لەم كاتەدا بەرەی ئیسلامی بۆ؟

02/04/2018

كه‌مال ره‌ئوف

تارمایی سەر دۆخەكە خەریكە تەواو تەنك ئەبێت، ئاراستەی رووداوەكانی ئەم دواییە وادەكەن خێراتر دۆخەكە رۆشنتر ببێتەوە، رەنگە جوڵەی لایەنەكانیش هاوكارێكی باش بێت بۆ ئەوەی كەس كات بە چاوەروانیەكی زۆرەوە نەكوژێت، تا شوێن و پێگەی لایەنەكان لەدۆخەكەدا دیاری بكات.

بەكورتی ئێستا لەناو كۆمەڵگەدا بە حزبی و ناحزبییەوە، لەهەمبەر دوو بەرە وەستاون، بەرەی داكۆكیكار لەفۆرمی كۆنی حكومرانی و بەرەكەی تر كە دەیانەوێت ئەم فۆرمە شكستخواردوە بەرابردوو بسپێرن، زەقبوونەوەی ئەم دوو بەرەیە، تەكلیفی سەر لایەنەكانی ئاسان كردوە، چونكە چیتر حزب پێویستی بە خۆماندوكردن و گەران نییە بەناو پەراوی فكر و جیهانبینیەكی قوڵدا تا پێناسەیەكی بۆ خۆی دەست بكەوێت. بەكورتی و كرمانجی ئەركی لایەنەكان ئەوەیە، دەستنیشانی بكەن سەربەكام كەمپ و بەرەن، هەربۆیە ئەو لایەنەی بەدیاریكراوی نەیەوێت لەم دوو كەمپەدا جێگەیەكی هەبێت، ئەوە لەگەمەكەدا دۆراوی یەكەم ئەبێت، چونكە رۆڵی نێوەندگیری و قۆناخی خۆدزینەوە لە هەڵوێست نیشاندان كۆتایی هاتووە، بۆیە تۆ ئەبێت یان موبارەكە لە گۆرانكاری ئەم فۆرمە بكەیت و بەشدار بیت لە گۆرینی فۆرمەكە، یان ئەوەتا لەژێر چەتری یەكێتی و پارتی دەبێت سەربازێكی موخلیسی ئەم حوكمرانیە بیت بۆپاراستنی.
  
دواجار باش و خراپ، هەندێك لایەن بەئاشكرا پێگەی خۆیان لە بلۆكەكاندا دیاری كردوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نادیارە هەندێك لایەنی ئیسلامین كە دەیانەوێت بەناوی بەرەی ئیسلامییەوە بلۆكێكی تر بەجیا لەو دوو بلۆكە بۆخۆیان دروست بكەن، گرفتی ئەم تێروانینە لەكاتێكدایە، كێشەی كۆمەڵگەی ئێستا نە پرسە ئاینیەكانە نە گرفتی ئایدلۆژیا، بەتایەت ماوەیەكە بەهۆی دۆخی خراپی گوزەران و ژیانیشەوە، سنوری لایەنی بەناو عەلمانی و ئیسلامی بەتەواوەتی كاڵ بۆتەوە و دروشمی حوكمی رەشید و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بووەتە ئامانجی سەرەكی زۆرینەی خەڵك، بۆیە پێدەچێت دروستكردنی ئەم بەرەی ئیسلامییە تەنها بۆ خۆقوتاركردن بێت لە هەڵوێستێكی جدی كە پێویستە ئەو لایەنانە لەسەر ئەم دۆخە هەیانبێت.

یەكگرتووی ئیسلامی كە پارتێكی دیاری ناو لایەنە ئیسلامییەكانەو لەناو كایەیی سیاسی كوردستان خاوەن جێگەو پێگەی خۆیەتی، دەیتوانی لەباتی مەترەح كردنی ئەم بەرەی ئیسلامییە (كە پێشتر لەسەر زاری كەسی یەكمییەوە رەتكراوەتەوە)، دەبوو لەهەولی ئەوەدابوایە بەرەی دادخوازی و چاكسازی بەهێزبكردایە، یەكگرتوو دەیتوانی بە بەشداریكردنی راستەوخۆیی ئاراستەیەكی هێمنی ببەخشیایەتە بلۆكی ئۆپۆزیسۆن، كەئەوەش خزمەتێكی گەورە بوو بەدۆخەكە،  بەڵام پێدەچێت بەدروستكردنی ئەم بەرەی ئیسلامییە بیەوێت شەرعیەتی دورەپەرێزی خۆی لە نیشاندانی هەڵوێستیكی جدی لەسەر دۆخەكە بەدەستبهێنێت، كە ئەم هەڵوێستەش نە جێگەی رەزامەندی ئەو جەماوەرەی یەكگرتوە كە بەئامانجی خواستی دادپەروەری لەدەوری ئەو حزبە كۆبوەتەوە، نە خواستی ئەو جەماوەرە ئیسلامییەشە كە دەنگی خۆیان ناخەنە پاڵ دەنگی زۆڵم و ستەم.

كەمال رەئوف
   

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی