توركیا وەك سەنتەری داعش

22/03/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە ، زۆر وترا لە بارەی ئەوەوە كە داعش زادەی هەناوی ئەردۆغان و ئاكەپەیەو پەیوەندی توند لە نێوان داعش و توركیا هەیە ، ئەمە میدیاكارانی ئەروپاو ئەمەریكاش زۆریان لە بارەوە وت ، لێ لەبەر پەیوەندی توركیاو ئەوروپاو ئەمەریكاو لەبەر بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئەوروپاو ئەمەریكا خۆیان لەم پرسە نەبان كرد ، لە راستیدا هیچ جیاوازیەك لە نێوان ئەردۆغان و ئەبو بەكری بەغدادیدا نیە ، تەنیا جیاوازی ئەوەیە ئەردۆغان سەرۆكی توركیایەو بەغدادی رێبەری داعش ، دەنا لە ڕووی فكرو ئایدیاو چۆنێتی مامەڵە كردن لە گەڵ نەیارەكانیان یەك شتن ، سەرانی ئەوروپاو ئەمەریكا لەوەدا درۆ دەكەن كە دەیانەوێ داعش لە ناودەن ، لاواز كردن و كۆت و بەند كردنی ئەردۆغان لە ناودانی داعشە ، نەك شتی تر ،من لە 2014ەوە چەندین وتارم لەو بارەیەوە نوسیوە كە داعش و ئاكەپە یەكشتن و دەشێ ئەردۆغان وەك بەرپرسیاری یەكمەی هەردوولایان سەیر بكرێت ، بەڵام كەم كەس ئەو راستیانە دەبینن ، كاتێ داعش موسڵی گرت ، چۆن ئەندامانی كونسڵگەری توركیا ئازاد كران ، چۆنێتی چارەسەری بریندارەكانی داعش لە غازی عەنتاب ، پەیوەندی توركیاو داعش بۆ خستنی كۆبانی ، كردنەوەی دەرگای سنورو فڕگەكان بۆ ئەوەی داعش بە ئاسانی بگەنە عێراق و سوریا لە لایەن توركیاوە ، ئەمانە هەموو راستین .

هەروەها پەیوەندی بازرگانی نێوان داعش و نزیكەكانی ئەردۆغان ، پەیوەندی نێوان قەتەر ، توركیا و داعش و خەڵكانی تر بۆ تێكدانی ناوچە ، توركیا هۆیەكی سەرەكی گەورە كردن و سەرهەڵدانی داعشەو بەردەوامیش هەڕەشە لە هەموو ئەوانە دەكات كە شەڕی داعش دەكەن ، هەڕەشە لە كوردی رۆژئاوا ، لە یەپەگەو پەكەكە ، لە كوردانی باشور ، دەستوەردان لە كوردستانی رۆژئاواو باشور ، هەموو ئەمانە لە كرۆكا خزمەتكردنن بە داعش و سەرانی دنیا درۆدەكەن لەوەی كە شەڕی داعش دەكەن ، شەڕی راستی داعش بریتیە لە شەڕی ئەردۆغان و ئاكەپەو سوپای توركیاو دەركردنی توركیا لە ناتۆ .

شەڕی داعش بریتیە لە پشتگیریكردنی كورد و دەركردنی پەكەكە لە لیستی تیرۆر ، ئاخر پەكەكە تیرۆریستە یان ئەوانەی لە وڵاتە ئەوروپیەكان كوردان تیرۆر دەكەن ، پەكەكە تیرۆریستە یان ئاكەپەو ئەردۆغان ، دەبێ ئەردۆغان لە زیندانا بێت یان ئاپۆو دەمیرتاش ، چەند شەرمەزاریە سەرانی دنیای دیموكراسی باسی ئازادی بكەن و زیندانەكانی توركیا لیپ بن لە ئازادیخوازان .

توركیا سەنتەری سەرەكی داعشەو هەر توركیاش هۆكاری مانەوەی گەشەكردنیانەو ئێستاش هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی بیانگێڕێتەوە ، بۆ ئەمە روسیاش بە هەر هۆیەك بێت هاوكارو پشتیوانە ، دەنا رێكەوتن لە سەر گوازتنەوەی تیرۆریست لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێ یانی چی ، راستی دەبێت هەموو ئەوە بزانن كە لە نێوان هەموو گروپە تیرۆریستیەكاندا پەیوەندی و گفت و گۆ هەیەو زۆر بە ئاسانی دەتوانن یەكتر ببینن ، واتە هەموو گروپە تیرۆریستیەكانی سوریا بە داعشیشەوە زۆر ئاسان دەتوانن پەیوەندیان هەبێت ، توركیاش هۆیەكی گرنگی دروستكردنی ئەو پەیوەندیانەیە .

بێدەنگ بوون لە ئاستی داگیر كردنی عفرین لە لایەن توركیاو گروپە تیرۆریستیەكانەوە ، ئەو پەڕی هاوكاری داعشە لە لایەن سەرانی دنیاوە ، لە عفرین كۆمەڵكوژی و كردەوەكانی داعش دووبارە كرایەوە سەرانی ئەوروپاو ئەمەریكا تەماشا دەكەن ، لە كاتێكا رۆژانە سەرانی دنیا باسی ریشە كێشكردنی داعش و قاعیدەو گروپە تیرۆریستیەكان دەكەن و لە راستیدا لە درۆیەك زیاتر هیچی تر نیە ئەو قسانە ، تا توركیاو ئاكەپەو ئەردۆغان بە پێوە بن ، داعش و قاعیدەو تیرۆر بە پێوەیە ، تا داعش و تیرۆریش بە پێوە بن نە رۆژهەڵات نەئەمەریكاو ئەوروپا پارێزراو نین .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی