سەرۆك "هیوادارە" ئەردۆغان پەلاماری شەنگال نەدات!

04/04/2018

عادل باخەوان

لەم هەفتەیەدا ئێمە چاودێریی گوتاری دوو سەرۆكمان كرد، سەرۆكی توركیا و سەرۆكی عێراق. سەرۆكی توركیا، لەبەردەم هەموو جیهاندا و بەدەنگێكی بڵند دەڵێت : "بۆ پەلاماردانی شەنگال، مۆڵەت لەكەس وەرناگرین". سەرۆكی عێراقیش بە شەرمێكی لە ڕادەبەدەرەوە دەڵێت : "هیوادارین ئەوەی لە عەفرین ڕویدا، لە شەنگال دوبارەنەبێتەوە".

یەكێتی نیشتمانی چ ستەمێكی لەم پیاوە بە ئەدەبە كرد كە بە زۆری زۆرداری كردی بە سەرۆك ! ئەم پیاوە لە تەمەنێكدایە، كە پێویستیی بە چارەسەری ڕۆژانە و هاوڕێیەتیكردن و پشودانە، نەك ڕوبەڕوبونەوە و خۆفەرزكردن بەسەر خۆفەرزكەراكاندا و هەژموونكردن بەسەر هەژموندارەكاندا.

من ئەزانم دیسان كۆمەڵێك كەس ڕاستدەبنەوە و دەڵێن : برام ئەم پۆستە زیاتر ڕەمزیە نەك شتێكی تر. من پێموایە لە عێراقدا، هەموو پۆستەكان، بە پۆستی سەرۆك وەزیرانیشەوە، ڕەمزین، گەر بێت و ئەو كەسەی لە پۆستەكەدایە، هەڵگری هەموو ئەو ڕەهەندانە نەبێت، كە ڕێگای پێدەدەن خۆی فەرزبكات بەسەر خۆفەرزكەرەكاندا. 

لە دەوڵەتێكی هەڵوەشاوەی وەك عێراقدا، ئەوەی كە دەتوانێت قورسایی بە پێگەیەك بدات، هیچ نییە خودی ئەكتەرەكە نەبێت. گەر ئەكتەر لاواز و بێ كاریزما و دەردەدار و ئیفلیج بێت، لەگەڵ خودی خۆیدا، تەواوی پۆستەكانی لاواز و دەردەدار و ئیفلیج دەكات. 

جەنابی سەرۆك، تۆ تەنیا چەند ڕۆژێكی سەرۆكایەتی لە ژیانتدا ماوە، چی دەبێت، هەر هیچ نەبێت لەسەر ئاستی سامبۆلیك، گوتارێكی توند لەبەرانبەر ئەردۆگانی هاوتاكەتدا بەرهەمبهێنیت ؟ 

ئەو تەنانەت ئاسمانی لەو سلێمانیەش داخست، كە بەرێزتانی كرد بە سەرۆك، بەڵام تۆ لەسەر ئەو سوكایەتیەش بە سلێمانی هەر قسەیەكت نەكرد ! ئەی قسەی تۆ، دەستێوەردانی تۆ، هاتنە گۆی تۆ سەرۆك، لە ڕۆژێكی وادا و لە كاتێكی وادا نەبێت، بۆ كەیە ؟

عادل باخەوان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی