كۆڕنۆلۆژیای ئەنفال

12/04/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

" ناساندنێكی خێرا "
پرۆسەی ستەمكارانەی ئەنفال لە هەشت قۆناغ پێك دێت بەم جۆرەی خوارەوە:

هەر هەشت قۆناغەكە بەسەر یەكەوە نزیكەی"200" رۆژی خایاند20ی 2ی1988 تا 5ی9ی هەمان ساڵ 

قۆناغی یەكەم:
ئەم قۆناغە لە 19ی شوبات1988 دەستی پێكرد تەواوی دۆڵی جافەتی و سەرگەڵو بەرگەڵوی گرتەوە، لەم قۆناغەدا جاشگەلی زۆر بەشداریان كردو وێنەكانیان لە رۆژنامەكانی ئەوسای عێراقدا بڵاو كرایەوە، ئەم قۆناغە چەند رۆژێكی زۆر كەمی خایاند لەنێوان پێنج بۆ شەش رۆژدا تێنەپەڕی. ئەگەر چی لە 19ی 3ی 1988 بە بەیانی ژمارە " 3087" كۆتای ئەم قۆناغە راگەیەنرا.

لەم قۆناغەدا سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستی بەسەردا گیرا.

جاشەكان گلەیی ئەوەیان هەبوو كە نیشانەی ئازایەتی پێویستیان نەدراوەتێ .

قۆناغی دووەم:
لە رۆژی 11ی 3ی1988 دەستی پێكردهەموو قەرەداخ و دەوروبەری دەربەندیخان و دۆڵی بازیان و بەشێك لە سەنگاوی گرتەوە، تا 1ی نیسان بەردەوام بوو لەم قۆناغەدا لە گوندی سێوسێنان كیمیای بەكار هێنرا،  ئەوە جگە لەوەی لەرۆژە سەرەتاییەكانی ئەم قۆناغەدا لە16-3-1988 هەڵەبجە بە چەكی كیمیایی شەهید كرا ، بەپێی هەندێ داتای سەرەتای قەزای هەڵەبجە ئەوكاتە دانیشتوانی بریتی بوون لە 70 هەزار كەس لەو ژمارەیە زیاتر لە دەهەزار بریندارو بەركەوتەی غازی كیمیای و 5هەزار شەهید هەبوو. ئەم قۆناغەی ئەنفال لە 2ی 4 ی1988 بە بەیانی ژمارە " 3109" كۆتای هات.

قۆناغی سێیەم:
ئەم قۆناغە لە 7ی نیسان تا 20ی نیسانی 1988 بەردەوام بوولەم قۆناغەدا بارق عەبدوڵا حەنتە بەبڕیاری راستەوخۆی عەلی حەسەن مەجید گەورەترین جینۆسایدی بەڕێوە برد، ئەوە جگەلە گەلەجاشی زۆر، ئەم قۆناغە ناوچەیەكی زۆر فراوانی گرتەوە وەك زۆربەی سنوری پارێزگای كەركوك، قوڵایی گەرمیان، قادركەرەم، داوێ و زەنگنەو بەشێكی زۆری ناوجەباری و هەروەها خورماتوو، كفری ،قەرەتەپە نەوجول سەرقەڵاو تانزیكی خانەقینی گرتەوە، لەم قۆناغەدا خەڵكێكی زۆر راپێچی چاڵەكانی مردن كران و چەند شەڕێكی قورسیش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقدا روویدا، ئەم قۆناغە فرسەتێكی باشی بۆ بەعس رەخساند تا درێژە بە عەرەباندن و تاراندنی ئەو ناوچە كورد نشینە بدات.

قۆناغی چوارەم: 
لە 3 تا 8ی 5-1988ی خایاند، پاش ئەوەی لەقۆناغەكانی پێشوودا تەنگی بە خەڵك و دانیشتوانی گوندەكان هەڵچنی و لەرووی سەربازیەوە سەركەوتنی بەدەستهێنا توانیتی زۆر بە خێرای ئەم قۆناغە كۆتا پێبێنێ ، لە 3ی 5 گۆپتەپەو عەسكەری بەچەكی كیمیای بۆردومان كرد، ئەم قۆناغە هەموو ناوچەی شوان وشێخبوزێنی و ناحێی تەقتەق و دەشتی كۆیەو قەڵاسێوكەی گرتەوەلەم قۆناغەدا لەچەند شوێنێك غازی كیمیای بەكار هات.

قۆناغەكانی 5و 6و 7:
ئەم سێ قۆناغە بۆیە بەسەر یەكەوەناویان دێت چەنكە بەگشتی ناوچەیەكی شاخاوین و هەمووسنورەكان زۆر لەیەكترەوەنزیكن ئەمە جگە لەوەی لەقۆناغەكانی پێشوودا ئیتر زەمینەیەكی زۆر رەخسا كە بەئاسانی ئەم قۆناغانە لەرووی سەربازیەوە پێكەوە گرێبدات، كۆی ئەم قۆناغانە بەسەر یەكەوەلە 23ی 5 بۆ 26ی 8 درێژەی كێشاو حكومەت لەم قۆناغانەدا وەك قۆناغەكانی پێشوو پەلەی نەكرد، لەم قۆناغانەدا ناوچەی فراوانی دۆڵی سماقولی، خەلیفان، حەوزی سۆران، بالیسان و شەقڵاوەوهیران و نازەنین و رانیەو قەڵادزێ و چوارقوڕنەو زۆر شوێنی تری گرتەوەتا بلەو بارزان و هتدلەم قۆناغەدا لە بالیسان چەكی كیمیای بەكار هات وزۆرێك خەڵكی سڤیل بوونە قوربانی.

قۆناغی هەشتەم:
ئەم قۆناغە لای بەعس پێیدەگوترا"خاتیمەی ئەنفال" لە 25ی ئاب بۆ 5ی ئەیلول بەردەوام بوو، هەموو بادینانی گرتەوە، بە سنوری پارێزگای موسڵیشەوەلەم قۆناغەیشدا لەچەند شوێنێك كیمیای بەكار هات، ئەوەجگەلەوەی لەم قۆناغەدا هاوڵاتی سریان و یەزدیش بوونە قوربانی.

لەكۆی ئەم هەشت قۆناغە لە 250 شوێن چەكی كیمیای بەكار هات، دەیان وڵات لە پێدانی كەرەسەی سەرەتای دروستكردنی چەكی كیمایی هاوكاری عیراقیان كرد.كەزۆربەیان ئەو وڵاتانەن كە خۆیان بە پێشەنگی دیموكراسی دەزانن.

بڕیارەكانی عەلی حەسەن مەجید:
نزیكەی 8 مانگ بەر لەدەستپێكی ستەمكاری ئەنفال لە 3-6-1987عەلی حەسەن مەجید بڕیارێكی7 خاڵی دەركرد، بەم جۆرەی خوارەوە.
1ـ درووستكردنی ناوچەی قەدەغە كراو،قەدەغە كردنی هات و چۆو بڕینی خۆراك لەوناوچانە.
2ـ قەدەغەكردنی ژیان لەو ناوچانەو لەناودانی هەموو بونەوەرێك و نەهێشتنی هەر جم و جۆڵێك.
3ـ قەدەغەكردنی هەموو جۆرە كشت و كاڵێك و رێگری لە كۆكردنەوەی بەروبووم.
4ـ قەدەغەكردنی چوونی ئاژەڵ و مەڕوماڵات بۆ ئەو ناوچە قەدەغەكراوانە.
5ـ سوپا دەستی كراوەیە بۆئەوەی هەموو جم و جۆڵێكی ئەم ناوچانە بنە بڕ بكات و هەرچی بینی بیكوژێ. ئەوەی ئەوە نەكات سزا دەدرێت.
6ـ ئەم بڕیارە هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كەبەر راگواستن و پەلاماری دڕندانەی ئەنفال كەوتوون.
7- هەر كەسێ سە ر پێچی بكات توند ترین سزا دەدرێ.

لە ئەنفالدا زیاتر لە 20 ناحێ و سێ قەزا تێكدران و وێرانكران :
ناحێكانی: " قەراخ، خەلەكان، سەنگاو، قادركەرەم، بنگرد، ئاغجەلەر، سەرقەڵا، قەرە هەنجیر، شوان، لەیلان، خورماڵ ، سیروان، سەید سایەق، قەڵاچوالان، ماوەت" و هتد، جگە لە قەزاكانی " قەڵادزێ، پێنجوێن، هەڵە بجە" لە ئەنفالدا زیاتر لە 4500 گوند وێرانكران.

لە 24-6-2007 دادگای باڵای تاوانەكان ئەنفالی وەك جینۆساید ناساند لە عیراقدا.

لەسنوری پارێزگای كەركوك نزیكەی 800 گوند و 6 ناحێ وێران كران و بەر پەلاماری ئەنفال كەوتن.

سێ چوار  رۆژی 11 و 12 و13ی 4 ی 1988  خۆپیشاندانێكی خوێندكاران لە چەمچەماڵ بۆ رزگار كردنی ئەنفالكراوان بەڕێوەچوو، لەو رۆژانەدا بارو دۆخی چەچەماڵ بەتەواوەتی شێواو هات و چۆ لە شەودا قەدەغەكراو كۆپتەر لە چەند شوێنێكی شار بۆردومانی كرد و كچێك بەناوی فەیمە فەتاح حەسەن 14 ساڵ شەهید بوو، جگە لە برینداربوونی چەند كەسێك و زەرەرو زیانێكی مادی زۆر .
 
بەشێك لەوانەی سەرپەرشتی پرۆسەكانی ئەنفالیان كردووە:
1- سەدام حوسێن فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان
2- فەریق عەبدولجەبار شەنشەل وەزیری دەوڵەت بۆ كاری سەربازی
3- عەدنان خەیروڵا وەزیری بەرگری 
4- فەریق نزار خەزرەجی سەرۆكی ئەركانی سوپا
5- لیوا سابیر ئەلدوری بەڕێوەبەری هەواڵگری 
6- عەمیدی روكن بارق عەبوڵا حەنتە فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی نەوتی كەركوك
7- ناتق نوری ساڵح بەرپرسی سەربازگەی تۆپزاوە
8- لیوا روكن سوڵتان هاشم فەرماندەی فەیلەقی یەك
9- لیوا روكن نوعمە فارس حوسێن فەرماندەی فەیلەقی پێنج
10- لیوا روكن ئەیاد خەلیل زەكی
11- لیوا روكن یونس محەمەد سلیمان
12- عەمیدی ئیستخبارات محەمەد موستەفا ئیسماعیل
13- فەریق روكن ماهیر عەبدولرەشید
14- جەلادی گەورە عەلی حەسەن ئەلمەجید
15- ئەمە جگە لە زیاتر لە 300 فەوجی سوكی كورد
 لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا دەسەڵاتدارانی بەعس سودیان لە سەرجەم ئەزمونەكانی قڕكردنی پێش خۆیان بینی :
1- كوشت و بڕی ئەرمەنیەكان ساڵی 1915
2- هۆلۆكۆستی جولەكە سەردەمی نازیەكان.
3- ئۆردوگا سایگۆنیەكانی ئەمەریكا لە سایگۆنی ڤێتنام.
4- سیاسەتەكانی هیتلەرو مۆسۆلۆنی.
لەو پەلامارەدا هەموو بنەماكانی جینۆساید پیادە كرا.
  
لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە