بەراوردیی دەنگ و کورسی؛ یەکێتی لە هەولێر و پارتی لە سلێمانی

19/04/2018

هاوکار رەفیق

کورتەیەک پیش باسەکان
بڕیارە 12/5/2018 هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکەوە بەڕێوەبچن، هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق سنووری ئیداریی هەرێمی کوردستان، واتە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و گەرمیان) ناگرێتەوە. دوو هەزار و 563 وێستگەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادەکراون و  نزیكەی 20 لیست كێبڕكێ‌ لەسەر 44 كورسی دەكەن.
لەم ڕاپۆرتەدا، پشتبەس بە میتۆدی بەراوردکاری و شیکاری  باس  هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی عێراق دەکەین، بۆ ئەم مەبەستەش هەڵبژاردنەکانی ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١٤ وەردەگرین (جەختکردنەوەی سەرەکیمان لەسەر ئەو دوو هەڵبژاردنەیە و بەتایبەتیتریش ئەوەی دووەمیان)، دواتر باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستانی  ٢٠٠٥-٢٠١٤دەکەین. بە حوکمی ئەوەی بابەتەکەی ئێمە بەراوردکردنە لە نیوان دوو پارتدا(یەکێتی و پارتی)، لە سنوری جوگرافیایی دوو پارێزگادا کە ئەویش سلیمانی و هەولێرە.  یەکێتی  لە هەڵبژاردنەکان ڕابردوودا، لە پارێزگای هەولێر سەنگی زیاتر بووە بەراورد بە پێگە و دەنگی پارتی لە پاریزگای سلێمانی، بەڵام لە ئیستادا گریمانەی ئەوە دەکەین کە  ئەگەری زۆرە  دەرکەوتنی لیستی (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری)، ئەم هاوکیشەیە بگۆڕێت  و یەکێتی لە هەولێر دەنگەکانی لەدەستبدات، هاوپەیمانیش نەک دەنگە نارازییەکانی یەکێتی بەڵکو پارتیش بۆ خۆیی دەبات، لە سلێمانیش بەهەمان شێوە یەکێتی دۆخی لە باشیدا نیە، پارتیش بە زەحمەت دەنگەکانی پیشوو بەدەست دەهێنێتەوە، چونکە ئەزموونی ئەم چوارساڵەی ڕابردوویان لە خراپیدا نمونەی نەبووە.

هاوپەیمانی کوردستانی و ڕێژەی دەنگەکانی پارتی و یەکێتی
لە هەڵبژاردەنی نوێنەرانی 2010ی عێراقدا، هەریەکە لە یەکێتی و پارتی بە یەک لیست و لەژێر ناونیشانی (هاوپەیمانی کوردستانی) لەگەڵ یانزە پارتی دیکە، بەشداری هەڵبژاردنیانکرد، لە پارێزگای سلێمانی ٨ کورسیان بەدەستهێنا، کە ئەمەش لە (350283)دەنگ پێکهاتبوو و بەڕێژی 42.02%دەنگەکانی پارێزگاکەبوو، واتا  بە ڕێژەی 1.44%  دەنگەکانیان بەرزکردەوە، ئەگەر بەراوردی بکەین  بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی  کوردستانی ٢٠٠٩، ئەمەش بۆ مەبەستی زاڵبوونبوو بەسەر لیستی گۆڕاندا، چونکە ئەم هاوپەیمانیە وایکرد کورسیەک زیاتر بهێنن.
   لە پارێزگای هەولیریش ١٠کورسیان لە کۆیی ١٤ کورسی پارێزگاکە بەدەستهێنا، کەئەمەش لە (458403)دەنگ پێکهاتبوو، بەراورد بە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ی پەرلەمانی عێراق ڕێژەی دەنگەکانیان بە ئاستی 1.58% بەرزبوەوە، بەڵام ئەمە سەنگی هەریەکەیان لە هەولێروسلێمانی بە ڕوونی پێشاننەدا، بۆیە باشترە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستانی، شرۆڤە بکەین و لە ڕێگەیەوە سەنگی پارتی لە سلێمانی و سەنگی یەکێتی لە هەولێر دیاری بکەین.


  ئەنجامی هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی  کوردستان٢٠٠٥
لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٥ دا،  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (485718)دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە (28) کورسی، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا (91576) دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە (5) کورسی.لە پارێزگای هەولێر پارتی (347772)دەنگی بەدەستهێناوە و کە دەکاتە (23) کورسی، یەکێتیش (244343)دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە (16) کورسی.


  ئەنجامی هەڵبژاردنی  ئەنجومەنی پارێزگاکانی   کوردستان و ئەنجومنی نوێنەرانی عێراق٢٠١٤
پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 18 كورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەیە، لە هەڵبژاردنی 2014دا، یەکێتی (١١)کورسی و پارتی (٣) کورسی بەدەستهینا، بزوتنەوەی گۆڕانیش (١٢)کورسی بەدەستهێنا. لە سەر ئاستی پارێزگای هەولیریش پارتی (١٢) کورسی و یەکیتی (٦) کورسی و بزوتنەوەی گۆڕان (٤) بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (کە هەردوو هەڵبژاردنەکان لە یەک وادەدا کران)، لەسەرئاستی پارێزگای سلێمانی  بزووتنەوەی گۆڕان زۆرترین كورسی پارێزگاكەی برد كە (٧) كورسی بوو، هەروەها یەكێتی (٦) كورسی، پارتی (٢) كورسی  بەدەستهێناوە، بەڵام لە سەرئاستی پارێزگای هەولیر، پارتی (7) کورسی بەدەستهێنا و یەکیتی نیشتیمانی کوردستانیش تەنیا (4) کورسی بەدەستهێنابوو .


سەنگی یەکێتی و پارتی لە هەولێر و سلێمانی
ئەگەر بڕوانین لە سەنگی پارتی لە هەولیر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ٢٠١٠دا، بە هاوبەشی لەگەل یەکێتی (١٠) کورسیان بەدەستهێنا، بەڵام لە ٢٠١٤ و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پارتی لە هەولیر٧کورسی بەدەستهێنا  یەکێتیش٤ کورسی بەدەستهێنا. لە شاری سێمانیش   بە هەردوو حیزبەکە  ٨ کورسیان بەدەستهێنا، بەڵام لە ٢٠١٤دا، پارتی ٢ کورسی و یەکیێتیش ٦ کورسیان بەدەستهێنا، ئەگەر کورسی هەردوو پارتەکە کۆبکەینەوە دەبینین هەمان ڕێژەی پێشووە لە سەر ئاستی کورسی، بەلام لەسەر ئاستی ڕێژەی دەنگ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
 بۆیە  ئەگەر سەیری ئەم دوو هەڵبژاردنە بکەین بۆمان دەردەکەوێت یەکێتی لە هەولێر سەنگی زیاترە بەراورد بە پارتی لە سلێمانی، یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە هەولیر ٤ کورسی بەدەستهێناوە بەڵام پارتی لە سلێمانی ٢ کورسی بەدەستیناوە، ڕێژەکە بۆهەڵبژاردنی نوێنەرانی ٢٠١٠ش بەهەمان شێوە بووە. لە سەر ئاستی پارێزگاکانیش پارتی لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٥دا، لە پارێزگای سلیمانی ٥ کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام یەکێتی لە هەولیر ١٦ کورسی بەدەستیهێاوە، ئەم جیاوازییە سێ هێندە زیاترە. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی٢١٠٤شدا، پارتی لە سلیمانی ٣ کورسی بەدەستهێناوە، کە بەراورد بە ٢٠٠٥ دوو کورسی لەدەستداوە، یەکێتیش لە پارێزگای هەولیر ٦ کورسی بەدەستهێناوە، واتا ١٠کورسی لە دەستداوە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٥ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پارێزگاکان.
 کەمبوونەوەی ئەم ڕێژەیەش بۆ دەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و چالاکبوونی پارتەکانی تر و کەمبوونەوەی متمانەی یەکێتی و پارتییە لە دیدی هاوڵاتیاندا. بەڵام ئێمە لیرەدا گەیشتین بەو دەرئەنجامەی ئەگەر ڕێژەی دەنگدان و کورسی هەریەکە لە پارتی و یەکێتی لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجومەنی نوێنەرانی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستان) بخەینەڕوو، ئەوە دەبینین کە سەنگی پارتی لە سلێمانی کەمترە، بەراوربە سەنگی یەکێتی لە هەولێر.


پارێزگای هەولێر و سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو
پیشبینیەکان بۆ ئەوە دەچن کە جەنگی هەڵبژاردن وپروپاگەندە لە پارێزگای سلێمانی گەرم بێت و دەشێت پێکدادان و گێرەشێوێنیش بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەبەر ئەوەی بووەتە گۆڕەپانی زۆرترین حیزب،  چەندین حیزب و  قەوارەی نوێ سەریان هەڵداوە کە سەرەکیترینیان (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری)یە.
 ١٢ لیست لە سلێمانی کێبرکێ دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش ٢١٣ کەس خۆیان کاندیدکردووە، هەر یەکە لە  لیستی یەکێتی و  هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، زۆرترین كاندیدیان هەیە، كە هەریەکەیان 36 كاندیدی دیاریکردووە، هەروەها پارتی 30 كاندیدی هەیە. پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 18 كورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەیە.
  لە سنووری پارێزگای هەولێریش 19 لیست كە 161 كاندیدیان لەخۆگرتووە، كێبڕكێ‌ لەسەر 15 كورسییەكەی هەولێر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن، یەكێتی و پارتی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، زۆرترین كاندیدیان هەیە كە هەر یەكەیان 30 كەسی لە پارێزگاکە کاندیدکردووە.


هێزی  یەکێتی و پارتی لە داڕماندایە
ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پیشوو بخیەنەڕوو، کە چوارخولە دەبینین دەنگی پارتی یەکیتی لە داکشانی بەرچاودایە، بەمشێوەیە لە خولی یەکەمدا کە ١٩/ئاداری/ ئەنجامدرا١٩٩٢، یەکێتی و پارتی توانیان سەرجەمی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنن، ئەمەش یەکەم ئەزموونی کوردبوو، لەگەل دیموکراسییەت و هەڵبژاردندا(هەرچەندە دوای ماوەیەک بە جەنگی ناوخۆ دیموکراسی کرایە قوربانی و ئەتک کرا)، بەڵام لە خولی دووەمدا ٧٧ کورسی و لە خولی سێهەم ٥٩ کورسی و لە خولی چوارەم ٥٦ کورسیان بەدەستهێنا، ئەگەر بڕوانین لەداتاکان دەبینین خول بەخول نزمبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، ئەزمونی ڕابردوش سەلماندوویەتی لەگەڵ دەرکەوتنی هەرهێزێکی نوێدا، ئەم دوو پارتە هێزەکەیان کەمتر دەبێتەوە،  هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان و هەڵبژاردنی مانگی داهاتوو دیسانەوە تاقیکردنەوەیەکی دیکەیە بۆ پارتی یەکێتی، کە نمرەی نزمی تێدا دەهێنن و هەژوونی سیستەمی دووپارتیش بە تەواوەتی لەق دەبێت.
لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە
  لیستە نوێکەی د.بەرهەم سالح، بە شێوەیەکی جدی کار لە سەر پارێزگای هەولیر دەکات، لە دیاریکردنی کادیدەکانیشدا وا دەردەکەوێت، زۆرینەی دەنگە نارازییەکای یەکیتی بۆ خۆیی بەرێت، تەنانەت بە سروشتی سیاسەتی د.بەرهەم کە لای هەولیرییەکان بە ڕێژەیەکی باش ویستراوە و جیاوازترە لە گوتاری بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ، بۆیە بە دڵنیاییەوە ڕێژەیەکی باش لە دەنگەکانی یەکیتی بۆخۆی دەبات، بەشێکی بەرچاو لە دەنگە ناڕازییەکانی پارتیش بۆ ئەو دەچن،  ئەمە بێجگە لەوەی ئەزموونی سیاسەتی ڕابردووی،   جیاوازترە لە هەموو سیاسیەکانی تر، بەشێوەیەک  دابەشکاری و جیاکاری نەکردووە لەنێوان زۆنی سلێمانی و هەولێردا ئەمەشدەبێتە دەستکەوتێکی سیاسی سەلمێنراو بۆ قەوارا سیاسیەکەی د.بەرهەم سالح.

 دەرئەنجام
هەتا ئێستا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  ڕێژەی دەنگەکانی لە هەولیر زیاترە بەراورد بە ڕێژەی دەنگ و کورسیەکانی پارتی لەسلیمانی، بەڵام بەهەموو لیکدانەوەیەک یەکیتی ڕێژەی دەنگەکانی لە هەولیر و تەواوی کوردستان دادەبەزێت،  ئەمە بێجگەلەوەی ئەدای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر چەندین ئاست جێگەی ڕەخنەگرییە، وەفاتی مام جەلال، ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر، بێ باکی ئەم پارتە لە ئەندامەکانی خۆیی، دابەشکاری و باڵباڵێن لەسەر ئاستی پارت و چەندین بابەتی تر، دەبنە خاڵی لاواز کە بە دڵنیاییەوە نەک لە سلیمانی بەڵکو لە هەولیر و تەواوی کوردستانیش کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتووی ئەم پارتە.
لە پارێزگای سلیمانیش هەموو ئەگەرەکان بۆئەوە دەچن  کە یەکێتی ڕێژەی دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو  دابەزێت، ئەمەش دیسانەوە لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری سودی لێدەبینێت، پارتیش پیناچێت لە دوو کورسی زیاتر بهێنێت و ئەگەری زۆرە لەسەر ئاستی ژمارەی دەنگ دەنگەکانی دابەزێت، چونکە بەگشتی هاولاتیان لە ئەدای حکومەتی هەرێم ناڕازی بوون لە ماوەی چوارساڵی ڕابردوودا، ڕوونە سەرۆک وەزیرانیش پارتی بووە، باجی ئەم بێباکی و قەیرانە بەشێکی زۆری لە ئەستۆی پارتیدایە، چونکە لە ئاستی سیاسیدا یەکەم پارتی باڵادەست و خاوەنی زۆرترین پۆست و بەرپرسیارێتی و ئەندام پەرلەمانە. 

هاوکار ڕەفیق ڕەحمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی