، ستراتیژی شەڕی درێژخایەنی لەگەڵ توركیا و هاوكارەكانیدا هەیە، هەربۆیە پاراستنی هاوڵاتیان بۆ ئەوان گرنگە و ناشیانەوێت لە خاڵێكدا زۆرترین زیانی گیانی بدەن، ڕاستە توركیا پێشلەشكری بۆ شەڕێكی نێودەوڵەتی دژ بە گەلی كورد و ئەزمونی دیموكراتی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات، بەڵام ئەردۆغان بەردەوامە لە هێرشی قڕكردنی كورد و پلانی جینۆسایدی ئەرمەنییەكانی بۆ نەتەوەی كورد داناوە، لەو پێناوەشدا هەموو سازشێك دەكات تا كورد لە نەخشەی نوێی ناوچەكەدا جێگەیان نەبێت.

عەفرین نەكەتووە بەڵكو توركیا بە زەبری چەك داگیركردووە و سەدان كەس لە بەرگریدا شەهیدبوون، مەحاڵیشە داگیركەر بتوانێت بەزەبری چەك لەو شوێنی داگیركراودا بمێنێتەوە، بەتایبەت لە عەفرینێك دا كە خاوەنی سەدان هەزار ئاڤێسا خابوورە.

گەرچی ڕۆژئاوای كوردستان هیچ كات خۆی بەهێزێكی دەرەكیەوە گرێنەداوە و لەسەر هێڵی سێهەم و هێزی خۆیی تێكۆشان دەكات، ئەوەی ئەمڕۆش ڕووبەڕووی بووەتەوە باجی ئەو باوەڕەیەتی، بەڵام پێویستە ئیدی بۆ لەمەودواش كوردان لە پەیوەندی دانان لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتیی و هەرێمییەكاندا بەپرەنسپتر و جدی تربن، چونكە ئێستا ناوچەكە لە قۆناغێكی هێندە هەستیاردایە كە دەتوانرێت بەرژەوەندی و هاوكێشەكان لە كاتژمێرێكدا گۆڕانكاری بەسەردابێت، كوردیش دەبێت خۆی بەو پێیە تەیار و ئامادە بكات.

ئەوەی گرنگە خاوەنداری كوردانە لە دۆزی خۆیان، ئیدی ئەو سەردەمە تێپەڕی باشوور باكوور و ڕۆژهەڵات ڕۆژئاوا بەكێشەی خۆیان نەزانن، عەفرین درێژكراوەی ڕۆبۆسكی و كەركوكە، تاران و ئەنقەرە و بەغداد بەو ڕێكەوتنە كار دەكەن كە دژ بە نەتەوەی كورد هەیانە، ئەمڕۆ هەموومان لە بەلەمێكداین.

سەلاح خدر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی