پلانێكی مەترسیداری حكومەت.. تەڵەی حكومەت بۆ پەرلەمان‌و فەرمانبەران

09/04/2018

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

لە ساڵی 2008وە حكومەتی هەرێم زیاتر لە 42 جۆر دەرماڵەی بە فەرمانبەران داوە، بەڵام بە پێی پڕۆژە یاسای "چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان"، كە ئێستا لە پەرلەمانەو، چاوەڕێ دەكرێت پەسەندبكرێتەوە دوای هەمواركردنی، لەمەودوا خەرجكردنی دەرماڵەی تایبەت لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان تەنیا بۆ فەرمانبەرو كارمەندی شایستەیە، كە بەفیعلی خزمەت دەكەن، بەمەش زۆرێك لەو دەرماڵانەی دەدرێت بە فەرمانبەران دەبڕدرێت، تەنها ئەوانە نەبێت، كە ساڵی 2008 لە پەڕلەمانی عێراقەوە بڕیاری لەسەردراوە.

لەو 42 جۆر دەرماڵەیەی لە رابردوودا دراوەتە فەرمانبەران، حكومەت دەیەوێت بە پەرلەمانی كوردستان ئەو دەرماڵانە ببڕێت، بۆیە ئەو كارەی حكومەتی هەرێم دەیكات بە بڕینی دەیان دەرماڵە لە ڕێی پەرلەمانەوە، بە ئاسانی لەناو خەڵكدا تێناپەڕێت و حكومەت دەیەوێت پەرلەمان ناشیرین بكات.

بڕگەو مادەی تایبەت بە دەرماڵە لە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان، كە لە لایەن حكومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان بۆمبی تەوقیتكراوی تێدایە، چونكە بەجێبەجێكردنی ئەو یاسایە ژمارەیەكی یەكجار توێژی حكومەت دەرماڵەكەیان دەبڕدرێت و، ژمارەیەكیش دەرماڵەكەیان كەمدەبێتەوە بە تایبەت بەشێك لە كارمەندانی تەندروستی، لەوانەیە زۆریك لەو فەرمانبەرانە شایستەیی وەرگرتنی دەرماڵەكەبن بەڵام ڵێیان دەبڕدرێت.

ئەو بەشەی یاساكە كە تایبەت بە دەرماڵە دوو تەڵەی تێدایە، یەكیان ئەوەیە داهاتێكی زۆر كە خۆی لە نزیكەی (100 بۆ 150) ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوەو حكومەتیش ئەمەی دەوێت، چونكە بەوكارەی حكومەت موچەی بەشێك لە توێژەكان وەكو ئەوەی لێدێتەوە، كە پێشووتر موچەكەی بۆ پاشەكەوتدەكرا. لە هەمانكاتدا ئامانجی دووەمی حكومەت ئەوەیە، نایەوێ ئەوكارە لە رێگەی حكومەتەوە بكرێت و دیسانەوە ئامانجیەتی لەرێگەی پەرلەمانەوە سەرجەم فراكسیۆنەكان ناشرین بكات، بۆیە گرینگە فراكسیۆنەكان بە تایبەت ئۆپۆزسیۆن وریابن لەوبارەیەوە.

چاكسازی و گۆڕانكاریكردن لە دەرماڵەی فەرمانبەران كارێكی باشە، ئەگەر ئامانج لە بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران كۆتایهێنانبێت بە لێسەندنەوەی دەرماڵە لە كەسانی ناشایستە، بەڵام هەموو ئاماژەكان بۆئەوەیە ئەگەر بەشێوەیەكی وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە نەكرێت وەكو دەڵێن " تەڕو وشك پێكەوە دەسوتێت ".

لەوانەشە پەسەندكردنی یاسایی چاكسازی بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكان، چونكە هەندێك لایەن بۆچوونیان گۆڕاوەو پێیانوایە: یاسایی چاكسازی ڕەنگە بۆ هەڵبژاردنەكان بە خراپ بەسەریان بشكێتەوە.

ئامارەكان لە بارەی دەرماڵەی فەرمانبەران : 
بە پێی ئەو ئامارەكان، لە كۆیی ( 719 ) هەزار فەرمانبەری هەمیشەیی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە زیاتر لە (671 ) ملیار دینار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن لەو ڕێژەیەش لە (43%) كە دەكاتە (288 ) ملیار دینار بۆ موچەی بنەڕەتی فەرمانبەران دەچێت و لە( 57%) بۆ دەرماڵەی جێگیرو پیشەییەكانی فەرمانبەران دەچێت، كە دەكاتە (382) ملیار دینار لەو رێژەیەش ( 204) ملیار دیناری بۆ دەرماڵە پیشەییەكان دەچێت و(76) ملیار دیناریش بۆ دەرماڵە جێگرەكان دەچێت ، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی دارایی تەنها لە (20%) فەرمانبەران دەرماڵەی پیشەیی بە شایستەیی وەردەگرن و تەنها دەرماڵەی جێگیرەكان كە دەكاتە دەرماڵەی بڕوانامە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت.

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی