عەموودی کارەبا و کاندید

21/04/2018

عەزیز رەئوف

لە ئێستادا عەموودی کارەبا چیتر مادەیەکی ئاسنی درێژ نیە بۆ گەیاندنی وزەی کارەبا بە ماڵەکان، هێندەی مانایەکی سیمبوڵی هەیە کە بۆتە شوێنێک بۆ نمایش. ئەم عەموودە باریک و باڵا بەرزانە لە ئێستادا سواغ دراون بەو کاندیدانەی کە نایانەوێت وەک عەموودەکان ڕاستگۆ و وەستاو و بە پێوە بن بۆ گەیاندنی ڕووناکی بە ماڵەکانمان.
عەموودەکان وەستاون و هەمیشە لێرەن، کاندیدەکان دەیانەوێت وا پیشان بدەن وەک عەموودەکان بە پێوەن و هەمیشە لێرە دەبن، بەڵام ئێمە دەزانین کاندیدەکان پایەی پتەویان نیە وەک عەموودەکان و دوای تەواوبوونی کەمپەین دەخوازن لێرەوە بڕۆن بۆ شوێنێکی تر. 
لە کەمپەینی هەڵبژاردندا وێنە کار دەکات و کاریگەری لەسەر چاو و دیدی ئێمە هەیە. لە کەمپەینی هەڵبژاردندا عەمودی کارەبا چیتر کەرەستەیەک نیە بۆ گواستنەوەی وزەی کارەبا، بەڵکو بوونێکە بۆ هەڵگرتنی وێنەی کاندید، چتر عەموود بەتەنها عەموود نیە بەقەت ئەوەی کە وەزیفەی تری هەیە کە کاندید ناتوانێت یان نایەوێت بێتە ناو خەڵک بەڵام عەموودی سارد و سڕ و بێزمان لە هەموو شوێنێکە. عەموودەکان لەسە ڕۆخی جادەکان ملیان شۆڕ کردووە لەشێوەی سێدارە، بەڵام بە ناوەڕاستی عەموودەکاندا وێنەی کاندیدگەلێک هەڵواسراوە و وێنەگرەکە جوانترین چرکەی گرتووە و کاندید وا پیشان دەدا کە دڵخۆشە، وا پیشان دەدا کە خاوەن شکۆیە و خاکیە.  
وێنەکان هەڵواسراون، هەڵیشنەوارسرێن هەر دەبێت و ئەوەی بیەوێت دەنگ بدات هەر بەو کەسەی دەدات کە هێزەکەی دەیەوێت. کەس تەماشای بەرنامەی هێزەکان ناکات. 
وێنەکان بە عەمودەکانەوە عاقڵ و سەلار و دەمبەخەندەن، هەندێکیان وەک تەلەبەیەکی عاقڵ لە کاتی وریابن دا قۆڵیان بە ورگیانەوە نوساندووە، دەست کاریگەری هەیە، هەندێکیان نازانن چی لە دەست بکەن، بەڵام لە پارلەمان دەستەکان ئەو کاتە بەرز دەکرێنەوە یان دادەگیرێن کە پارتەکەیان دەیانەوێت.
عەموودی کارەبا وەزیفەی دیارە، ڕووناکی دەگوازێتەوە. ئایا کاندیدەکان ڕووناکی دێنن یان دەبنە بەڵایەکی تر؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی