ئەگەر نەچی بۆ دەنگ دان چی ڕودەدات؟

28/03/2018

حاکم شیخ لەتیف

پەیامێک بۆ دەنگدەری ناڕازی لە دەسەڵات.
زۆرێک لە دەنگدەری ناڕازی جۆرێک لە بێھودەییان پێوە دیارە و دەڵێن بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتوو ناکەین، چونکە ھیچ لە مەوزوعەکە ناگۆڕێت ، بەڵام ئەگەر تۆ نەچیت بۆ ھەڵبژاردن کێ قازانج دەکات ؟
ئەگەر بۆ نمونە پارێزگای سلێمانی وەربگرین سلێمانی نزیکەی ملێۆنێک و کسور دەنگدەری ھەیە،١٨ کورسی لە پەرلەمانی عێراق ھەیە ھەر ملێۆنو کسورەکە بچن بۆ دەنگدان یان تەنھا ١٠٠ ھەزار بچن ١٨ کورسیەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ سلێمانی مسۆگەرە ، بەڵام ئەگەر تۆی ناڕازی نەچیت ئەوا دەنگی حیزبەکانی دەسەڵات زیاد دەکەیت و بەھێزیان دەکەیتەوەو شەرعیەتیان بۆ دەگێڕیتەوە
بۆ نمونە لە سلێمانی پارتی وەردەگرین بەو پێیەی حیزبێکە دیسپلین و مەرکەزیەتی زۆرەو لە ھیچ دۆخێکدا نایەڵێت دەنگدەرانی لەدەنگدان دوا بکەون یان بەشداری نەکەن ، پارتی لە سلێمانی نزیکەی ١٠٠ ھەزار دەنگدەری ھەیە ئەگەر ملێۆنەکە یان شتێک کەمتر بەشدار بن پارتی ٢ کورسی لە سلێمانی دەھێنێت بە گوێرەی ڕێژەی ١٠٠ ھەزارەکەی خۆی . 
بەڵام ئەگەر نیوەی دەنگدەرانی سلێمانی بەشداری بکەن کورسی پارتی بەرز دەبێتەوە بۆ ٤ کورسی ، ئەگەر ٢٥٠ ھەزار کەس بەشدار بن ڕێژەی کورسیەکانی پارتی دەبن بە ٨ واتە نزیکەی نیوەی کورسیەکانی سلێمانی .
چونکە دیاری کردنی ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ بەدەست ھێنانی یەک کورسی بە دابەش کردنی کۆی دەنگی ڕاستی دراو لە پارێزگایەک لەسە ژمارەی کورسیەکانی ئەو پارێزگایە دەبێت ، بۆیە ئەگەر ملێۆن دەنگدەرەکە بەشداری بکات دابەشی ١٨ دەکرێت ئەو کات ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ یەک کورسی دەگاتە نزیکەی ٤٥ بۆ ٥٠ ھەزار دەنگ واتە لیستی پارتی کە خاوەنی نزیکەی ١٠٠ ھەزار دەنگەو بەگریمانەی ئەوەی کە ھەمویان بەشدار دەبن دەکاتە ٢ کورسی
بەڵام ئەگەر ڕێژەی بەشداری دەنگدەارن کەم بێتەوە ئەو کات نرخی دەنگی کورسیش کەم دەبێتەوە ، بۆ نمونە ئەگەر ٥٠٠ ھەزا بەشدار بن ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ کورسیەک دادەبەزێ بۆ ٢٥ ھەزار کەواتە ١٠٠ دەنگەکەێ پارتی دەکاتە ٤ کورسی ، بەم شێوەیە تا ڕێژەی بەشداری کەم بێت نرخی کورسی یان ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ یەک کورسی کەمتر دەبێتەوە .
دیارە بۆ یەکێتی پێشبینیکردن کارێکی قورسە چونکە جگە لەوەی کە خۆی وەک حیزب حاڵی زۆر خراپەو حەسودی پێ نابرێت ، پلانێکیش ھەیە دەنگەکانی ببرێن بۆ لیستێکی تر 
بۆیە ئەگەر نەچیت بۆ دەنگدان بەدەستی خۆت و بەشێوەیەکی یاسایی و بێ ئەوەی تەنانەت پەناش بەرێتە بەر تەزویر و فشار ئەو دەسەڵاتە بەھێز دەکەیتەوە وڕەگەکانی پتەو دەکەیتەوە کە جەندین ساڵە تۆ ھەوڵ دەدەیت سزای بدەیت و لاوازی بکەیت بەمەبەستی گۆڕینی و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات ، ئەوەش بزانە کە ئەوانەی دەڵێن لە کوردستان دەسەڵات بە ھەڵبژاردن ناگۆڕێت ، بە زانین بێت یان نەزانین کەوتونەتە داوی پڕوپاگەندەکانی دەسەڵات ، ھیچ گۆڕانکاریەکیش لە ھیچ سیستەمێک یان دەسەڵاتێک لە دنیابە ھەڵبژاردنێک یان دوان و تەنانەت سیانیش نەکراوە ، بۆیە دەبێ پشو درێژ بین و کۆڵ نەدەین.

حاکم شێخ لەتیف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی