بۆ مێژوو.. لە بارەی لیستی ئیسلامیەوە

18/04/2018

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

جارێ لەسەرەتاوە دەبێ ئاماژە بەوەبكەین، پڕۆژەی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان لەماوەی 10ساڵی ڕابردوو بە ئێستاشەوە، پڕۆژەیەكی چەقبەستووی مردووە، هیچ جۆرە خۆ نوێكردنەوەو پێشوەچوونێكی بەخۆیەوە نەدیوە، بۆیە دەنگی ئیسلامییەكان لە هەموو هەڵبژاردنەكان، هەمیشە بە رێژەیەكی نەگۆڕ دەمێنێتەوەو، زیادو كەمییەكەی كاریگەری دروست ناكات.

لە هەڵبژاردنەكانی 30ی كانونی یەكەمی 2005، ئەوكات علی باپیر، ئەمیری ئەوكات و ئێستای كۆمەڵی ئیسلامی ماوەی دوو ساڵ لە زیندانی ئەمەریكییەكان بوو لە بەغداو ئازادنەكرابوو،كۆمەڵی ئیسلامیش لە هەموو لایەكەوە گەماڕۆی لەسەربوو یەكێك لەمەترسییەكانی سەریشی ئەوەبوو، بەیەكجاری ئەو حزبە هەڵبوەشێتەوە.

بەرلەوەی هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمان لە 2005 دەستپێبكات، شاندێكی كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی مەحەمەد حەكیم، بۆخۆدەربازكردن لەو قەیرانەی تێكەوتبوون و ترسیان لە بەژداریكردن بە تەنها لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان سەردانی یەكگرتووی ئیسلامییان كرد. داوای شاندەكە زۆر سووك و ئاسان بوو، داوایان لە یەكگرتووی ئیسلامی كرد بەیەكەوە لیستی ئیسلامی دروستبكەن، یاخود لەگەڵ یەكگرتوو بە هاوبەشی بە دووكاندید بێنە ناو "لیستی نیشتمانی كوردستان"، كە لە لایەن پارتی و یەكێتی سەرۆكایەتی دەكرا، یەكگرتووی ئیسلامی ئەو داوایەی ڕەتكردەوەو، بە شاندی كۆمەڵیان ڕاگەیاند، هیچ كورسییەكتان پێنادەین و ئامادەشنین لیست بەیەكەوە دروسبكەین تەنها ئەوەنەبێ كۆمەڵی ئیسلامی دەتوانێت داوا لە لایەنگرانی بكات دەنگ بە لیستی نیشتمانی كوردستان بدەن.

دواتر كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریاندا خۆیان بە تەنها بەژداریبكەن سەرەڕای ڕێگرییەكی زۆر توانیان 6 كورسی بە رێژەیی (4.86%) دەنگ بەدەستبهێنن و لیستی نیشتمانی كوردستانیش كە لە پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو ژمارەیەك حیزبی دیكە پێكهاتبوو توانیان 104 (10 كورسی بۆ یەكگرتووبوو) بەڕێژەیی ( 89.55%) دەنگ بە دەستبهێنن، لیستی زەحمەتكێشان و سەربەخۆكانیش 1 كورسیان بە دەستهێنا . 

دوایی ئەم هەڵبژاردنە كۆمەڵی ئیسلامی بووە هێزێكی سیاسی ئیسلامی گەورەو بە ئەمری واقع خۆی سەلماندو ئەمەریكییەكانیش بە ناچاری علی باپیریان ئازادكرد.

ئێستا كە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، ئەمجارەیان كۆمەڵی ئیسلامی هۆكاری دروستنەكردنی ئەو لیستە بووە، وەكو دەڵێن "چیا بەچیا ناكەوێتەوە، بەڵام چاو بەچاو دەكەوێتەوە".

ئێستا هەردوو هێز كەوتوونەتە تۆمەت بەخشینەوە بۆ یەكتر لەبارەی دروستكردنی لیستی ئیسلامی، بە بۆچوونی من پێویست ناكات هیچ لایەنێك تۆڵە لە لایەنێكی دیكە بكاتەوە، چونكە لە بنەڕەتدا دروستكردنی لیست لەسەر بنەمایی (ئیسلامی و نەتەوەیی و ئایدلۆژیایی) بیدعەیەكی ناشرین و قێزەونەو، هێز ئەو هێزەیە لەسەر بنەمایی بەرنامەو ستراتیژیەتی ڕوون و گۆڕینی سیستەمی حكومراِنی خراپ بۆ باش بەیەكەوە بەرە دروستبكەن، چونكە ئێستا باوی یەك لیستی لەسەر بنەما تەقلیدی و كۆنەكان نەماوەو خزمەتیش بە هاووڵاتی و تاك ناكات.

بە گشتی ئیسلامییەكان هیچ پڕۆژەو ڕووئیایەكی ڕوونیان لەبارەی جیهانی نوێ و حوكمڕانی نییە، جگەلەوەش لێرە هەموو شت بە ئایدۆلۆژیی كراوەو، بۆیە كەسێك نایەت لە دەرەوەی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبانە دەنگ بە هێزێكی ئیسلامی بدات، گوایە هەڵویستی هەبووەودەنگ بە لایەنێكی دیكە نەدات گوایە هەڵویستی نەبووە، دەنگی "خۆڵەمێشی" و " ڕاڕا " ؛ واتە ئەوانەی خۆیان یەكلانەكردۆتەوە زۆر بە كەمی بۆ هێزە ئیسلامییەكان دەچێت.

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی