خولانەوەی نوخبە لەهزری نەوشیروان مستەفا

21/04/2018

مەجید ساڵح

یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی نەوشیروان مستەفا ئەوە بوو زمینە خۆش بكات بۆ (خولانەوەی نوخبە - The Circulation Of The Elites) لە هەرێمی كوردستان. مەبەست لە خولانەوەی نوخبە وەك دكتۆر جەلالی شەفیعی پێناسەی كردوە: "ئەوەیە كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە هەموو بوارەكانی سیاسەتدا، چ لە ناو دامەزراوە مەدەنییەكانی وەك حزبی سیاسیی و چی لە ستراكچەری دەوڵەت و دەسەڵاتدا، گۆڕانكاری لە كاراكتەرەكان و خولانەوەی نوخبەكان زۆر پێویستە بۆ رێگری كردن لە تووشبوون بە گەندەڵی".

كاك نەوشیروان ئەم مەسەلەیەی زۆر بە خێرایی لە ستراكچەری بزوتنەوەی گۆڕاندا جێبەجێكرد و بڕیار بەدەستەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد بە تێكەڵەیەك لە سیاستەمەدارە بە ئەزموونەكان و ئەو گەنج و لاوە تازە پێگەیشتووە سیاسیانەی كە حزبە تەقلیدییەكانی كوردستان دەرگای بەڕویاندا داخستبوو. بەجۆرێك نزیكەی ٦٠٪ جڤاتی نیشتمانی و ژورەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گەنجەكان پێكهاتبووە. هەلبژێراوەكانی حكومەت و پەرلەمانیش ٩٠٪ لە گەنجەكان بوون.

كاتێكیش سەرۆكی پەرلەمان بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوت، بەبێ دوو دڵی ئەو پۆستە بۆیەكەم جار لە مێژووی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەر گەنجێك كەوت..

دكتۆر یوسف لە پۆستەكەیدا وەك سەرۆكی پەرلەمان، توانی ببێتە نمونەیەكی سەركەوتوو بۆ ئەو جێبەجێكردنی پرەنسیپی خولانەوەی نوخبەی كاك نەوشیروان؛ ئەمەش حزبە تەقلیدی و چەقبەستوەكانی توشی شۆك كرد و لە ترسی ئەوەی گەنجەكانیان داوای گۆڕینیان نەكەن، كێچ كەوتە كەوڵیان و بە هەموو توانایەكیانەوە كەوتنە دژایەتی كردنی دكتۆر یوسف، نەك لەبەر خودی خۆی، بەڵكو بۆ ناشیرین كردنی ئەو پرەنسیپەی كە كاك نەوشیروان كاری بۆ دەكرد و دەیوست لە هەرێمی كوردستاندا ببێت نەریت..

لە ئێستاشدا نەك هەر یەكێتی و پارتی، بەڵكو كلكەكانیشیان شەوڕۆژیان خستوەتە سەر یەك بۆ دژایەتی كردنی دكتۆر یوسف محەمەد، بەو هیوایەی نەریتی گۆڕینی نوخبەی سیاسی نەچەسپێت و ئەوان درێژە بە عومری سیاسی و گەندەڵی خۆیان بدەن..

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە