هەڵهاتووی شنگال‌و شەقوەشێنی هەولێر

27/03/2018

نەبەز گۆران

میشیل فۆكۆ لە كتێبی (ئێرانییەكان چۆن بیردەكەنەوە) باس لە قۆناغی خۆپیشاندانەكان دەكات. لە وتارێكدا دێتە سەر قسەكردن لەسەر سوپا. ئەوكاتەی سوپا دەسەڵات بەرێوە دەبات و خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەكانن بۆ گۆڕینی سیستەمەكە، لە رۆژی یەكەمدا سوپا توندوتیژی دەنوێنێت، پاشان ئەفسەرەكان بیرلەوە دەكەنەوە ئەركی ئەوان پاراستنی نیشتیمان و هاوڵاتییانە، نەك پاراستنی سیستەمێكی_پیسخۆر_ بۆیە وردە وردە سوپا ئەركە راستەقینەكەی خۆی جێبەجێدەكات و لەبری بەرگریكردن لە دەسەڵات، دەبێتە بەشێك لەبەرگریكردنی ماف و داخوازییەكانی خەڵك. ئەم تێگەیشتنە بۆ سوپا، تێگەیشتنێكە، پێماندەڵێت: سوپا ئەركی پاراستنی خاك و هاوڵاتییەكانە، نەك ئەركی پاراستنی دەسەڵاتێكی لەناوەوە پیسخۆر. لەو شوێنەی سوپا بویە بەرگریكار لەو دەستەو تاقمەی دەسەڵات و دژی خەڵك جوڵایەوە، ئیدی ئەو سوپایە لە ئەركە راستەقینەكەی خۆی دادەماڵرێت و دەبێتە بەشێك لە پارێزەری ئەو تاقمەی دەسەڵاتییان كردوە بەكەرەستەیەك بۆ تێركردنی خۆیان و، بێحورمەتیكرد بە كۆی گشتی.

ئێمە بەراوردی سوپا ناكەین بەم لەشكرە حیزبییەی هەرێم، چونكە دەزانین ئەم لەشكرە ئایدۆلۆژییە_زۆرجار بنەماڵەییە_ لەشكرێكی تۆكمە و پەروەردەكراوی سیستەمی سەربازی نییە، بەڵكو لەشكرێكی گرێدراوە بە ئایدۆلۆژیا و بەرژوەندی و، پارێزەری تاقمێكی دەسەڵاتداری پیسخۆر كە تەواوی كۆمەڵگەكە ئازاردەدات. ئەم لەشكرە بە درێژایی مێژووی زیاتر لە بیست و حەوت ساڵ، بەردەوام بەرگری لەو تاقمەكردوە، بەردەوام بێحورمەتی بە مرۆڤی كورد كردووە لەم هەرێمەدا (نمونە زۆرە ئێرە شوێنی باسكردنیان نییە) بەردەوامیش لەبەردەم لەشكرە بێگانەكاندا هەڵهاتووە و، لەناوخۆشدا ئیشی سەركوتكردنی خەڵكانێك بووە داوای مافی خۆیانكردوە.

بۆ ئەوەی یادەوەریی زیندوكەینەوە بە خێرایی كۆمەڵێك دیمەن باسدەكەین، كە لەم نزیكانە رویانداوە. ئێستا بەشێكی ئەم لەشكرە حیزبییە كەوتوونەتە پێش جەندرمەی تورك بۆ چاوساغیكردن لە ناوچەكانی_لۆلان، سیدەكان_ تاكو بەشوێن گەریلاكانی پەكەكە بگەڕێن. ئەم بەشە چاوساغە هەرگیز بیرلەوەناكاتەوە ئەركی ئەو پاراستنی خاك و هاونیشتیمانییانە، نەك چاوساغی بۆ سوپایەكی بێگانە بۆسەر وڵاتەكەی. لەشكرێك بەچەكەوە ئەمە كردەكەی بێت، بێگومان چاوەرێی ئەركی خۆی لێناكرێت. بەشێكی تری ئەم لەشكرە بەناوی موچەخۆری پارێزەری خاكەوە! لەناو باخ و ڤێلای بەرپرسەكاندا، ئیشی خزمەتكاریان پێدەكرێت! گەر رۆژانە چاوێك لە باخ و ڤێلای بەرپرسەكان بگێری، دەبینی ئەوانەی خزمەتی میوانی بەرپرسەكان دەكەن، یان خزمەتی ماڵ و باخەكان دەكەن، بریتین لەوانەی بەناوی پارێزەری وڵاتەوە ناویان لەناو ئەو لەشكرە حیزبییەدایە و، موچە وەردەگرن و كاری خزمەتكاری بەرپرسەكان دەكەن! لەشكرێك رازیبێت لە ئەركی پاراستنی خاك و هاوڵاتییەوە بكرێتە خزمەتكاری ماڵە بەرپرس، دەبێت چ لەشكرێك بێت؟!

بەشێكی دیكەیان بەناو شارەكاندا بڵاوەیان پێكراوە بۆ پەلاماردان و سەركوتكردنی خەڵكانێك ،كە داوای مافی خۆیان دەكەن. بە درێژای مێژووی حوكومڕانی حیزبی كوردی، هەركاتێك سوپایەكی بێگانە رووی لەم هەرێمەكردبێت، ئەم لەشكرە یان لەبەردەمیدا هەڵهاتووە، یان هاواری لێهەڵساوە وڵاتانی دەرەوەی یارمەتیبدەن بۆ ئەوەی لەوەزیاتر هەڵنەیەت، یان خۆی بووەتە چاوساغی سوپای بێگانە! 

ئەوەی ئەمڕۆ لەشارەكاندا شەق لە مامۆستا هەڵدەدات، بریتە لەو لەشكرەی دووجار لە شەنگال مەخمور_ هەڵهاتووە. جارێكیان دەیان كچی كوردی دابەدەستەوەو كران بە كەنیزەك و لە بازارەكانی موسڵ فرۆشران. جارێكی دیكەیان بەرگەی یەك كاتژمێری نەگرت بۆ بەرگریكردن و بە هەڵهاتن نیوەی خاكی كوردستانی جێهێشت! 

لەشكرێك نەتوانێت بەرگری لە خاك بكات، لەشكرێك لەبری بەرگریكردن لە هاوڵاتییان پەروەردەی دابەزیبێت بۆ ئەو ئاستە نزمە، شەق لە مامۆستا هەڵبدات، دەبێت ئیتر چاوەڕێی چی لەم لەشكرە بكرێت؟ (حەقە لەبری ئەوەی موچە وەردەگرن، بخرێنە سەر وەزارەتی كشتوكاڵ داریان پێبچێنرێت، چونكە نە دەتوانن بەرگری لەخاك بكەن، نە دەتوانن بەرگری لە هاوڵاتییان بكەن، پاشان بارێكی قورسن بەسەر ژیانی خەڵكەوە و لەبری ئەركە راستەقینەكەی خۆیان، ئەركی هەمەجی جێبەجێدەكەن.)

ناكرێت بۆ پەروەردەیەكی بەرز بگەرێین لەناو ئەم لەشكرە حیزبییەدا، چونكە شوێنێك نییە ئەركە راستەقینەكەی لێوە فێركرابێت و، پێی وترابێت ئەركی چییە. ئەوەی لێیەوە پەروەردە كراوە ئایدۆلۆژیای حیزبیی و بنەماڵە_ییە. ئەو ئایدۆلۆژیاییەش بەشێوەیەكی فاشیانە گۆشیدەكات كردویەتییە پارێزەری بەرژەوەندی دەستەو تاقمێك. بە جۆرێك گۆشكراوە ئاساییە بەلایەوە لە_شەنگال و مەخمور و خانەقین و كەركوك هەڵبێت و بەرگەی یەك كاتژمێری سوپای بەرامبەری نەگرێت. ئاساییە بەلایەوە بكەوێتە پێش سوپای بێگانە، بەڵام هیچ بەلایەوە ئاسایی نییە، خەڵكێك داوای مافی خۆی بكات و دژی ئاخورەكەی ئەو بوەستێتەوە، بۆیە وەك هانا ئارێنت دەڵێت: دەبێتە هەرچی و پەرچی و، بەرگری لە سیستەمێك دەكات خودی سیستەمەكە بەرلەوەی بێحورمەتی بەهاوڵاتییان بكات، بێحورمەتی بەودەكات، كە پارێزەری دەسەڵاتە پیسخۆرەكەیە.

نەبەز گۆران

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی