بانگشەی لایەنگرەکان چیمان پێدەڵێت

06/04/2018

شێرکۆ کرمانج

ھەر کەسێک یەک تۆز ئاگاداربێت و کەمێک چاودێری پۆست و گفتوگۆکانی فەیسبوک بکات بۆی دەردەکەوێت کە ئەوەندەی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان شکست و کەموکوڕی لایەنەکانی دیکە دەردەخەن ئەوەندە کارنامەی سیاسی و ھەڵوێستی حیزبەکانی خۆیان دەرناخەن. داخۆ ئەم دیاردەیە چیمان پێدەڵێت:
یەکەم، حیزب و لایەنە کوردیەکان بەگشتی کارنامەیەکی سیاسی تۆکمەو داڕێژراویان نیە کە لایەنگرانیان بگەڕێنەوە بۆی و گفتوگۆی بکەن. ئەگەر شتێکیشیان ھەبێت ئەوە زیاتر شیعاراتە نەک کارنامەی سیاسی کە زۆربەیان وەک یەک بەرزیانکرۆتەوە. ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکان بەگشتی لە کارنامە کرچوکاڵەکەش ئاگادارنین.
دووەم، ئەوەندەی ڕق و قینە لە ئەوی دیکە حیزب و ئینسانی کورد ئاراستە دەکات ئەوەندە عەقڵ و مەنتیق و ئەخلاق ئاراستەی ناکات.
سێیەم، ئەوەندەی حیزبی کوردی، کە دروستکەرو ئاراستەکەری ئینسانی کوردیە، کار لەسەر ناشیرینکردنی ئەوی دیکە دەکات ھیچ ھێندە ئیش لەسەر خەم و بەرژەوەندی گشتی ناکات.
چوارەم، حیزب و ئینسانی کوردی بەگشتی خەونە گەورەکانی گەلی کوردی لە عێراق لەبیرچۆتەوەو خەریکی پرس و کێشە تافیھەکانی کۆمەڵگەن.
پێنجەم، ململانێی کوردی-کوردی جێگەی ململانێی کوردستانی-عێراقی گرتۆتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارە ھەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق کە دەبوو ململانێی کوردستانیە-عێراقیەکان زاڵبوونایە.
شەشەم، ئەزمونی ٢٧ ساڵەی حوکمڕانی خراپی کوردی نەک ھەر دروستکردنی یەکڕیزیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی شکستیھێناوە بەڵکو ئینسانی کوردی کردوە بە دوژمنی یەکترو بەگژی یەکدی داداون.
حەوتەم، لاوازیی ھەستیی بەرپرسیارێتیی لەلایەن حیزب و ئینسانی کوردی بەگشتیی.

 

شێرکۆ کرمانج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی