نەورۆزی عەفرین (وانەی ١ لە ٥٨ وانەکەی عەفرین)

21/03/2018

ئارام رەفعەت

میدیا جیهانییەکان داگرتنی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر وەک سیمبۆل و ئاماژەی داگیرکردنی عەفرین راگەیاند. پرسیار ئەوەیە بۆچی کاوەی ئاسنگەر لەبری پەیکەری شەهیدێکی یەپەگە وەک سیمبۆلی کەوتنی عەفرین هەڵدەبژێردێت؟ لەجەنگدا لایەنێک سەنگەری لایەنەکەی تر دەگرێت ئاڵاکەی دادەبەزێنێت و ئاڵاکەی خۆی هەڵدەکات. بەڵام کاتێک لایەنی سەرکەوتوو کۆتایی سەردەمێکی حوکمڕانی رادەگەیەنێت، جا چ لە رێی شۆڕشەوە بێت یان لەرێی داگیرکارییەوە، ئەوا باڵاترین سیمبۆلی ئەو حوکمرانییە دەبێتە سیمبۆلی کۆتایی ئەو حوکمرانییە. نموونەی کۆتایی هاتنی سەردەم یان مۆدێلێکی حوکمرانی، لەرێگای شۆڕشەوە قەڵای باستیلە لە ١٤ تەمووزی ١٧٨٩، لەو رۆژەدا شۆڕشگێڕە فەرەنسییەکان سەرتای گرتنی قەڵای باستیلییان کردە سیمبۆلی شۆڕش و کۆتایی رژێمە کۆنەکە. بەشداری مارینزی ئەمریکی لە خستنی پەیکەری سەدام حوسێن لە گۆرەپانی فیردەوسی بەغدا لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ دەبێتە سیمبۆلی داگیرکردنی عێڕاق و کۆتایی حوکمی سوننەکان لەو وڵاتەدا. 
داگیرکەری تورک کاتێک داگرتنی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر دەکاتە سیمبۆلی داگیرکردنی عەفرین دەیەوێت شکستی نەتەوەی کورد و لەباربردنی خەونی نەتەوەیی رابگەیەنێت نەک شکست و کۆتایی یەپەگە. ئەنتۆنی سمیپ گوتەنی، یەکێک لەپایەکانی نەتەوەبوون بوونی ئەفسانەی نەتەوەییە، جا گرنگ نییە ئەو ئەفسانەیە راستە یان خەیاڵی، گرنگ ئەوەیە ئەفسانەکە دەبێتە ناسنامەی ئەو نەتەوەیە و دەبێتە رایەڵێکیش کە هەم تاکەکانی نەتەوەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و هەم رابردووییەکی هاوبەشیان بۆ دروست دەکات و سەرەنجام هاوپشتی و هاودڵی و هاوسۆزییەک لەناو تاکەکانی نەتەوەدا دروست دەبێت و ماکس وێبەر گوتەنی تاکێک لەم سەری وڵاتەوە هەست دەکات بەسراوەتەوە بە تاکێک لەوسەری وڵات بێ ئەوەی یەکترییان بینیبێت. نەورۆز و کاوەی ئاسنگەر لەسەد ساڵی رابردوودا رێک ئەم کارەی کردووە کە هەریەک لە سمیپ و وێبەر وەک فاکتەری ئەساسی بۆ هەبوونی نەتەوەیەک دەیبینن. 
بەکورتی، دەسبردن بۆ سیمبۆلی کاوە لەلایەن داگیرکەری تورکەوە، پەیامی سڕینەوە و نەتەوەی کورد دەگەیەنێت لەرێگای روخاندنی ئەو پایە مەعنەوییانەی کە ئەو نەتەوەیە خۆی لەسەر بونیاد ناوە. . دەبێت ئەوەش بگوترێت، کە ئەفسانەی نەورۆز و کاوە یەکێکە لە جوانترین و پر ماناترین ئەفسانەی گەلانی دونیا، نەورۆز بەمانای روناکی و کۆتایی هێنانی چاخێکی تاریک و کاوەش بەمانای شۆڕشی خەڵکی ستەملێکراو و رەتکردنەوەی زوڵم و زۆر. تەحەدای داگیرکاری تورکی و لەباربردنی خەونی فاشییانەییان لە کۆتایی هێنان بەنەتەوەی کورد لەوێوە دەبێت کە لەجاران دڵگەرمتر نەورۆز و کاوە بەرز رابگرین و نەورۆزی ئەمساڵمان وەرچەرخێنین بۆ نەورۆزی عەفرین، نەورۆزی بەرخۆدان و سەرەتایەک بۆ چەسپاندنی دادپەروەری.
تێبینی: وەک وەفایەک بۆ ٥٨ رۆژ بەرخۆدانی عەفرین وەک چۆن ٥٨ رۆژ بە٢٠ وشە بەرخۆدانم پیرۆزدەکرد، لەمرۆوە بۆ ماوەی ٥٨رۆژ و رۆژانە قسە لەسەر یەکێک لە وانەکانی بەرخۆدانەکە دەکەم.

 

ئارام رەفعەت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی