گۆڕان‌و نەوەی نوێ

22/04/2018

سەردار عەزیز

مەبەستم لە نەوەی نوێ، نەوەی پاش ڕاپەڕینە نەك جوڵانەوەی نەوەی نوێ، مەبەستم لە گۆڕان تەنیا بزوتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵكو گۆڕان وەك ئاكتێك.

هەمومان لە ماڵەكانماندا دەیانبینین، برا و خوشكەكانمان، خاوەنی بڕوانامەیەك و مۆبایلێك و كۆمەڵێك خەونی هەڵبزڕكاون. ڕۆژگارەكان بە سەریاندا تێدەپەڕێت و هەتا بێت زانكۆ دەبێتە یادەوری و فەیسبوك دەبێتە نیشتمان و داهاتوو دەبێتە مۆتەكە.

ئەم نەوەیە دۆخێكی ئاڵۆزی هەیە، ئەمانە ئاشنان بە دونیا و بەڵام لێی مەحرومن. دونیا و جوانیەكانی خۆی لە بەردەمیاندا نمایش دەكات و ئەمان ناتوانن بەشێك بن لێی. ئەگەر بۆ نەوەكانی پێشوو چاكسازی بژاردەبوو ئەوا بۆ ئەم نەوەیە تەنها یەك بژاردە هەیە ئەویش گۆڕانكارییە.

بۆیە ئەم نەوەیە گۆڕانخوازن. ئەو گۆڕانكارییەی ئەمان دەیخوازن بە ڕستەی ئامادەكراو و خەونی كۆشكە سپیەكان و گەشەپێدانی كەرتی تایبەت و رەفاهیەت دەستەبەر نابێت. 

ئەم دیاردەیە لە ئەدەبیاتی ئابوری سیاسیدا بە هەڵاوسانی گەنجان ناسراوە youth bulge بەمانای ئەوەی كە ئەوەندە گەشەی ئابوری هەیە كە رێژەی مردنی مناڵان كەمدەكاتەوە بەڵام ئەم گەشە ئابوریە ئەوەندە نیە كە بتوانێت كاریان بۆ دەستەبەر بكات. لە ئەنجامدا هەڵاوسانێك لە رێژەی گەنجاندا دروست دەبێت. ئاشكرایە كە زۆرینەی كۆمەڵگای كوردی گەنجە، خوێندەوارە، بەڵام بەرەو داهاتویەكی تاریك هەنگاو دەنێت. ئەگەر ئەمرۆ ئابوری هەرێم لە نێوان گەندەڵان و موچەخۆراندا بەشكراوە، ئەوا ئەمان نە دەتوانن بچنە ریزی گەندەڵانەوە و نە دەتوانن ببنە موچەخۆر. بۆیە رێگای خێرا نەهێشتنی گەندەڵیە لە گەڵ شەن و كەوكردنی موچە.

خەمی ئەم نەوەیە هی ئەوە نیە بكرێتە بابەتی سیاسی لە لایەن كەسانێكەوە كە ئەلف و بێی ئەدەبیاتی ئابوری سیاسی و گەشە و حوكمداری و ئابوری نازانن و وڵاتیان لێبوە بە پرۆژەیەكی وەبەرهێنان بە تامی حكومەتی هەرێم. خەمی ئەمانە مەترسی ئاسایشی ڕاستەقینەیە لە سەر كۆمەڵگای كوردی. بەبێ دەستكاری ڕادیكاڵانەی ئابوری سیاسی و سیستەمی حوكمرانی و گشت كایەكی كۆمەڵگا بۆ دابینكردنی دەرفەتی كار و بواری فشار و بوون بە بەشێك لە كۆمەڵگا، كێشەی ئەمانە چارەسەر نابێت.

ئەم نەوەیە، كە ئێستا لە كونجی ماڵەكاندا بە پانتۆڵێكی دەرقاچە تەسكەوە سەری بە سەر مۆبایلەكەیدا شۆڕ دەكاتەوە سبەینێ هەست بە نامۆ بوون دەكات. 

ئەمانە گۆڕانخوازن بە تامی شۆڕش، بەڵام كە گەشتە ئاستی ئەوەی شۆڕش بكەن خۆیان و ئەوانیتریش دەسوتێنن. دواین بەناو شۆرش لە ڕۆژئاوا روداوی ١٩٦٨ بوو كە ئەمرۆژانە یادی پەنجا ساڵەیەتی، دواین شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهاری عەرەبی بوو، هیچ كامیان هیچی باشی نوێیان نەهێنا.

ئەو پزیسكەی كە سبەینێ دەبێتە ئاگرێك، دەبێت بكرێتە وزەی دونیایەكی جیاواز لە هەموو ئاستەكاندا، ئەگینا قەدەری ئێمە قەدەرێكی سەختە.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی